وۆرکشۆپی دیالۆگ بە ڕاگەیەندراوێک کۆتایی پێهات

ئەمڕۆ، لە شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “هەموومان یەپەژەین” بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار و بە بەشداریی ژنان و ئەندامانی یەپەژە وۆرکشۆپێک بەرێوەچوو، کە تێیدا ژنان پشتگیرییان لە یەپەژەیان کرد.

حەسەکە

 

کەمپینی "ئێمە هەموومان یەپەژەین" کە لە ٢٦ی نیساندا لەلایەن سەکۆی چالاکییە هاوبەشەکانی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە یەکینەکانی پاراستنی ژن "YPJ" دەستی پێکردبوو. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە، مەجلیسی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک و هێزەکانی یەپەژە ۆرکشۆپێکی دیالۆگییان لە چێشتخانەی میشوار ڕێکخست.

 

لە وۆرکشۆپێکەدا دوو تەوەری سەرەکی تاوتوێ کران. تەوەری یەکەم بە ناونیشانی "بڕیاردان لە سەردەمی زۆرداریی ئایینی و یاساییدا" لەلایەن ئالا ئیبراهیم، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە و خلوود عەبدۆ، کۆردیناتۆری ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک پێشکەش کرا. تەوەری دووەمیش بە ناونیشانی "ژن و پاراستن" لەلایەن کوردستان کۆچەر، ئەندامی کۆنسەی سەربازیی یەپەژەوە پێشکەش کرا.

 

دوای ئەو گفتوگۆیانەی کە لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی یەپەژە ئەنجام دران، ڕاگەیەندراوی کۆتایی لەلایەن ئالا ئیبراهیم، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکەوە خوێندرایەوە.

 

ڕاگەیەندراوی کۆتایی بەم شێوەیەیە:

پێویستە بەندگەلی دەستووریی ڕوون هەبن کە مافەکانی تەواوی ژنان مسۆگەر بکەن و پارێزگاری لە بەشداریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییان بێ جیاوازی بکەن.

 

مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی ژنان لە کۆمیتەکانی نووسینەوەی دەستوور و لە تەواوی دامودەزگاکانی بڕیاردانی دەوڵەتدا.

 

بە فەرمی ناسینی ڕۆڵی ژنانی سووریا، تێکۆشانیان و ئەو باج و قوربانییانەی کە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە و بنیاتنانی ئاشتی و ئارامیدا داویانە.

 

پشتگیریکردن و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەستیان هێناون.

 

بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان بۆ ناساندنی فەرمیی یەپەژە  لە سووریادا.

 

ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هەر دەستوورێک یان پڕۆسەیەکی سیاسی کە دان بە مافەکانی ژنان و ڕۆڵی ڕاستەقینەیاندا نەنێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەلی سووریا بکات و ناتوانێت ئەو دادپەروەری و دیموکراسییەی کە مه‌به‌سته‌، بەدەست بهێنێت.

ۆرکشۆپێکەکە بە دروشمی "یەپەژە بوونی ئێمەیە" کۆتایی پێهات.