"رێگای پارێزراو" پرۆژەیەکە پاڵپشتی ژنانی سوریا دەکات
لە سووریا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕۆژانە دەبنەوە، پڕۆژەی "ڕێگای پارێزراو" وەک هەوڵێک بۆ پێناسەکردنەوەی پاراستن لە ڕێگەی ئامرازە یاساییە کۆنکرێتییەکان و شوێنی سەلامەت بۆ گوێگرتن و پشتگیریکردنەوە دیارە.

رەنیم عەبد
دیمەشق – لە ژینگەیەکی یاسایی ناسکدا، "ڕێگای پارێزراو" هەوڵدەدات ببێتە هێڵی ژیان بۆ ژنان، لە پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری تێدەپەڕێت، بەڵکو پشت بە هۆشیاری یاسایی دەبەستێت وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزی متمانە لەگەڵ ژنان، هەروەها پرۆژەیەکە دەرگا بەڕووی کۆمەڵگەیەکدا دەکاتەوە کە زیاتر ئاگاداری مافەکانی ژنان بێت و دەیسەلمێنێت کە گۆڕانکاری لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە گوێ لە دەنگەکان بگرین کە لەمێژە پەراوێزخراون.
لە وڵاتێکدا، کە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕەوە ماندوو بووە و هێشتا بەدەست لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنێت، ژنانی سووریا بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین جۆری توندوتیژی و هەڵاواردن، کە سیستەمێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بێتوانایە لە دابینکردنی پارێزگارییەکی گونجاو، لەناو ترسی چەواشەکاری و نەبوونی متمانە بە کەناڵە فەرمییەکان، زۆرێک لە ژنان خۆیان لە گۆشەگیری زۆرەملێدا دەبیننەوە و بارگرانییەکی قورسیان لەسەرە.
لەناو ئەم ڕاستیەدا، دەستپێشخەری "دەنگی ژن" سەریهەڵدا بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێی پشتیوانی لەڕێگەی پڕۆژە یاسایەکی مافی مرۆڤەوە کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بە ناوی "رێگای پارێزراو" دەستیپێکرد، ئەم پڕۆژە یاسایە ئامۆژگاری و ڕێنمایی یاسایی بۆ ژنان دابین دەکات، لەگەڵ پاڵپشتی دەروونی هاوتەریب، کە شوێنی هەناسەدان و توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان پێدەبەخشێت.
ڕێگای یاسایی بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە
ئایا قەواف، ئەندامی دەستپێشخەریی "دەنگی ژن" لە پناسەی پڕۆژەکەدا، وتی: ئێمە لێرەین بۆ ئێوە، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیە کاردەکەین بۆ پێشکەشکردنی ئامۆژگاری یاسایی و پاڵپشتی و ڕێنمایی بۆ ژنان لە ناوخۆی سووریا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی پڕۆژەی "ڕێگای سەلامەت" هێڵکاریکردنی ڕێگایەکی یاساییە بۆ هەر ژنێک کە تووشی توندوتیژی دەبێت یان ڕووبەڕووی هەر جۆرە هەڕەشەیەک یان مەترسییەک دەبێتەوە، وتی: ئێمە ڕاوێژکارییان بۆ دابین دەکەین، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرسانە، لەگەڵ پێویستیە پشتگیرییە دەروونییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە لە مانگی نیسانی ڕابردوو دەستیپێکردووە، و تا ئێستاش کارەکان بەردەوامن، بە بەشداری گروپێکی یەکگرتوو لە پسپۆڕانی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ، وتی: لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە ژمارەیەکی زۆر ڕاوێژکاریمان پێگەیشتووە، هەروەها گرنگییەکی زۆر بە پرسی پاراستنی نهێنی دەدەین، چونکە پاراستنی نهێنی زانیارییەکان و دڵنیاکردنەوەی ژنان بە گرنگ دەزانین بۆ ئاسوودەی و متمانەیان کاتێک لێمان نزیکدەبنەوە.
ئایە قەواف، وتی: یەکێک لە ئاستەنگە هەرە دیارەکانی بەردەم دەستپێشخەرییەکە، دۆخی یاسایی سووریایە، وڵاتێکە لە شەڕی چەندین ساڵە دەرچووە و لە ئێستادا هەوڵدەدات بچێتە قۆناغێکی چاکبوونەوە، ئەمە جگە لە بوونی دەقی یاسایی هەڵاواردن کە بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ژنان و بەشدارن لە زەوتکردنی مافەکانیان، ئەمەش سەختی پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر دەکات.
ئاڕاستەی پەیامێکی کرد و ڕایگەیاند، بۆ ئەو ژنانەی وڵاتەکەم کە تووشی فشار و توندوتیژی و هەڕەشە و زەوتکردنی مافە یاساییەکانیان دەبن، ئێمە لێرەین بۆ ئێوە، ئامۆژگاری یاسایی و پاڵپشتیتان پێشکەش دەکەین، لە هەمان کاتدا ئاگاداری پاراستنی نهێنیەکانتان و نهێنی زانیاریەکانتان دەبین، سەلامەتی و ئاسایشی ئێوە ئەمانەتێکە لە دەستماندایە، بۆیە تکایە درێغی مەکەن لە پەیوەندیکردنمان و داوای پاڵپشتی ڕاوێژکاری بکەن.
ڕوونیکردەوە، کە زۆربەی ئەو کەیسانەی کە وەریدەگرن پەیوەندییان بە سەرپەرشتیکردنەوە هەیە، وتی: ئەم کەیسانە هەم توندوتیژی یاسایی و هەم توندوتیژی کۆمەڵایەتی ئاشکرا دەکەن، لە زۆر کەیسدا باوک داوای سەرپەرشتیکردنی منداڵەکان دەکات، هەرچەندە یاسا مافی دایکی دیاریکردووە، ئەگەر دایکەکە منداڵەکان وەربگرێت، باوکەکە دەست دەکات بە هەراسانکردنی لە ڕووی ئابوورییەوە بە ڕەتکردنەوەی پارەی نەفەقە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکانی باری کەسی پەیوەست بە فرەژنی، میرات، جیابوونەوە، ئیرادەی تاکەکەسی، سەرپەرشتیکردن، بارگرانییەکی بەرچاون، چونکە ژنان سەرپەرشتییان پێنادرێت بەڵکو تەنها سەرپەرشتیکردنی کاتییان پێدەدرێت، ئەمەش دەیانخاتە ژێر بارگرانییەکی قورسەوە کە پەیوەندی بە کاغەز و ڕێکارەکان و تۆمارکردنەوە هەیە.
ڕوونیشیکردەوە، جۆرەکانی تری توندوتیژی یاسایی هەیە، لەوانەش ڕەتکردنەوەی مافی ژنان بۆ گواستنەوەی ڕەگەزنامەی خۆیان بۆ منداڵەکانیان، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و دەرکردنی یاسایەک کردەوە کە بە تایبەتی باس لە توندوتیژی خێزانی بکات، وتی: کارەکانمان تەنها لە پێشکەشکردنی ڕاوێژکاریدا سنوردار نییە، بەڵکو خزمەتگوزاری یاسای گشتگیر لەخۆدەگرێت، لەوانە ڕاوێژکاری، دانیشتن، خولی پەروەردەی، وۆرکشۆپی هۆشیاری لەسەر یاسا و ڕەگەزکردنی یاسا بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان، هاوکات کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی بەشداریکردنی ژنان لە کار و سیاسەتدا، و چۆن یاساکان و دەستوور و هەڵبژاردنەکان کاریگەریان لەسەریان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کاردەکەین بۆ پێشخستنی گێڕانەوەی هەستیاری ڕەگەزی لەڕێگەی بانگەشە و هەڵمەتەکانی دژە توندوتیژی، لە ئێستادا، کار لەسەر توێژینەوەیەک دەکەین لەناو بەشی یاساییدا کە باس لە بەشداریکردنی ژنان دەکات لە شۆڕشدا: پێش شۆڕش، لەماوەی شۆڕشدا، و لە قۆناغی گوازرایەوەیشدا، هەروەها پێشکەشکردنی ڕاسپاردە و ڕێوشوێنی پراکتیکی بۆ پشتیوانیکردن لە بەشداریکردنی ژنان.
هێڵێکی سەلامەتی لە ڕاستی ناسکدا
گروپی "ڕێگای سەلامەت" هەوڵدەدات هێڵی ژیان لە ژینگەیەکی یاسایی ناسکدا دابین بکات، کە یاسا جیاکارییەکان بەردەوامن و پاشماوەی شەڕ سێبەرێک بەسەر کۆمەڵگە و دادپەروەریدا دادەنێت، بەڵام ئەوەی ئەزمونەکە جیادەکاتەوە، پشتبەستنیەتی بە هۆشیاری یاسایی وەک ئامرازێک بۆ پاراستن، هەروەها بە متمانە و نهێنی وەک بناغەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ژنان.
پڕۆژەکە تەنها لە ڕاوێژکاری یاساییدا سنووردار نییە، بەڵکو ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ کۆمەڵگەیەک دەکاتەوە کە زیاتر ئاگاداری مافەکانی ژنان بێت، نمونەیەکی پراکتیکی پێشکەش دەکات کە چۆن گۆڕانکاری لە دەستپێشخەرییە بچووکەکانەوە دەست پێدەکات، کە گوێ لەو دەنگەکان دەگرن کە لە مێژە پەراوێزخراون.