تاڵیبان دیسان ناوەندەکانی زمانی بیانی بۆ ژنان لە هەرات دادەخات

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی تاڵیبان هەڵیانکوتایە سەر چەند ناوەندێکی زمانی بیانی بەهۆی وانەوتنەوەی ژنانەوە و دایانخست، هەنگاوێکیش نیگەرانییەکانی زیاتری کردوە سەبارەت بە زەوتکردنی زیاتری ژنان لە مافی خوێندن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان، بێبەشکردنی سیستماتیکی ژنان لە خوێندن، مەترسی لەسەر داهاتوی ئەفغانستانی دروست دەکات، کە زیاتر لە ٣٤ ملیۆن کەس لە هێڵی هەژاریدا دەژین، بۆیە گەشەسەندن و سەقامگیری تەنها بە بەشداری چالاکانەی ژنان بەدی دێت.

 

سەرچاوە خۆجێییەکان لە هەرات بڵاویانکردەوە، کە هێزەکانی تاڵیبان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا هەڵیانکوتایە سەر چەند ناوەندێکی زمانی بیانی و دایانخستوە، چونکە ئەوان ژنانیان فێر دەکرد، ئەم هەنگاوەی تاڵیبان دوای دوو ڕۆژ لە هەڕەشەی دەستگیرکردنی مامۆستایانی پیاو لەسەر وانە وتنەوە بە ژنان هاتە ئاراوە، نیگەرانی خێزان و خوێندکارانی دروستکردوە، بەو پێیەی ناوەندەکانی خوێندنی ئەهلی یەکێک بوون لەو دەرفەتە کەمانەی کە ژنان بۆ درێژەدان بە خوێندنیان هەیانبوو دوابەدوای ئەو سنووردارکردنە بەرفراوانەی پەروەردەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە سەپێندرا.


لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی ٢٠٢١، ژنان ڕوبەڕوی توندترین سنووردارکردن بوونەتەوە، داخستنی خوێندنگەکانی دەرەوەی پۆلی شەشەم و دوورخستنەوە لە زانکۆکان و داخستنی ناوەندەکانی خوێندنی ئەهلی، خوێندنی ملیۆنان ژنی ئەفغانی پەکخستووە.

 

پەروەردە تەنها مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو گرنگترین ئامرازە بۆ بەهێزکردنی ژنان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵات، بەڵام تاڵیبانی بناژۆخواز بە ئاماژەدان بە بیروباوەڕی ئایینی و نەریتی تایبەت، نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستانی لەو مافە بێبەش کردوە.

 

بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن دەرئەنجامی خراپی بۆ ژنان و ئابووری ئەفغانستان دەبێت، ژنان بەبێ خوێندن و لێهاتوی، هەلی کاریان لەدەست دەدەن، کە ئەمەش قەیرانی بژێوی ژیانیان گەورەتر دەکات، ئەم بێبەشبوونە ڕێگری دەکات لە فێربوون و بەشداری چالاکانەیان لە کۆمەڵگەدا، کە ئەمەش سووڕی دواکەوتوی کولتووری و ئابووری قوڵتر دەکاتەوە.