دیدارێک بە ناونیشانی "پرسەکانی ژنی کورد لە دوێنێ و ئەمڕۆدا" ڕێکخرا
لە بارەی پرسە جیاوازەکانی ژنانەوە،دیدارێک بە ناونیشانی " پرسەکانی ژنانی کورد لە دوێنێ و ئەمڕۆدا"، بە بەشداری چەندین توێژەر و چالاکوان، لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا.

سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٥ی تەمووز، لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، لە لایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، دیداری " پرسەکانی ژنانی کورد، لە دوێنێ و ئەمڕۆدا"، بە ئامادەبوونی چەندین چالاکوان و توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆ، بۆ شرۆڤەکردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ژنان لە بارەی پرسەکانی ژنان لە قۆناغێکی دیکەی ژیانی ژناندا بەڕێوەچوو، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و پاشان پانێڵێک بە بەشداری ڕێبوار سیوەیلی، دکتۆر بێخاڵ ئەبوبەکر، سنور ڕەحمان، دکتۆر عالیە فەرەج، محەمەد بەکر، شیرین تاهیر، بەڕێوەچوو.
بێخاڵ ئەبوبەکر، توێژەری کۆمەڵایەتی کە خاوەنی چەندین توێژینەوەیە لە بارەی پرسەکان و زمانەوانی ژنان، هەروەها ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە ئاماژەی بەوەکرد، ناتەواوی زمانی ژنان بۆ کاریگەری زاڵبوونی زمان کولتووری کۆمەڵگە و پیاوان دەگەڕێتەوە، وتیشی: هەژموونی پیاوسالاری بۆ ناو کۆمەڵگە کاریگەری بەسەر زمانی ژنان کردووە، جیاوازی شێوازی دەربڕینی ژنان هۆکاربووە بۆ پلە دووی ژنان لە شێوازی زمانەوانیاندا، دەربڕینی بە پێچوپەنای وایکردووە زمانی پیاو زاڵتربێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، سەرەڕای هەبوونی سروشتی ژنان بەڵام کاریگەری پەروەردە کردنی ژنان هەر لە منداڵییەوە کاریگەری بەجێ دەهێڵێت، زۆرێک لە ژنان بەهۆی دەربڕینی جیاواز بەرامبەر پیاوان کێشە وئاریشەیان بۆ دروست دەبێت، پیاو وشەکان و دەربڕینەکانی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێت، بەڵآم ژنان بۆ دەربڕینی هەست و سۆزیان چەندین شێوازی دەربڕینی گفتوگۆیان هەیە، بۆیە پیاوان کێشە ە زمانی ژناندا دروست دەکەن.
"هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوان لە بارەی جێندەری زمانەوانییەوە ئەرکێکی گرنگە"
ئاماژەی بە جیاوازی ڕەگەزی لە زمانەوانیدا ل نێون ڕەگەزەکاندا داو وتی: تیشکخستنە سەر جێندەری زمانەوانی بابەتێکی گرنگی ژیانکردنی نێوان ڕەگەزەکانە، لە چوارچێوەی ژیاندا هەبوونی هۆشیاری کار ئاسانی ژیان دروست دەکات، هەبوونی هۆشیاری لەو بوارەدا ژیان و لێکتێگەیشتن لە نێوان هاوژینان و خێزنەکاندا دروست دەکات.
وتیشی: هەبوونی ئەو پانێڵانە کارێکی گرنگە بۆ خێزان و بە تایبەت هاوژینەکان، تا بتوانن لە ڕێگەی هۆشیارییەکانەوە ژیانکردن ئاسانتر بکەن، بۆ لێکنزیکبوونەوەی بیروبۆچونەکان کارێکی گرنگە، هەروەها هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگە ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە.
سنور رەحمان، ڕۆژنامەنوس وتی: لە چوارچێوەی ئەو دۆخە نەتەوەیەیی و سیاسییەی بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد لە ئێستاو لە ڕابردودا و وتی، زادەی گەڕاندنەوەی گفوگۆکان لە چوارچێوەی کەسایەتی ژن لە ڕابردودا و لێۆڵینەوەیەکی سۆسیۆ لۆژیانە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بوو، هاوکات لە چوارچێوەی ئەو تیۆرە کۆمەڵایەتیانەی جیهاندا کە پێناسەی کەراکتەری ژن دەکات.
هەروەها لەسەر ئەزمونی ژنانی کورد لە ناو چاپەمەنی کوردیدا وتی: لە گۆڕانکاری بزووتنەوە و شۆڕشەکانی گەلی کورد چاپەمەنی کوردیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە هەرچەند لە قۆناغێکدا ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە ئاڕاستەکردنی دیدگای نەتەوەی و سیاسیدا بەتایبەت ڕۆڵی ژنان لە نێو چاپەمەنیدا گرنگبووە و لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا چاپەمەنیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کەسایەتی ژنی کورد لە نێوچاپەمەنیدا بەشێکی گرنگ بووە لە شێوەی نووسەر، وەرگێڕ و دەستەی چاپەمنی بووە و هەوڵیداوە سەربەخۆیانە و بەدیدگایەکی ژنانە کاربکات، بۆیە ژنانی کورد خاوەن مێژوویەکن لە گۆڤار، ڕۆژنامە و ماڵپەڕاکان هەروەها بە پێشکەوتنی دیدگای فێمێنیستی و زانستی ژنۆلۆژی چاپەمەنی لە چوارچێوەی ڕۆڵی کارێکتەری ژندا ڕۆڵێکی گرنگی بینیووە.
شیرین تاهیر، نووسەر و چالاکوان وتی: ئامانجی ئێمە لە ئەنجامدانی ئەم دیدارە ئەوەیە، لە هەر چوارچێوەی هەشتی مارس و ڕۆژانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کارنەکەین بەڵکو لە ڕۆژەکانی تریشدا هۆشیاری لە نێو کۆمەڵگە و بەتایبەت ژناندا بڵاوبکەینەوە، وتیشی تەوەرەکانی ئەم دیدارە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ لەخۆ دەگرێت وەک کێشەکانی ژن و یەکسانی جێندەری، هەوەها بەشداری ژنان لەکایە سیاسیەکان و نەتەویەکاندا، بابەتێکی دیکە مێژووی ڕۆژنامەگەری ژنی کورد و خەبات و تێکۆشانیان کە چۆن ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە کۆمەڵگەوە لەم دیدرەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
لە کۆتاییدا بە خەڵاتی ڕێزلێنانی پانێڵیستان کۆتاییان بە دیدارەکە هێنا.