پێشانگایەکی هونەری لە سوەیدا ڕووداوەکانی مانگی تەمووز بەڵگە دەکات و یادی زیانبەرکەوتووان دەکاتەوە
پێشانگایەکی هونەری لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدا بۆ یادکردنەوەی ڕووداوەکانی مانگی تەمووزو بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و زیندووکردنەوەی یادەوەری بەکۆمەڵ، لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانەوە کە ترس و خۆڕاگرییان بەرجەستە کردبوو، سازکرا.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا-بەشداربووانی پێشانگای هونەری یادی ڕووداوەکانی مانگی تەمووزیان لە شاری سوەیدا کردەوە و وتیان ئامانجی چالاکییەکە زیندووکردنەوەی یادەوەری بەکۆمەڵ و بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانەیە کە لە نەخۆشخانەی نیشتمانی سوەیدا ڕوویانداوە لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانەوە کە چەندین پەیامی گەیاندووە.
لەسەر بانگهێشتی دامەزراوەی "البازلت" بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و تەلەفزیۆن، باخچەی نەخۆشخانەی نیشتمانی سوەیدا ١٣ی تەمووز پێشانگایەکی هونەری سازکرد، ژمارەیەک هونەرمەند بەشداریان کرد، تابلۆی ئیلهامیان لە ڕووداوەکانی مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ پێشکەش کرد، یادی زیانبەرکەوتووان و بەڵگەنامەکردنی ئەو ڕووداوانەی کە لە نەخۆشخانەکە ڕوویانداوە، ئامانجی چالاکییەکە لە ڕێگەی هونەرەوە یادەوەرییەکە بە زیندووی بهێڵێتەوە.
پێشانگاکە لە شوێنی پێشێلکارییەکانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەڕێوەچوو، ڕێکخەرانی ئەو ڕێکخراوە ئاماژەیان بەوە کردووە، نەخۆشخانەی نیشتمانی سوەیدا تووشی هێرش و هەڵکوتانە سەری سیستماتیک بووە، لەو ماوەیەدا ژمارەیەک کارمەندی پزیشکی و نەخۆش کوژراون، هەروەها یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بێلایەنی نەخۆشخانەکان و پاراستنیان لە ململانێ چەکدارییەکان دیاری دەکەن، بەڵام ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو بنەمایانە بووە.
گەڕان بەدوای پارێزراویدا
رەهەف حەرب، خوێندکاری هونەرە جوانەکان ڕوونیکردەوە، کە ئیلهامەکەی بۆ تابلۆکەی لەو پەرداخە گڵینانە وەرگرتووە کە لە خانووە کۆنەکانی عەرەب لە سوەیدا دۆزراونەتەوە، لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکان، زۆرێک هەستیان بە پێویستی شوێنێک کردووە بۆ ئەوەی خۆیان لە ترس و کوشتن و خوێنڕشتن بپارێزن، ئەم هەستەی لە ڕێگەی فیگەرێکەوە وێنا کردووە کە لەناو پەرداخێکی گڵین خۆی شاردۆتەوە، هەرچەندە بۆ ئەو زۆر بچووک بووە، وەک دەربڕینێک لەو ترسەی کە خەڵک پاڵدەنێت بۆ گەڕان بەدوای هەر پەناگەیەکدا، هەرچەندە بچووک بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تابلۆکە ئەو هەستەش دەردەبڕێت کە ئەو خاکەی مرۆڤ تێیدا لەدایک بووە چیتر لە باوەشیان ناگرێت و شوێنێکی پارێزراو نییە، ئەمەش بە ڕەنگی سپی نیشان دەدرێت کە سیمبولی بێدەنگی و بۆشاییە، وەک ئەوەی مرۆڤەکان چیتر هیچیان نەبێت پشتی پێ ببەستن، هەروەها ئەو ئاوەی لە پەرداخەکەوە دەڕژێت، ئاماژەی ئەو هەستە سەرسەختانەیە کە خەڵکەکە ئەزموونی دەکەن، لەکاتێکدا سیماکانی دەموچاو ڕەنگدانەوەی ئەو ترس و ئازار و دڵەڕاوکێیەن کە هاوڕێی ئەو ڕۆژانە بووە.
گەلێکی خۆڕاگر کە لەسەر هیوا دەژین
ئامانی بحە، هونەرمەند وتی: تابلۆکەی باس لە کۆمەڵێک گەنجی گوندەکەی سالی دەکات کە لەکاتی ڕووداوەکانی "١٥ی تەمووزی ڕەش"دا بەرگری لە ناوچەکەیان دەکرد، کاتێک ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تێیدا گەشتیان دەکرد لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومانکرا، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی سەختی پێنج گەنج، لەنێویاندا یەکێکیان بە "شەهیدێکی زیندوو" پێناسەی کردووە دوای ئەوەی قاچەکەی بڕاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تابلۆکە نوێنەرایەتی پەیامێکی سوپاسگوزاری و پێزانین دەکات بۆ ئەم گەنجانە، کەمترین شت کە دەتوانێت وەک هونەرمەندێک پێشکەشیان بکات، هەروەها ئەو وێرانکارییەی لە تابلۆکەدا وێناکردووە و گوڵی بۆ زیادکردووە وەک ئاماژەی هیوا، چونکە خەڵکی سوەیدا خۆڕاگرن و لەسەر هیوا دەژین، کە وایکردووە دووبارە لە داروپەردوو هەڵبستنەوە، ئێستا شوێنی ڕووداوەکە زیندوو بووەتەوە، هەروەها بەشداریکردنی بەشێک بووە لە بۆنەیەک کە لەلایەن دامەزراوەی ”البازلت” لە "باخچەی هیوا" ڕێکخرابوو، کە لە کاتی ڕووداوەکاندا پڕ بوو لە تەرمی زیانبەرکەوتووان بەڵام ئێستا پڕ بووە لە ژیان، هەستێک کە هەوڵیدا لە کارە هونەریەکانیدا دەریببڕێت.
دەنگی ڕاستی
ڕەغد نوفال، هونەرمەند ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامدانی ئەو پێشانگایە لەناو نەخۆشخانەی نیشتمانی سوەیدا کە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥دا شاهیدی کۆمەڵکوژییەکان بووە، هەڵگری پەیامێکی گرنگە، هەروەها ڕۆڵی هونەرمەندان بریتییە لە گەیاندنی "دەنگی ڕاستی" و بەرجەستەکردنی ڕاستی لە ڕێگەی کاری هونەری و هەستی مرۆڤەوە.
ڕوونیشی کردەوە، کە لە تابلۆکانیدا سووری بەکارهێناوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خوێنی زیانبەرکەوتووان، ڕەش بۆ نوێنەرایەتیکردنی دڕندەیی تاوانەکە، سپی بۆ نوێنەرایەتیکردنی پزیشکەکان و ئەرکە مرۆییەکانیان و ئەو پاڵەوانێتیەی کە پیشانیانداوە، هەروەها تیشکی خستە سەر داب و نەریتی خەڵکی سوەیدا.
وێنەکانی سەر دیوارەکان شایەتحاڵی هاوارەکانن
تیجان شەلهوب، بەشداربووی پێشانگاکە ڕوونیکردەوە، تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوەکانی مانگی تەمووزدا یادەوەرییەکانی ئەو "کۆمەڵکوژییە خوێناوییە" دەهێنێتەوە یاد کە سوەیدا شاهیدی بووە، وتی: شارەکە کە بە کۆمەڵگەی مەدەنی زیندوو و بەدواداچوون بۆ کولتوور و هەوڵە ئایدۆلۆژیایەکانی ناسراوە، بە پشتبەستن بە ناسنامەکانیان هێرشێک کراوەتە سەر دانیشتووانەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی نیشتمانی سوەیدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر گەمارۆ دراوە و سەدان تەرمی خەڵکی مەدەنی تێدابووە کە جگە لە هەوڵەکانیان بۆ ژیان هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێکانەوە نەبووە، هەروەها شوێنەکە پڕ بووە لە وێرانکاری و خوێن، بەڵام خەڵکی سوەیدا هەوڵیانداوە بیگۆڕن بۆ کەشی هیوا، لە "باخچەی هیوا"دا گوڵیان چاند لە شوێنی هەر دڵۆپێک خوێن کە تێدا بوو و وێنەیان بە دیوارەکانەوە هەڵواسی کە شایەتحاڵی هاواری بریندارەکان و ئازاری دایکانی خەمبار بوون، لە پەیامێکدا کە ئیرادەی خۆیان بۆ پابەندبوون بە ژیانەوە دووپاتکردەوە سەرەڕای ئەوەی ڕوویداوە.
ستایشی هەڵوێستی کارمەندانی پزیشکی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای مەترسییەکان ڕەتیانکردەوە نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن، ڕووداوی پەرستارێکی گێڕایەوە کە بۆ ماوەی هەفتەیەکی تەواو بەبێ خەو بەردەوام بوو لە کارکردن، ڕەتیکردەوە ئەو بەشەی کە کاری تێدا دەکرد بۆ یارمەتیدانی نەخۆشەکان بەجێبهێڵێت، سەرەڕای ئەو گەمارۆیە تەواوەی کە سوەیدا تووشی بوو، لەگەڵ کەمیی کەرەستەی پزیشکی و پشتبەستنی خەڵک بە هەوڵی تاکەکەسی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری.