شێرین کە شەهیدبوونی ڕاگەیاندرابوو باسی بەدیلگرتن و فێڵەکانی هەتەشە دەکات
شەڕڤانێک بە ناوی شێرین کە شەهایدبوونی ڕاگەیانرابوو و بۆی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن ئامادە کرابوو، ناوی لە لیستی شەڕڤانە دیلگیراوەکاندا دەرکەوت و ئازاد کرا. شێرین حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، لە دژی هەوڵەکانی سیخوڕکردن لە زینداندا بەرخۆدانی کردووە و بێهیوا نەبووە.
سۆرگول شێخو
قامشلو – شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژن شێرین حەسەن، کە لە کاتی هێرشەکانی توندڕەوانی هەیئەتی تەحرری شام بۆ سەر شاری ڕەقە، لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا دیلگیر کرابوو، لە یەکەمی پووشپەڕدا لەگەڵ ٢٧ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژن ئازاد کرا.
چیرۆکی شێرین وەک زۆر چیرۆک و ئەزموونی تری شەڕەکانی سەر کوردستانی دابەشکراو وایە. سەرەتا ناسنامەی وەک شەهید لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە بڵاوکرایەوە، پاشان ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ ئامادە کرا، بەڵام دواتر زانرا کە لە دەستی هەیئەتی تەحرری شامدا دیلگیرە.
شێرین حەسەن بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە ئەزموون و وردەکارییەکانی دیلگیربوونی خۆی و ئەو زیندانانەی تێیاندا گیرابوو کرد.
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بوو...
شێرین کە لە ١٨ی کانوونی دووەمیی ئەمساڵدا دیلگیر کرا، وردەکارییە سەرەتاییەکانی ڕووداوەکە بەبیر دەهێنێتەوە و وتی:
ئێمە لە ڕەققە بووین، نزیکەی ١٢ شەڕڤانی ژن و ١٢ گەنج بوون. تا کاتژمێر ی ئێوارە بەرگریمان کرد بەڵام چارەسەر نەبوو. ئەو گوندیانەی هێرشیان دەکردە سەرمان، لە دەوروبەرمان کۆدەبوونەوە و ئەگەری ڕزگاربوون زۆر کەم بوو. لێرەدا دەستمان کرد بە ئامادەکاری بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی خۆمان. جلە مەدەنییەکانمان لەبەر کرد و چەک و کەرەستەکەمان هەڵگرت و لە ناو زەویدا بڵاومان کردەوە. بە هیوای ئەوەی بگەینە شوێنی هاوڕێکانمان و بتوانین ڕزگار ببین. نزیکەی چوار تا پێنج کاتژمێر ڕامانکرد. لەو ماوەیەدا هەوڵمان دا ئۆتۆمبێلێک بوەستێنین بۆ ئەوەی بمانگەیەنێت بە هاوڕێکانمان، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە هی چەتەکان بوو. پەنامان بردە بەر بینایەک و لەوێ تا کاتژمێر دووی نیوەشەو بەرگریمان کرد. دواتر گوندی و هۆز و عەشیرەتە عەرەبەکان لە دەوروبەرمان کۆبوونەوە. کەوتینە ناو گەمارۆ، بانگیان لێدەکردین و دەیانگوت وەرن خۆتان ڕادەستی ئێمە بکەن، بەڵام ئێمە خۆمان ڕادەستی ئەوان نەکرد.
بڕیاری کرداری فیدایی
شێرین ئەوەیخستەڕوو کە دوای ئەوەی ٢٤ هاوڕێکەیان کەوتنە ناو گەمارۆوە، بڕیاری کرداری فیدایی دەدەن و وتی: شوێن لێمان تەنگ دەبووەوە، بڕیارمان دا کرداری فیدایی ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەوینە دەست چەتەکان. تا دوا ساتەکان لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ فەرماندەیی، بەڵام دواتر دیلگیر کراین. دوای دیلگیرکردنمان، چەتەکان گواستیانەوە بۆ زیندانی حەلەب. لەوێ پێیان گوتین سێ یان چوار ڕۆژ تر دەردەچن، بەڵام مانگ بەسەرماندا تێپەڕی.
زیندانی حەلەب؛ توندوتیژی دەروونی و ئەشکەنجە بە کارەبا
شێرین ساتەکانی سەرەتای زیندانییەکەی بەبیرهێنایەوەو وتی: کاتێک بردیانین بۆ زیندان، ڕوومان لە دیوار کرد، دەستەکانمان بەسترا بوون و لەسەر چۆک دانیشتبووین. زانیارییەکانمانیان وەرگرت، بەڵام ئێمە زانیارییە هەڵەمان دەدا. دواتر ژن و گەنجەکانیان لێک جیای کردینەوە،نۆ هاوڕێی ژن پێکەوە مانەوە و نۆ٩ گەنجیشیان برد بۆ ژوورێکی تر. هەر لە سەرەتاوە شەش شەڕڤان دوای ئێمە مابوون، سێ ژن و سێ گەنج کەوتبوونە دەست هەیئەتی تەحرری شام. پاشان بردیانین بۆ لای ژووری دیلگیرەکانی ئاسایشی ژن و ژمارەمان بوو ٢٨. بەڵام لە بارەی هاوڕێ گەنجەکانەوە ئاگادار نەبووین، نازانین چەند کەس مابوون و چەند کەس دەربچوون. توندوتیژی زارەکی و دەروونی بەردەوام بوو. هەموو کات چەتەکان هاوار دەکردن بەسەرماندا، مشتەکانیان لە دەرگاکان دەدا و هەوڵیان دەدا بترسێنین. لە دوا لێپرسینەوەدا زانیارییە ڕاستەکانمان دا، بەڵام چونکە لە سەرەتا زانیارییە هەڵەمان دابوو، توندوتیژی جەستەییان بەرامبەرمان بەکار هێنا و زلەیان لێدان. هاوڕێ گەنجەکانیان بە کارەبا ئەشکەنجە دەدا. هەموو ڕۆژێک هاوڕێ گەنجەکانمان بە ئەشکەنجە هۆشیان دەهاتەوە.
جیاکردنەوەی دیلگیرەکان و هەوڵی سیخوڕکردن
شێرین ئاماژەی بەوەکرد شەڕڤانە ژنە گەنجەکان و ئەوانەی تەمەنیان گەورەتر بوو لێک جیایان کردووەتەوەو وتی: نزیکەی سێ مانگ و نیومان پێکەوە بووین، پاشان ١٣ ئەندامی ئاسایش کە زۆربەیان دایک و تەمەنیان گەورەتر بوو، لێمان جیایان کردەوە و بردیان بۆ زیندانی ئیدلیب. شەڕڤانە گەنجەکانیشیان برد بۆ زیندانی زانکۆی حەلەب. لەو ساتانەدا تێگەیشتین کە یاری لێمان دەکەن بۆ ئەوەی خۆمان ڕادەستیان بکەین. لە دوا لێپرسینەوەدا زیاتر لە ١٠ جار پێیان گوتم: خۆت ڕادەستی ئێمە بکە، وەرە ملکەچی ئێمە ببە، ئێمە دەوڵەتی سوورین، وەرە لەگەڵمان کار بکە، دواتر دەچیت بۆ لای خێزانەکەت. هەوڵیان دا بە پێشکەشکردنی هەندێک دەرفەت من بکەنە سیخوڕ، بەڵام ئێمە لەسەر بڕیارەکەی خۆمان سوور بووین و نیشانمان دان کە خیانەت ناکەین. هاواریان دەکرد و دەیانگوت: ئەگەر ئۆجالان بانگتان بکات، دەڕۆن. دەیانگوت هاوڕێکانتان فرۆشتیانن و پرسیارتان ناکەن. بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا ئیرادەمان بشکێنن و ڕاماندەستیان بکەن. بەڵێ، ئێمە باوەڕمان نەدەکرد، چونکە هاوڕێ و دوژمنەکەی خۆمان باش دەناسین. بۆیە لە زینداندا قسەی هەموو شەڕڤانان لە هەموو لێپرسینەوەکاندا یەک بوو. هەر بۆیەش نەیان دەتوانی نهێنییەکانمان دەربکەن. لە ناو زیندانیشدا خۆمان ڕێکخستبوو.
دەمانزانی هاوڕێکان بۆ ئازادکردنمان کار دەکەن
شێرین وتەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بەبیر دەهێنێتەوە کە هیوا لە سەرکەوتن بەنرخترەو وتی: ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت هیوا لە سەرکەوتن بەنرخترە، چونکە کاتێک هیوای مرۆڤ ببڕدرێت، مرۆڤ نامێنێت. ئێمە هیوامان هەبوو، دەمانزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان دەردەچین. تەنانەت ئەگەر ١٠ ساڵیش بمایەن، لە کۆتاییدا ئازاد دەبین. هیواکانمان نەبڕی، چونکە دەمانزانی هاوڕێکان بۆ ئازادکردنمان کار دەکەن و دەرمان دەهێنن. کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین، ئەو هاوڕێیانەی پێشوازییان لێکردین گوتیان شەهادەتی ئێوەمان ڕاگەیاندبوو. کاتێک خێزانەکەم بینی، خۆشییەک بوو کە بە زمان باس ناکرێت.
حکومەت تەنها لە بارودۆخێکدا ژنان دەناسێت
شێرین ئاماژەی بەوەکرد پێویستە ژنان دەست لە تێکۆشانی خۆیان هەڵنەگرن و ملکەچی حکومەتی کاتی نەبن و وتی: ئامانجی حکومەت ئەوەیە ژن لە ناو خێزاندا بمێنێتەوە، هاوسەرگیری بکات و هەمیشە ملکەچ بێت. لە زیندانیشدا پێیان دەگوتین: بڕۆن هاوسەرگیری بکەن و بخوێنن، ئێوە لە ناو هاوڕێکانتاندا چی دەکەن؟ هەمیشە هەوڵیان دەدا تێکۆشانەکەمان بچووک بکەنەوە، بەڵام ئێمە هەمیشە سەربەرز دەبین و بۆ ئەو سەربەرزییەش بەردەوام لە هەوڵدانین.
داواکاری ناساندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن
شێرین داوای کرد یەکینەکانی پاراستنی ژن لەلایەن حکومەتی کاتییەوە بناسرێت و وتی: بە بوون و ناساندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن، خۆمان سەربەرز دەبینین و ئەو شەهیدانەش کە گیانیان بەخشیوە، ئامانجەکانی تێکۆشانەکەمان نیشان دەدەن. پێویستە حکومەتی کاتی یەکینەکانی پاراستنی ژن بناسێت و بزانێت چەند قوربانییەکی گرانبەهایان داوە.