"سیستمی خۆبەڕێوەبەریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوترینە"

ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمیتەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، سیستمی خۆبەڕێوەبەریی بە هەموو پێکهاتەکانی و کۆمەڵە و ئەنجومەن و سەرکردایەتییەوە کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، گونجاوترینە بۆ ژنان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست.

زەینەب عیسا

 

 قامیشلۆ- لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشە، ڕووداوەکان لە ژێر پەردەی "هێرشی کەسایەتی"دا شتێکی نامۆ نییە، تاوانی کوشتن و ڕفاندن و لێدان و ئەشکەنجەدان ئەنجام دەدرێت، لە هەمانکاتدا چەندین کردەوە و تاوان دژی پێکهاتە و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجام دەدرێن، چەندین وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە هێرشی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر کڵێسا و شوێنە پیرۆزەکان نیشان دەدەن.

 

 ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمیتەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بەم پرسە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

 ڕۆهات خەلیل لە سەرەتادا ڕایگەیاند، کێشەی سەرەکی لە سووریا کە بووە هۆی داڕمانی ئەو وڵاتە، بووەتە ناتەبایی پێکهاتەکان و وتیشی: دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ ڕووی نەداوە، گۆڕانکارییەکە تەنها لەسەر ئاستی تاکەکەسی ئەنجامدرا،  کۆی گشتی کوژراوانی ئەم شەڕە لە سووریا زۆرە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەرییدا نین، یەکەم هۆکاری ئەمەش قبوڵنەکردنی هەموو ئایین و نەتەوەکانە، کێشەی سەرەکی کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی سووریا، ناتەبایی ئەوان بوو، بینیمان دوای داڕمانی ڕژێم، شەڕێکی زۆر توند لە نێوان ئەو پێکهاتانەدا هەڵگیرسا و ئەم ململانێیەی نێوانیان بە توندترین شێوە بەردەوامە، ئەگەر یەکێتی لە نێوان ئەم پێکهاتانەدا بەدی نەهێنرێت، مەترسی لەسەر سووریا زیاتر دەبێت.

 

 'لە ئێستادا پارێزراوترین شوێنەکانی سووریا ئەو ناوچانەن کە لەژێر چاودێری خۆبەڕێوەبەریدان"

 ڕۆهات خەلیل لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، تا دەستوورێک بۆ سووریا دانەنرێت، مەترسییەکان زیاتر دەبن و وتیشی: لە ئێستادا پارێزراوترین شوێنەکان لە سووریا ئەو ناوچانەن کە لە ژێر چاودێری خۆبەڕێوەبەرییدایە،  تا دەستوورێکی نوێ لە سووریا دروست نەکرێت، ڕەنگە ئەم مەترسی و گێژاوەی ئێستا بەردەوام خراپتر بێت، ئەم پێکهاتانە کە هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکە پێکەوە دەژین، هەموویان مافی خۆیانە لەم دەستوورەدا جێگەی خۆیان بگرن.

 

 'ژنانی سووریا مافی ئەوەیان هەیە بخرێنە ناو ئەم دەستوورەوە'

 لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕۆهات خەلیل باسی لە داهاتووی ژنانی سووریاش کرد و ڕایگەیاند، ژنانی سووریا مافی خۆیانە لەم دەستوورەدا جێگەی خۆیان بگرن و وتی: لەم دەستوورەدا کە دروست دەکرێت، ژنانی سووریاش دەبێت چالاکانە جێگەی خۆیان بگرن، و ئەم سیستمە بگرنە بەر، ژنانی سووریا ڕۆڵێکی گرنگیان لە مێژوودا بینیووە و پێشەنگایەتی کۆمەڵگەکەیان کردووە،  سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی گونجاوترینە بۆ ژنان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستەمێک کە هەموو پێکهاتەکان لە ڕێگەی کۆمەڵە و ئەنجومەن و سەرکردایەتی ژنانی ئەم کۆمەڵگایەوە بەڕێوەدەبرێت، ژنانی سووریاش دەبێ مافی ئەوەیان هەبێت کە ڕۆڵ و ئەرکێکی یەکسانیان هەبێت.