نزیکەی ٨٠ فەرمانی دەرکردووە
ئیرلەندا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ژنانی ئەفغانستان، دەشڵێت: تاڵیبان سیستەمی جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان بە سەپاندنی کۆتوبەندی فراوان بەسەر ژناندا دامەزراندووە.

ناوەندی هەواڵ- کارۆل جێنیفەر، نێردەی ئیرلەندا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە مەبەستی پێشێلکارییەکانی تاڵیبان بۆ سەر ژنانی ئەفغانی لەگەڵ چوار چالاکوانانی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان کۆبووە و دواتر لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
کارۆل جێنیفەر ڕایگەیاندن کە:" ئیرلەندا بە توندی ئیدانەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دژی ژنان دەکات لە لایەن تاڵیبانەوە، هەروەها وڵاتەکەم بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ژنان ئەفغانستان."
ئاماژەی بەوەشکرد، تاڵیبان سیستەمی جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان بە سەپاندنی کۆتوبەندی فراوان بەسەر ژنان دامەزراندووە.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تاڵیبان بە ئامانجی سنووردارکردنی مافەکانی ژنان نزیکەی ٨٠ فەرمانی دەرکردووە و جێبەجێیان کردووە ، ئەم فەرمانانە ژنان و کچانی لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە و ناچاریان کردووە لە ماڵەوە بمێننەوە.