پەیمانی یەکسانی بۆ بەشداریکردنی سیاسی لە مەغریب
یەکێتیی کاروباری ژنان هاوپەیمانییەکی نوێی لە دار ئەلبەیدە دەستپێکرد بۆ بەهێزکردنی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان لەناو حزبەکاندا. سەندیکاکە داوای کرد ژنان لە توندوتیژی بپارێزرێن و بخرێنە نێو پرۆسەکانی بڕیاردان
حەنان حارت
مەغریب – یەکێتیی کاروباری ژنان، دوێنێ لە شاری دار ئەلبەیزا (کاسابلانکا) لە مەغریب، "پەیماننامەی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای یەکسانی، دەرفەتی یەکسان و کاری پارتی" ڕاگەیاند. ئەم دەستپێشخەرییە مەدەنییە بانگەوازی لە پارتە سیاسییەکان کرد کە لەناو پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانیاندا پرەنسیپەکانی یەکسانی و جێندەری بپێکن، میکانیزمی سیاسی بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی دروست بکەن و ئامادەیی ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان بەهێزتر بکەن. دەستپێشخەرییەکە وەک ئامادەکارییەک بۆ پرۆسەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو دەستی پێکرد.
پەیماننامەکە بە بەشداریی پەرلەمانتارانی ژن، نوێنەرانی هەڵبژێردراو، چالاکوانانی پارتەکان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، لە ڕێگەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەوە ڕاگەیەندرا. بەشداربووان بارودۆخی ئێستای بەشداریی سیاسیی ژنانیان تاوتوێ کرد؛ باسیان لەوە کرد کە سەرەڕای دەستکەوتە دەستووری و یاساییەکانی بزووتنەوەی ژنان لە دەیەکانی ڕابردوودا، هێشتا ئاستەنگی هەن کە گەیشتنی ژنان بە ناوەندەکانی بڕیاردان سنووردار دەکەن.
"پەیماننامەی نوێ ژنان لە توندوتیژیی سیاسی و دیجیتاڵی دەپارێزێت"
سەرۆکی یەکێتیی کاروباری ژنان، عائیشە ئەلهەییان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە بەهێزکردنی مافە سیاسییەکانی ژنانە و پێویستە میکانیزمی کرداری بۆ جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی یەکسانی لەناو پارتە سیاسییەکاندا دروست بکرێت.
عائیشە ئەلهەییان ڕوونی کردەوە کە پەیماننامەکە بۆ تێکۆشان دژی جیاکاری و توندوتیژیی سیاسی ئامادەکراوە کە ژنان لەناو پارتەکان و پرۆسەکانی هەڵبژاردندا ڕووبەڕووی دەبنەوە. جەختیشی کردەوە کە یەکسانی و دەرفەتی یەکسان دەبێت ببنە ڕەگەزی بنەڕەتیی کاری پارتی. عائیشە ئاماژەی بەوەش دا کە پەیماننامەکە تەنیا پرەنسیپەکان دەستنیشان ناکات، بەڵکو میکانیزمێک بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنەکە و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی پێشنیاز دەکات بۆ ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژیی سیاسی بوون تاوەکو دەستیان پێی بگات و وتی: "ئامانجی ئەم میکانیزمانە پاراستن و پشتیوانیکردنی ژنانە لە کاتی هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکانیشدا."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە توندوتیژیی دیجیتاڵی یەکێکە لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم بەشداریی سیاسیی ژنان، و جەختی کردەوە کە دەبێت پارتەکان میکانیزمی ڕاپۆرتکردن و پاراستن دژی هەڕەشە، سووکایەتی و گێچەڵی دیجیتاڵی دروست بکەن. عائیشە ئاماژەی بە پێویستیی ڕێکارەکانی ڕێگریگرتن و پشتیوانیکردنی ژنان کرد و وتی پەیماننامەکە ئامانجی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی ڕەفتاری پارتەکانە و هاندانیانە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠١١ و ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافەکانی ژناندا یەکبگرنەوە.
"دەبێت بەشداریی سیاسیی ژنان بەهێزتر بکرێت"
ئەندامی یەکێتیی کاروباری ژنان، زەهرا ئەلوەردی، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیماننامەکە لە ئەنجامی ڕاوێژکاری لەگەڵ چالاکوانانی پارتەکان، ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی خۆجێی ئامادەکراوە و وتی: "پەیماننامەکە ئامانجی بەهێزکردنی بەشداریی سیاسیی ژنانە، مسۆگەرکردنی شەفافیەت و دەرفەتی یەکسانە لە دەستنیشانکردنی کاندیدەکان، و دابینکردنی پشتیوانیی دارایی یەکسانە بۆ ژنان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا."
زەهرا ئەلوەردی ڕوونی کردەوە کە بەڵگەنامەکە پێشنیازی دابینکردنی ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانی ژنان دەکات پێش هەڵبژاردن، لە کاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیشدا. ئاماژەی بەوەش دا ئامانجەکە تەنیا کاندیدبوونی ژنان نییە، بەڵکو دەیانەوێت ژنان لە پەرلەمان، ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و ڕۆڵە سەرکردایەتییەکاندا بگەنە پێگەکان و بەشداری لە بڕیارداندا بکەن.
تێکۆشانی ژنان بۆ دەستکەوتی گرنگ بووە هاوکار
قسەکەرانی تر جەختیان لەوە کردەوە کە توندوتیژیی سیاسی دژی ژنان تەنیا هێرشی جەستەیی نییە، بەڵکو توندوتیژیی دیجیتاڵی، سووکایەتیکردن و شانتانیش دەگرێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وترا کە ئەم ڕەفتارانە بەردەوامبوونی ژنان لە کاری سیاسی قورس دەکەن و ساردیان دەکەنەوە لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی. بەشداربووان جەختیان کردەوە کە "کەلتووری بێدەنگی" لەناو پارتەکاندا ڕێگری لە ژنان دەکات تاوەکو پێشێلکارییەکان ڕابگەیەنن و بەشداریی سیاسییان سنووردار دەکات. پەیماننامەکە دروستکردنی کۆمیتەیەک بۆ بەدواداچوونی پابەندبوونی پارتەکان، چاودێریکردنی پرەنسیپەکانی یەکسانی و تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانی ژنان لەخۆدەگرێت. بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کرد کە تێکۆشانی ژنان لە بواری یاساییدا دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوەتییان لەناو پارتە سیاسییەکاندا هێشتا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، بەشداربووان بانگەوازیان لە پارتە سیاسییەکان کرد کە پەیماننامەکە پەسەند بکەن و لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیاندا جێگیری بکەن. ئاماژە بەوە کرا کە سەرکەوتنی پەیماننامەکە بەستراوەتەوە بە ڕەفتاری کردارییەوە کە بەشداریی یەکسانی ژنان لە ژیانی سیاسیی دا مسۆگەر دەکات. هەروەها جەخت کرایەوە کە دەبێت ژینگەیەکی ئارام بۆ ژنان بڕەخسێنرێت تاوەکو بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکاندا بکه ن.