پەروین بوڵدان: عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت هەمووان پشتگیری ئەم پرۆسەیە بکەن

پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی باسی لە دیدارەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردو وتی: ئیرادەی بەرز بوو، ویستی لەگەڵ سەرکردە گشتیەکانی حزبەکان بە مەهەپەشەوە کۆببینەوەو ڕێباز و خواستەکانی خۆمانیان پێ بگەیەنین.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٨ی کانوونی یەکەم، پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی"، لە زیندانی ئیمڕالی ئەمنی باڵای جۆری ئێف لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کۆبونەوە، ئەو شاندە سەبارەت بە دیدارەکەیان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو پەیامی ڕێبەری گەلی کوردیان هاوبەش کرد.

 

 پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی وان، کە بەشداریی لە دیدارەکەدا کردبوو، بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کرد.

 

 "بەجۆش و ئیرادە بوو"

 پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەکرد، دیدارەکە دوێنێ کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی دەستیپێکرد و کاتژمێر ١٣.٠٠ دوانیوەڕۆ کۆتایی هات، دوای ١٠ ساڵ، جارێکی دیکە لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبووەتەوەو وتی: پێم وت؛ 'زۆر دڵخۆش بووم کە دوای ١٠ ساڵ جارێکی تر ئێوەم بینیەوە'. من بەم شێوازە دەستم بە قسەکردن کرد، زۆر بە جۆش  بوو، ئیرادەی زۆر باش بوو، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە بوو، هەر کە چووینە ژوورەوە سڵاومان لە یەکتر کرد و یەکسەر دەستمان بە قسەکردن کرد.

 

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان،  ئاگاداری کۆبوونەوەکە بووە و وتی: "چۆن لەسەر مێزەکە دانیشتین، بەڕێز ئۆجالان وتی؛ "ڕاستەوخۆ دەچمە سەر بابەتەکە" و دواتر دەستی بە هەڵسەنگاندن کرد .

 

"دەیویست لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببینەوە"

 پەروین بوڵدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ویستی لەگەڵ سەرکردە گشتییەکانی حزبەکان کۆببینەوە، هەروەها داوای کرد هەمووان پشتگیری ئەم پرۆسەیە بکەن، هەر بۆیە بە من و سڕی سورەیا ئۆندەری وت؛ 'دەتوانن ئەحمەد تورکیش لەگەڵتان بێت، پێویستە هەر سێکتان بە زووترین کات کۆبوونەوەکان ئەنجام بدەن، هەر بە مەهەپەشەوە، لەگەڵ سەرکردە گشتییەکانی حزبەکان کۆببنەوە، کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ مندا، ڕێبازی من بۆ ئەم پرۆسەیە و چاوەڕوانییەکانم لەگەڵیاندا باس بکەن. دوای سەری ساڵ، داوای کۆبوونەوە لە سەرکردە گشتییەکانی حزبەکان دەکەین و کۆبوونەوەکانمان ئەنجام دەدەین.

 

 پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە جارێکی تر لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆدەبنەوە و لە وەڵامی پرسیاری کە "ئایا هیچ گەرەنتییەکتان پێدراوە بۆ کۆبوونەوەی دووەم؟" وتی: بەڵێ.