سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: مانگرتن لە هەفتەی ١٣٠یەمدا لە ٥٩ زینداندا بەردەوامە
بەپێی ڕاگەیاندراوی هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨٠ زیندانی لە ئێران لەسێدارە دراون، مانگرتنەکە لە هەفتەی ١٣٠یەمدا لە ٥٩ زینداندا بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی iسێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدانi لە ١٣٠ـەمین هەفتەی خۆیدا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨٠ زیندانی لە گرتووخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها سەدان زیندانی بە تۆمەتی گشتی بەبێ ئاگاداریی خۆیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و زۆرێک لە سزاکانیش ڕۆژانە جێبەجێ دەکرێن.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەسەڵاتی دادوەریی ڕژێمی ئێران، لە هەفتەی ڕابردوودا جارێکی دیکە چوار زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی «عارەف خۆشکار، محەمەد ئەمینی دەهاقانی، عیرفان ئەسفەندیاری و گوڵمحەمەد محەمەدی» بە شێوازی سەدەکانی ناوەڕاست لەسێدارە داوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، مانگرتنەکە لە بەشێکی زۆر لە گرتووخانەکانی ئێران و هەروەها گرتووخانەکانی کرماشان، ورمێ، سەڵماس، خۆی، نەغەدە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، بانه، مەریوان، سنە، کامێران و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەک ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.