رژێمی ئێران لە سزاو ئەشکەنجەی ژنان بەردەوامە
لە بەردەوامی فشارەکانی ڕژێمی ئێران دژ بە ژنان، چەند ژن ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن سزادان، بانگهێشتکردن بۆ دادگا و سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان بوونەتەوە، تەنانەت هەندێکیان لە چارەسەری پزیشکی بێبەشکراون.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتی “دەنگی دەستگیرکراوانی ئێران”، پەریا فەڕوخی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران، کە لە زیندانی ئێڤین زیندانکراوە، لە قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوەی دۆسییەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بە پێنج ساڵ زیندان سزا دراوە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ وردەکارییەکی فەرمی سەبارەت بە تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بەرامبەر ئەو بڵاونەکراوەتەوە. پەریا فەڕوخی پێشتر لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستبەسەر کرابوو و دوای وەرگرتنی لێبوردن ئازاد کرابوو.
لە هەمانکاتدا، بەهارە گۆڵچین، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی شاری مەشهەد، لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە چلەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان بووە.
لە هەواڵێکی دیکەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەرانا” ڕایگەیاندووە، کە ئێلناز شاکردۆست، ئەکتەری سینەمایی ئێران، بانگهێشتی دادگای شۆڕشی تاران کراوە و پێویستە لە دادگا ئامادە بێت، ئەو ڕووبەڕووی تۆمەتێکی سیاسی بووەتەوە.
هەروەها فاتمە جامی، دانیشتووی شاری گۆرگان، نزیکەی ١٠ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، ئەو بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە گرووپە نەیارەکانی ئێران تۆمەتبار کراوە، بەڵام چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، هۆکاری سەرەکی دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکییەکانی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بووە.
هاوکات، فرناز جەعفەرزادەگان، شاعیری دانیشتووی شاری شیراز، لەلایەن دادگای ئێرانەوە بە تۆمەتی بەشداری لە هەڵمەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، باڵاپۆشی زۆرەملێ و سزای لەسێدارەدان، بە زیندانی ماڵەوە لەژێر چاودێری سیستەمی ئەلیکترۆنی “پابەندی ئەلیکترۆنی تا دووری هەزار مەتر” سزا دراوە، هەروەها، ەپێی بڕیارەکە، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە.
ڕاپۆرتە نوێیەکان لە زیندانی ئێڤین ئاماژە بەوەدەکەن کە چوار زیندانیی سیاسی ژن بە ناوەکانی شیوا ئیسماعیلی، مەرزیە فارسی، فەرووغ تەقیپوور و زارا سەفایی هێشتا لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن، هەروەها باس لە خراپبوونی باری تەندرووستیی شیوا ئیسماعیلی و ئێلاهە فۆلادی دەکەن کە لە خزمەتگووزارییە تەندرووستییەکان و چارەسەری پزیشکی بێبەشکراون.
ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەم سنووردارکردنانە دوای ئەوە ئەوە دێت، کە ئەو چوار زیندانییە سیاسییە ژنانە بەشدارییان لە کەمپینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” کردووە و درووشمی ناڕەزایەتییان دژ بە سزای لەسێدارەدان بەرز کردووەتەوە.