پەیامنێرمان لە کۆبانێوە: دۆخەکە مەترسیدارە

بەرچەم جودی، پەیامنێری ئاژانسەکەمان دوایین دۆخی کۆبانێی ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی ئێستای کۆبانێ مەترسیدارە و داوای زیادکردنی وریایی بەرامبەر بە کۆبانێ دەکات.

ناوەندی هەواڵ 
 
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان گەمارۆدراوە لەلایەن داعش و هەتەشەو دەوڵەتی تورکیاوە. شارەکە کە گەل بە سەفەربەری شەقامێک بۆ شەقامێکی تر، لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی تر بوونی خۆیان دەپارێزن، لەژێر هێرشی قورسی چەتەکانە و بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی، دۆخێکی سەختی مرۆیی بەخۆیەوە دەبینێت، سەرەڕای ئەو زانیارییانەی کە دەوڵەتی تورکیش لە سنوورەوە هێز بەرەو کۆبانێ دەبات بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە و چەتەکانیش کۆمەڵکوژییەکی زۆریان لە گەندەکانی باشووری کۆبانێ ئەنجامداوە. 
 
بەرچەم جودی، پەیامنێری ئاژانسی نوژنها لە بارەی دوایین دۆخی کۆبانێ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە. 
 
هێرشەکە وەک ساڵی ٢٠١٤ وایە، تەنها ناوەکەی گۆڕاوە 
بەرچەم جودی ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ئێستای چەتەکانی هەتەشە بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە هاوشێوەی هێرشەکانی چەتەکانی داعشە لە ساڵی ٢٠١٤ و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەو کاتەدا گەمارۆیەکی گەورە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام دەدرا، لە ئاو و خواردن و زۆر پێداویستی ژیان بێبەش بوون. گەمارۆیەکی گەورە ڕوویدا. ئەو قۆناغەی ئێستا کە خەڵکی کۆبانێ تێیدا دەژین، دەتوانرێت بەراورد بکرێت. لەو کاتەدا هێرشەکە بەناوی داعشەوە بوو، ئەو هێزانەی پشتیوانی داعشیان دەکرد لە پشت پەردەوە ئەو کارەیان دەکرد، تاکە جیاوازی ئێستا ئەوەیە کە ئەم چەتەکانی پاشماوەی داعش، بە ناوی هەتەشە یان بەناو حکومەتی کاتی سووریا، پۆشاکێکی نوێیان پێدراوە. ئەم هێزانەی لە ساڵی ٢٠١٤ پشتیوانیان لێکردن، ئێستا بە ئاشکرا پاڵپشتی ئەو باندانە دەکەن. 
 
شەڕ و پێکدادانی توند ڕوودەدات 
بەرچەم جودی وتی: ماوەیەکی زۆرە لەو هێرشە لەشکرکێشیانەی کە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەستیپێکرد و پەیوەندییان بە شارەکانی دیکەوە هەیە و لەم دواییانەشدا دەبینین شاری کۆبانی و کانتۆنی جزیرە  لە یەکتر جیا دەکرێنەوە، بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: دەتوانرێت بڵێین ئێستا هەردوو هەرێمەکە لەژێر گەمارۆدان. بەڵام دۆخەکە لە کۆبانی لە ڕاستیدا کەمێک جیاوازە لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لە دەوری کۆبانی ڕوودەدات و ئەم ئاگربەستە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە درێژکراوەتەوە، بەڵام ڕۆژانە پێشێلکارییەکان ڕوودەدەن و چەتەکان هێرش دەکەنە سەر کۆبانی. 
 
بەرچەم جودی ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە هێرشەکان، خەڵکی ناوچە گوندنشینەکانی کۆبانێ ڕۆژانە کردەوەی ئەو چەتانە ئەزموون دەکەن و وتی: زۆرێک لە گوندەکانی کۆبانێ لە سیرین و عەین عیساوە نزیکن، ئەم دوو شارۆچکەیە ئێستا لە دەستی ئەو چەتانەدان، هەر بۆیەش ئەو چەتانە هەوڵدەدەن بگەنە ئەو گوندانەی کە کورد تێیدا دەژی و ئەنجام دەدەن، کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان ئازارێکی زۆر هەیە و مەترسییەکی گەورە لەسەر گەل هەیە. 
 
سه بارەت بە سەفەربەری و ئیرادەی گەل به ڕچه م جودی وتی: سەرەڕای ئەو هەموو هەلومەرجەی ئێستا، سەرەڕای ئەو گەمارۆ سەخت و شەڕە سەختەی سەر کۆبانێ و ئەو پیلانگێڕییەی کە ئێمە وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی دەبینەوە، گەل بەڕاستی خۆی لە سەرکەوتندا گیر کردووە،ئەمە بڕیاری گەل و شەڕڤانانی کۆبانێیە. بە تایبەتی ژنان پێشەنگایەتییەکی گەورە لەم ئیرادەدا دەکەن. لەم ڕۆژانەدا کە ئێمە تێیدا دەژین، ئەم جۆش و خرۆشە و مۆڕاڵەی کە بوونی هەیە سەرەڕای ئەو گەمارۆ و شەڕ و ململانێیانەی کە ڕوودەدەن، بە تایبەت لە ٢٦ی کانوونی دووەم ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش، ئەم ڕۆحە جارێکی دیکە خەریکە زیندوو دەبێتەوە. ئێمە ئەم ڕۆحە بە زیندوویی لە ژیانماندا دەبینین. لە ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا و لەم گەمارۆ و هێرشەدا گەلی کۆبانێ جارێکی تر ئەم ڕۆحەیان لەو کۆمەڵگەیەدا زیندوو کردەوە کە لە دەوری ئاگری ئازادی کۆدەبنەوە، جارێکی تر ئیرادەی خۆیان بۆ خەبات دووپات دەکەنەوە. دەڵێن ئێمە لێرەین، ئەم خاکە هی ئێمەیە و دەستبەرداری خەبات نابن. 
 
دۆخەکە مەترسیدارە 
پەیامنێرمان بەرچەم جودی ئەم زانیاریانەی لەسەر بارودۆخی مرۆیی کۆبانێ دا: ئەگەر باس لە لایەنی مرۆیی کۆبانێ بکەین، بەڕاستی قەیرانێکی گەورەیە، ناوەندی کۆبانێ بچووکە، بەڵام دۆخی ئێستای لە هەموو کاتێک گەورەترە. کۆچبەر هەیە کە لە زۆرێک لە شارەکانەوە هەڵاتوون کە لەلایەن ئەو چەتانە هێرشیان کراوەتە سەر. کۆچبەرانی ڕەققە، تەبقا، ئەشرەفیە، شێخ مەقسود، عەین عیسا و سیرین بەرەو کۆبانێ هەڵاتوون. کۆچێکی زۆر لە گوندەکانەوە هەیە کە ئێستا بووەتە هێڵی پێشەوەی شەڕ بۆ کۆبانێ. خەڵکی کۆبانێ ماڵی خۆیان بەڕوویاندا کردۆتەوە. لەبەر ئەوەی ژمارەکە زۆرە، ئیتر خانووی پێویست نەماوە. هەر بەو هۆیەشەوە ئەم کۆچبەرانە لە قوتابخانە و باخچەی ساوایان و لە شوێنی جیاجیا جێگیر کراون. پێداویستیەکانی ژیان بەپێی بارودۆخی ئێستایان بۆ دابین دەکرێت. جگە لەوەش بەڕاستی دۆخی شارەکە لە هەموو ڕوویەکەوە خراپە. ئێستا کۆبانێ بێ ئاو و کارەبایە. قەیرانی کارەبا و ئینتەرنێتیش لەم دواییانەدا ڕووی داوە. شارەکە لە لێواری داڕماندایە. پێداویستیەکانی ژیان ڕۆژانە کەمدەبێتەوە. شارەکە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە. چارەنووسی سەدان هەزار دانیشتووی کۆبانێ دانیشتووی ئێرە نادیارە. ئەگەر ئەم گەمارۆیە بەردەوام بێت، کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما و نەبوونی دەرفەتی ژیانی تەندروست، زۆرێک لە منداڵان گیانیان لەدەستداوە.