"پەرتوکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگە و ژنان هۆشیار دەکەن"

ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە مەنبەج خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەک هەوڵی ڕێکخستنی ژنان و پەرەپێدانیان و زیادکردنی زانیارییان لە کۆمەڵگەدا باس دەکەن.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبەج- ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی مەنبەجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەستیان بە خوێندنەوەی پەرتوکی سۆسۆلۆژیای ئازادی لە نووسینی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد، خوێندنەوەی پەرتوکەکە ماوەی ٨ ڕۆژە بەردەوامە، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا کە بەشدارییان لە خوێندنەوەکەدا کردووە ڕایانگەیاند، ئازادی ژنان و جێبەجێکردنی دیدگاکانی نەتەوەی دیموکراتیک بابەتە سەرەکییەکانی ناو پەرتوکەکەن.

 

ئاسیا محەمەد، بەرپرسی لیژنەی پەروەردە و ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە مەنبەج، وتی: خوێندنەوەی پەرتوکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و تێگەیشتن لێی ٨ ڕۆژی خایاند، ئێستا خەریکی خوێندنەوەی سێیەمین پەرتوکی سۆسۆلۆژیای ئازادین، چەندین چەمکی نوێ هەن کە فێری دەبین، هەروەها شیکاری ڕێبەر سەبارەت بە پرۆسەی مێژوویی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ سروشت و ژنان، لە هەمان کاتدا پەرتوکەکە ڕۆڵی ژن و کۆمەڵگەی ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەخۆ گرتووە و شیکاری لەسەر ئەو پرۆسەیە دەکات، پێویستە هەمووان پەرتوکەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بخوێننەوە، چونکە بیر و سەرنجی زۆریان تێدایە کە کۆمەڵگە و ژنان سودی لێ دەبینن.

 

"ئامانج ڕێکخستن و پەروەردەکردنی ژنانە"

فەزیلە عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی مەنبەج وتی: زۆرێک لە ژنان بە پێشەنگی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا دەستیان کردووە بە خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەرتوکەکان دیدگاکانی نەتەوەی دیموکراتیکن و ئەو بناغانەی تێدایە کە لەسەری بونیاد نراوە، وەک ئازادی ژن و ئیکۆلۆژیا، مەبەست لە خوێندنەوەی ئەم پەرتوکانە ڕێکخستنی ژن و کۆمەڵگەیە، خوێندنەوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بوونی خۆیان بزانن، چونکە ژن بنەمای سەرەکی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکانە، لە پەرتوکەکانیشدا پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەگەر ژنان ئازاد بن کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت.

 

"پەرتوکی ڕێبەر ڕێگای ئازادی و دیموکراسی بە پێکهاتەکان دەبەخشێت"

خەدیجە شواخ، بەرپرسی نووسینگەی ژنان لە دەستەی شارەوانی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی خوێندنەوەی پەرتووکەکان کرد وتی: ئێمە سوودمان لە خوێندنەوەی پەرتووکەکان وەرگرتووە، چونکە کەیسە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی بابەتی ژنان لەخۆدەگرێت، تەواوی چارەسەرییەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، پرسە سیاسییەکان و پرسەکانی تایبەت بە ژنانی تێدایە.