پێنج ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتدا... چۆن بەرژەوەندییە گەورەکان گەڕانەوەی تاڵیبانیان دروست کرد؟

سەنا عەلی

 

تێگەیشتن لە گەڕانەوەی تاڵیبان تەنیا سنووردار نییە بە سروشتی بزووتنەوەکە یان لاوازیی دەوڵەتی ئەفغانی، بەڵکو پێویستی بەوەیە سەیری ئەفغانستان بکرێت وەک پێگەیەکی ستراتیژیی کە دەکەوێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکانی چین، ڕووسیا، ئێران، پاکستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەم تێڕوانینەوە، ئەوەی روویدا دەکرێت وەک بەشێک لە دابەشکردنەوەی نەخشەی دەسەڵات خوێندنەوەی بۆ بکرێت نەک تەنها کۆتاییهاتنی جەنگێکی درێژخایەن.

 

بۆ ئەم بەرژەوەندییانە و لە ماوەی ئەو دوو دەیەیەی دوای کەوتنی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ هاتنە ئاراوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بوونی سەربازی و سیاسیی گەورەی لە وڵاتەکەدا پاراست، ئەمەش دەسەڵاتێکی فراوانی پێبەخشی لە نزیک ئەو ناوچانەی کە چین، ڕووسیا و ئێران بە "ئاسایشی نەتەوەیی" خۆیان دەزانن، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات، هاوکێشەکانی ئەمریکا گۆڕان؛ ڕکابەرایەتی لەگەڵ چین لە ناوچەی هیندۆ-پاسیفیک بوو بە یەکەمایەتی ستراتیژی، لە کاتێکدا جەنگە درێژخایەنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بوونە بارگرانییەکی سیاسی و سەربازی.

 

چین سەیری ئەفغانستان دەکات لە ڕێگەی پێگەکەیەوە لەناو پڕۆژە ئابوورییە جیهانییەکەی، سەرەڕای پرسە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بە سنوورە ڕۆژئاواییەکانییەوە، سەقامگیریی ئەفغانستان ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ بەستنەوەی بە پڕۆژەکانی ژێرخان و وزە و بازرگانی لە ئاسیای ناوەنددا، هەروەها ئەو پێش دەسەڵاتێکی ناوەندی کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی خاکی ئەفغانی و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر خاکی خۆی هەبێت، بۆیە بە ناچاریش بێت ڕازی بوو بە دەسەڵاتی تاڵیبان، چونکە ئەوە "لایەنێکی سیاسییە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بەپێی هاوکێشەی بەرژەوەندییەکان نەک سازانی ئایدۆلۆژی.

 

لەلای خۆیەوە، مۆسکۆ پێی وایە دەرچوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە پشتیوانی سەرەکیی سیستەمی پێشوو بوو، پاشەکشەی دەسەڵاتی ئەمریکا دەگەیەنێت لە ناوچەیەکدا کە بە مێژوویی لە چوارچێوەی گرنگییە ئەمنییەکانی ڕووسیادا بووە. سەرەڕای نیگەرانییە ڕووسییەکان لە گروپە توندڕەوەکان، بوونی حکومەتێکی ئەفغانی کە پەیوەندی بە ڕۆژئاواوە نەبێت، لەوانەیە وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەمریکا لە نزیک ئاسیای ناوەند.

 

سەبارەت بە پاکستان، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی پێگەیستووە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان بە درێژیی سنوورەکان و پەیوەندییە مێژووییەکان لەگەڵ لایەنە جیاوازە ئەفغانییەکاندا، پاکستان پێی وایە بوونی حکومەتێکی ئەفغانی کە دوژمنایەتی نەکات، خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی دەکات، بەتایبەت لە سایەی رکابەریی ناوچەیی لەگەڵ هیندستاندا، بەڵام پەیوەندییەکەی لەگەڵ تاڵیبان بە ئاڵۆزی ماوەوە، چونکە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ناکۆکییە ئەمنیی و سیاسییەکان ناینێژنەوە.

 

هەروەها ئێران مامەڵەی لەگەڵ سیستەمە نوێیەکەدا کرد لە ئەفغانستان سەرەڕای ناکۆکییە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی نێوانیان  تاران مامەڵەی لەگەڵ گەڕانەوەی بزووتنەوەکەدا کرد لە ڕوانگەیەکی پراگماتییەوە، کە پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکان، ئاوارەکان، بازرگانی، ڕێگریکردن لە بوونی گروپی دوژمنکارانە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا هەبوو.

 

پەناگەی سیاسیی قەتەری

پەیوەندیی نێوان قەتەر و بزووتنەوەی تاڵیبان بە یەکێک لە دۆسیە هەرە پڕ گفتوگۆکان لە سیاسەتی ناوچەییدا دەژمێردرێت لە دەیەکانی ڕابردوودا، لە سەرهەڵدانی تاڵیبان لە نەوەدەکاندا، بەسەر قۆناغی کەوتنەکەیدا دوای دەوەخالانی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠١، تاوەکو گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١، ناوی قەتەر وەک لایەنێک دەرکەوت کە رۆڵی سیاسی و دیپلۆماسیی گرنگی گێڕا لە مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوەکەدا.

 

پشتیوانانی سیاسەتی قەتەر لە بەرگریکردن لێی وتی: ئەو بژاردەی ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان لایەنە ململانێکارەکاندا هەڵبژارد، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە قەتەر پانتاییەکی سیاسی و دیپلۆماسیی بۆ تاڵیبان دابین کرد کە یارمەتی دا ئامادەبوونی نێودەوڵەتی خۆی بەهێز بکات سەرەڕای ئەوەی کە "بزووتنەوەیەکی تیرۆریستییە".

 

بە گەڕانەوە بۆ یەکەم کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەکە بەسەر وڵاتدا لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، بزووتنەوەکە سودی لە دۆخی ئاژاوەی دوای کشانەوەی هێزە سۆڤیەتییەکان و داڕمانی حکومەتی ئەفغانی وەرگرت، توانی لە ساڵی ١٩٩٦ دەست بەسەر پایتەختدا بگرێت و ئەوەی پێی دەوترا "ئیماراتی ئیسلامی" دامەزرێنێت.

 

لەو قۆناغەدا، ئەو وڵاتانەی بە فەرمی دانیان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نا زۆر سنوردار بوون، دیارترینیان پاکستان و سعودیە و ئیمارات بوون، سەبارەت بە قەتەر، لەو وڵاتانە نەبوو کە بە فەرمی دانی بە حکومەتی یەکەمی تاڵیباندا نابێت، بەڵام دواتر لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی نێودەوڵەتیدا دەستیکرد بە گێڕانی ڕۆڵێکی جیاواز.

 

لەو کاتەدا تاڵیبان پەیوەندی بە تۆڕە ناوچەییە فرەوانەکانەوە هەبوو، ئەو پشتگیرییەی پێیگەیشت کە بنچینەکەی لە کەناڵە پەیوەندیدارەکانی ژینگەی ئەفغانی و پاکستانییەوە سەرچاوەی گرت، نەک لە قەتەرەوە وەک دەوڵەتێکی ئاشکرا. بەڵام دوای داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و کەوتنی دەسەڵاتی تاڵیبان، بزووتنەوەکە گواستیەوە بۆ خەباتی چەکداری دژی هێزە ئەمریکییەکان و حکومەتی نوێی ئەفغانی، بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی تێگەیشتن کە کۆتاییهاتنی جەنگ پێویستی بە ڕێڕەوێکی سیاسی هەیە، گەڕان بەدوای کەناڵەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ تاڵیباندا دەستپێکرد، لێرەدا قەتەر دەرکەوت وەک وڵاتێک کە دەتوانێت میوانداری دیالۆگ بکات بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا و بەشدارینەکردنی ڕاستەوخۆی لە جەنگی ئەفغانستاندا.

 

کردنەوەی ئۆفیسێکی سیاسی بۆ تاڵیبان لە دوحە لە ساڵی ٢٠١٣ وێستگەیەکی گرنگ بوو لە مێژووی پەیوەندییەکەدا، چونکە بۆ یەکەمجار لە دوای کەوتنەوە مەکۆیەکی سیاسی فەرمی بە بزووتنەوەکە بەخشى بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش شەرعییەتی سیاسی بە تاڵیبان بەخشی وەک ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێکی میانڕەو بێت کە مافی داواکردنی گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات هەبێت، بەڕاستیش تاڵیبان سوودی لەمە وەرگرت و پێی وابوو ئۆفیسەکە ڕێگەیەکە بۆ نیشاندانی خۆی وەک لایەنێکی سیاسی و نەک تەنها گروپێکی چەکدار، هەروەها ڕێگەی پێدا پەیوەندییە دەرەکییەکانی بە شێوازێکی ڕێکخراوتر بەڕێوە ببات.

 

ڕۆڵی قەتەر گەیشتە لووتکە لەگەڵ ئەو دانوستانانەی کە بوونە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و تاڵیبان لە دوحە لە ساڵی ٢٠٢٠، کە تێیدا جەخت لە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان کرا لە ئەفغانستان لە بەرامبەر بەڵێنی ئەمنیی لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕێگەی کردەوە بۆ ئەو قۆناغەی کە بە کەوتنی حکومەتی ئەفغانی لە ئابی ٢٠٢١ کۆتایی هات، ڕەنگە ئەم رێککەوتنە بێت کە زەمینەی بۆ ئەم گەڕانەوەیە خۆشکرد.

 

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر کابولدا گرت، قەتەر بوو بە یەکێک لەو وڵاتە کەمانەی کە توانای پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەدا هەبوو، بەردەوام بوو لە گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لە دۆسیە مرۆیی و سیاسییەکاندا، هەروەها میوانداریی کۆبوونەوە پەیوەندیدارەکانی بە دۆسیەی ئەفغانییەوە کرد، بەڵام بە فەرمی دانی بە حکومەتی تاڵیباندا نەنا بە دانپێدانانێکی تەواوی دیپلۆماسی، بەڵکو کەناڵەکانی پەیوەندیکردنی کراوەی لەگەڵیدا پاراست، ئەم ڕێبازە هاوشێوەی سیاسەتی ژمارەیەک وڵاتە کە پێیان باشتر بوو مامەڵە لەگەڵ ڕاستی نوێدا بکەن نەک پچڕاندنی پەیوەندییەکان.