تاڵیبان پێنج ژنی سزا داو ژمارەیەکی دیکەشی دەستگیر کرد
تاڵیبان هەڵمەتی دەستگیر کردن و زیندانییکردنی ژنانی ئەفغانستانی چڕتر کردووەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، لە لایەن دادگای باڵای تاڵیبان پێنج ژن سزا دران و ژمارەیەک ژنیش دەستگیر كران.

ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی ژنانی ئەفغانستان سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕایگەیاند، لە لایەن دادگای باڵای تاڵیبانەوە پێنج ژن لە سنووری پارێزگای سەرپۆلی ئەفغانستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر هەر یەکەیان سزای لێدانی ٢٠ بۆ ٣٥ قامچی و شەش مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانییکردن سزا دراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تاڵیبان قامچی لە ٨٠ ژن و پیاو لە سەرانسەری ئەفغانستان بە پاساوی جۆراوجۆر داوە.
باس لەوەشکراوە، لە پارێزگای کابوولی ئەفغانستان لە لایەن کارمەندانی فەرمانگەی”بەرزکردنەوەی چاکە و نەهیشتنی خراپە” دەیان ژن بەهۆی نەبەستنی نیقاب، دەرکەوتنی قژ و لەپێ نەکردنی گۆرەوی دەستگیر كراوە.
دەشڵێن: ئەمڕۆ کەسوکاری ژنانی دەستگیرکراو چوونەتە بەردەم فەرمانگەکە، بەڵام تاڵیبان وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ئیدانەی سزادانی جەستەیی و ئەشکەنجەدانی گومانلێکراوان دەکەن و داوایان لە تاڵیبان کردووە کۆتایی بەم هەڵمەتە بهێنن. هەروەها لەوەتەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە ئەفغانستان ژنان لە بارودۆخێکی ناهەموواردان و لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە چەوساندنەوەدان و بە پاساوی پابەندنەبوون بە یاساکانی تاڵیبان دەستگیر دەکرێن و لە زیندانەکان ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرێن.