تاڵیبان هەڵمەتی سەرکوتکردنی ئارایشتگا نهێنییەکانی قژی ژنان دەستپێکرد

لە کاتێکدا تاڵیبان سنووردارکردنی ژنانی ئەفغانی توندتر دەکات، وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری بزووتنەوەکە، ئارایشتگاکانی هۆشداری داوە کە دەستبەجێ کارەکانیان ڕابگرن، یان ڕووبەڕووی دەستگیرکردن ببنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ڕۆژی ٣٠ی ئاب بڵاویکردەوە، تاڵیبان داوای لە سەرۆک خێڵە ناوخۆییەکان کردوە، ئەو ئارایشتگایانە دەستنیشان بکەن کە بە نهێنی لە ماڵەکانیاندا کاردەکەن و ڕاپۆرتیان بدەنە دەسەڵاتداران، وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و خۆپاراستن لە خراپەکاری ئارایشتگاکانی ئاگادارکردۆتەوە کە دەستبەجێ کارەکانیان ڕابگرن ئەگەرنا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن ببنەوە.

 

ئەمەش دوای سیاسەتی تاڵیبان دێت لە ساڵی ٢٠٢٣، کاتێک بە فەرمی فەرمانی داخستنی سەرجەم ئارایشتگاکانی جوانکاری ژنانی دەرکرد و مۆڵەتەکانیان لێسەندەوە، پێش قەدەغەکردنەکە، نزیکەی ١٢ هەزار ئارایشتگای جوانکاری لە سەرانسەری ئەفغانستان کاریان دەکرد، کە زیاتر لە ٥٠ هەزار ژن هەلی کاریان دابین دەکرد.

 

سەرەڕای داخستنی فەرمی، زۆرێک لە ئارایشتگاکان بەردەوام بوون لە کارکردن بە شێوەیەکی نهێنی لە ماڵەکانیانەوە، ژمارەیەکی سنووردار لە کڕیارە متمانەپێکراوەکانیان وەرگرت، بەڵام تاڵیبان ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە تەنانەت ئەم چالاکییە نهێنییانەش بە تەواوی نەهێڵێت.

 

لەوەتەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، بزووتنەوەکە سنووردارکردنی بەرفراوانی بەسەر ژناندا سەپاندوە، لەوانە قەدەغەکردنی خوێندنی ژنانی گەنج لە دوای پۆلی شەشەم، ڕێگریکردن لە چونە خوێندنگەی ژنانی گەنجی خوێندکار، قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە کەرتی حکومی و تایبەتدا، سنووردارکردنی گەشتکردن بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو، قەدەغەکردنی ژنان لە پارک و گۆڕەپانی یاریکردن و زۆرێک لەبۆشای گشتی و بێبەشکردنی ژنان لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.

 

قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ئارایشتگاکاندا بەشێکی دیکەی سیاسەتی هەمەلایەنەی تاڵیبانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنانی لە کۆمەڵگە دوورخستنەوە و پەراوێزیخستن، ئەم بڕیارە نەک هەر بژێوی هەزاران خێزانی خستۆتە مەترسییەوە، بەڵکو داخستنی ئەو ئارایشتگایانەش بەشێکە لە سیاسەتی تاڵیبان بۆ زیاتر گۆشەگیرکردن و سنووردارکردنی ژنان.