"پێویستە لە سەرتاسەری کوردستان یەک دەنگ بین و ڕێگری لە هێرشەکان بکەین"
ژنانی گەنجی کامپی مەخموور کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی و وتیان: وەک گەلی کورد ئەوەی لێمان دەخوازرێت ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێکی جیهان و کورستان یەک دەنگ بین و ڕێگری لە هێرشەکان بکەین.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور- لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە سەرانسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ئەمە لە کاتێکدایە پشتیوانی و هاوپشتی گەلی کورد بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوامە.
ژنانی گەنجی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور سەبارەت بە هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد و داوای یەکڕیزییان لە دژی هێرشەکان کرد.
"هێزێکی گەورە هەیە دژی ئەو هێرشانە شەڕ دەکات"
نودەم یامان لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەری خۆیان ڕێکدەخەن و وتی: ستایشی بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداو ئاوارە بوون، دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدان ڕوویدا، خەڵکی ڕۆژئاوا لەژێر چاودێری خۆبەڕێوەبەریدا کە بە ماندووبوون و خەباتی شەهیدان دامەزرا، خۆیان ڕێکدەخەن، ئەو چەتانەی ئەمڕۆ هێرش دەکەن دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، درێژەپێدەری داعشن، چەتەکانی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر کورد، هێزێکی گەورە هەیە کە دژی ئەم هێرشانە دەجەنگێت، هێزەکانی قەسەدە، یەپەژە و یەپەگە لە دژی هەموو هێرشەکان شەڕ دەکەن.
"یەکێک لە هاوکارەکانی ئەم هێرشانە ئەنەکەسەیە"
نودەم یامان جەختی لە هاوکاری، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا کردەوەو وتی: وڵاتانی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگن، هەروەها ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هاوکارییەکی گەورە لەم هێرشانەدا هەیە، تاکە ئامانجیان دەستبەسەرداگرتنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، هاوکارێکی دیکەی ئەم هێرشانە بریتییە لە ئەنەکەسە، لە لایەکی دیکەوە داخستنی سنووری سێمێلکا لە باشووری کوردستان نیشانەی هاوکاری دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەیە، بە داخستنی سنووری سێمێلکا ڕێگری لە چارەسەری نەخۆش و بریندارەکان دەکرێت و ڕێگەی گەیشتن بە خەڵکی باشووری کوردستان بە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەگیرێت.
"پێویستە لە سەرتاسەری کوردستان یەک دەنگ بین و ڕێگری لە هێرشەکان بکەین"
نودەم یامان ئاماژەی بەوەکرد، ژنان و منداڵان زۆرترین زیانی ئەو هێرشانەیان بەرکەوتووەو وتی: زۆرترین زیان بەرکەوتووانی ئەم هێرش و کۆچبەرییە، ژنان و منداڵانن، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، ئەمە دۆخێکی زۆر جدییە، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانەدا، چۆن دەبێت بتوانین وەڵام بدەینەوە، چۆن بتوانین هاوکاری گەلەکەمان بکەین، ئەمە زۆر گرنگە، وەک گەلی کورد ئەوەی لەسەرمان پێویستە ئەوەیە کە لە هەموو پارچەکانی جیهان و سەرتاسەری کوردستان یەک دەنگ بین و ڕێگری لەو هێرشانە بکەین.
"بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان سەرکەوتوو دەبین"
نودەم یامان بەم شێوازە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: لە ڕۆژئاوا بەرخۆدانێکی ناوازە ئەنجام دەدرێت و ئەوە گەلی کوردە کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات، بەهۆی ئەم بەرخۆدانەوە هەموو هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچارن ستاتۆ بە کورد بدەن، لەم دۆخەدا ئەرکی گەل ئەوەیە، دەستبەرداری بەرخۆدانی ساڵانیان نەبن و خاکەکەیان بپارێزن، ئێمەی خەڵکی مەخموور هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین و پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان سەرکەوتوو دەبین.
"دەوڵەتی تورکیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات"
هەروەها ئەیناس کار ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: ئەو هێزەی زۆرترین پشتیوانی داعش دەکات دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، هەموو شتێک ئاشکرایە، ئامانج لەم هێرشانە داگیرکردنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەر بەم هۆیەشەوە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێک دەبن و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، مەبەست لەم هێرشانە لە ناوبردنی گەلی کوردە، بەڵام لەگەڵ ئەو تێکۆشانەی کە لە شاخ و لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە بوونمان هەیە و هەمیشە بوونمان دەبێت، سەرکەوتن هی ئێمەیە، چونکە ئەو ڕێگایەی ئێمە پەیڕەوی لێدەکەین ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆیە، واتە ڕێگای حەقیقەتە و حەقیقەت هەرگیز ناشاردرێتەوە.
"کردەوە و ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ هێزمان پێدەبەخشێت"
ئەیناس کار ڕایگەیاند، پێویستە گەلی کورد لەگەڵ هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان بکات و وتی: ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی تیکۆشان و بەرخۆدانییەکی زۆر دەکات، ئێمەش وەک گەلی کورد دەبێت تیکۆشان و بەرخۆدانمان زیاتر بکەین، کردەوەو ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ هێزمان پێدەبەخشێت بۆ بەرخۆدانی کردن لە بەرامبەر هەموو هێرشە تەکنیکی و کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد، پێویستە ئێمە وەک گەنجانی گەلی کورد و گەلی ئازادیخواز، خاوەندارێتی لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و تێکۆشانمان بۆ ئازادیی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ زیاد بکەین، هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان وەک گەلێک بۆ بونیادنانی کوردستانێکی ئازاد جێبەجێ بکەین، سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەبێت.