شارێک لە یەمەن دەبێتە ناوەندی پەتای کۆلێرا

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە شارەکانی حەجا و حودەیدە کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندان تۆمارکران و بووەتە ناوەندی پەتای کۆلێرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بەردەوامی شەڕی یەمەن و زیادبوونی حاڵەتەکانی ئاوارەبوون لە نێو خەڵکدا و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەدخۆراکی توند، شەپۆلی پەتای کۆلێرا دووبارە دەرکەوتوەتەوە و دوای زۆرێک لە شارەکان دووبارە بڵاوبووەتەوە دەیان حاڵەتی تۆمارکراوە.

 

سەرچاوە پزیشکییەکانی یەمەن دوێنێ بڵاویانکردەوە کە پەتای کۆلێرا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە یەمەن و بە شێوەیەکی ترسناک لە شارەکانی حەجا و حودەیدە بڵاوبووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە شاری حەجا کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە و بووەتە ناوەندی پەتاکە، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان پشتگوێ خراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە نەخۆشی کۆلێرا لە شاری حەجا تۆمارکراوە، کە ڕۆژانە لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ حاڵەت تۆماردەکرێت، سەرجەمیان دوای پشکنینی تاقیگەیی تووشی کۆلێرا بوون، هەروەها زۆرینەی توشبووانی کۆلێرا لە ناوچەی ئەبسەوە، کە کەمپی ئاوارە لەخۆدەگرێت و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان نییە.

 

دووپاتیکردەوە کە قەزاکانی دیکەش هەن، وەک "کەیدنە" لە شاری حەجا، کە نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، بەڵام "پزیشکانی بێ سنوور" ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابینکردنی چاودێری پزیشکی.

 

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ڕۆژانی جەژندا حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەو پێیەی دەیان حاڵەت لە نەخۆشخانەکانی حودەیدە تۆمارکراون دوای ئەوەی دەرکەوتووە کە تووشی سکچوون و تا بوون، لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە مەترسی بڵاوبوونەوەی گەورەی نەخۆشی کۆلێرا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان.

 

ئیدەم و سورنو، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆن و داکۆکی لە فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی OCHA، باسی لەوەکرد ئێستا یەمەن ڕووبەڕووی دوو پرسی گەورە بووەتەوە، کە بریتین لە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی کۆلێرا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەدخۆراکی توند، ئاماژەی بەوەدا بەرزبوونەوەی ئەم حاڵەتانە نیگەرانی دروست دەکات، بەڵام وەڵامدانەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ٧ی نیسان زیاتر لە ١١ هەزار حاڵەتی گومانلێکراو لەم ناوچانەدا تۆمارکراون، نزیکەی ٣٢٠٠ حاڵەتی گومانلێکراو لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندا تۆمارکراوە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە حاڵەتە گومان لێکراوەکانی توشبوون بە کۆلێرا لە شاری تەیز گەیشتووەتە ٣٧٤ حاڵەت کە ١٢٢ حاڵەتیان دڵنیابوونەتەوە لێی.