ژنێک بە بێ حیجاب لە پرسەی باوکی وتار پێشکەشدەکات

ماهور ئەحمەدی کچی "ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی" شاعیر، نووسەر و هونەرمەند لە مەراسیمی پرسەی باوکیدا بەبێ حیجابی زۆرەملێ وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی پێنجشەممە، ماهور ئەحمەدی کچی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند "ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی" کە ڕۆژی سێشەممە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، سەرەڕای دژایەتی بەرپرسانی سەنتەری گەشەپێدانی هزری منداڵان و هەرزەکاران، بەبێ حیجابی زۆرەملێ وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە باوکی بە ناچاری لەم ناوەندە خانەنشین بووە و لەپاڵ هیچ دەسەڵاتێکەوە ناوەستێت.

 

لە گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکەی وتارەکەی ماهور ئەحمەدی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت باوکی "هەرگیز نانی سیاسەتی نەخواردووە، بەڵکو زۆرترین شیعری سیاسیی نووسیوە".

 

ئەحمەدرەزا ئەحمەدی لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ ناوەندی گەشەی فیکری منداڵان و هەرزەکاران کارەکانی دەستپێکرد، لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی موزیکی و دەنگی شاعیرانی ناوداری ئێراندا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو،  ئەم شاعیرە لە ساڵی ١٩٩٤ وتبووی کە "وەک سووکایەتییەک" خانەنشین بووە.

 

ئەحمەدرەزا ئەحمەدی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی ڕۆژی سێشەممە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەم شاعیرە لە ساڵانی ڕابردوودا نەخۆش بوو و چەندین جار بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە خەوێندرا.

 

لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری کرمان لە دایکبووە و لە ساڵانی ١٩٦١ بە یەکێک لە شاعیرانی شێوازی بەناو "شەپۆلی نوێ" دادەنرا.

 

ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک شاعیری هەڵبژێردراوی چاپی پێنجەمی خەڵاتی شیعری بیژەن جەلالی هەڵبژێردرا، دوای سێ ساڵ لەلایەن ئەنجومەنی کتێبی منداڵانی ئێرانەوە وەک کاندیدێک بۆ خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسۆن کاندید کرا.