ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ نەخۆشانی زەهایمەر ئومێدبەخشە

توێژەران لە ئەمەریکا ڕێگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە، یارمەتی کەمکردنەوە و نەهێشتنی نەخۆشی زەهایمەر دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە چاندنی خانە بنەڕەتییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو نیشانانەی کە پەیوەندییان بە نەخۆشی زەهایمەرەوە هەیە.

 

توێژەران لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر مشکی تووشبوو بە نەخۆشی زەهایمەر ئەنجامداوە، لەوێدا خانە بنەڕەتییە تەندروستەکانیان چاندووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم ڕێکارە بەشداربووە لە باشترکردنی بیرەوەری و کارەکانی ژیری پەیوەست بە مێشک، هەروەها هەوکردنی دەمار و کەڵەکەبوونی پڕۆتینی زیانبەخشی "بیتا-ئەمیلۆید"ی کەمکردوەتەوە.

 

لە لێدوانێکدا لەسەر توێژینەوەکە، نووسەری سەرەکی و مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیا لە قوتابخانەی پزیشکی، ستیفانی چێرکی، وتی: "زەهایمەر نەخۆشییەکی ئاڵۆزە، ئەنجامی تاقیکردنەوە و کارەکانمان دەریدەخەن کە چاندنی خانە بنەڕەتییە خوێندرووستکەرەکان و خانە پێشینەکانی دەمارەکان توانای ڕێگریکردنیان لە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی زەهایمەر هەیە، سەرکەوتنی ئەگەری ئەم چارەسەرە بەندە بە کاریگەرییەکەی لەسەر مایکرۆگلیا کە جۆرێکە لە خانەی بەرگری لە مێشکدا."

 

بەپێی گۆڤاری پزیشکی Cell Reports، هەوکردن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی پرۆتینی بێتا-ئەمیلۆید، کە بەشدارە لە پەرەسەندنی نەخۆشی زەهایمەر بەهۆی کاریگەری پڕۆتینەکە لەسەر خانەکانی مێشک و ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی خوێن بۆی.

 

بە وتەی توێژەران، چاندنی خانە بنەڕەتییەکان دەتوانێت ئاسانکاری بۆ دروستبوونی مایکرۆگلیای نوێ و تەندروست بکات، بەمەش پێشکەوتن و نیشانەکانی نەخۆشی زەهایمەر کەمدەکاتەوە.

 

توێژەران داوای لێکۆڵینەوەی زیاتریان کرد بۆ ئەوەی قووڵتر بچنە ناو میکانیزمەکانی پشت کاریگەری چارەسەرە نوێیەکە.