نیاز عەبدوڵا: هێرشی دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی بۆسەر رۆژنامەنووسان کارێکی تاوانکارییە
ڕۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا دەڵێت: ێرشی دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆسەر رۆژنامەنووسان و بەكارهێنانی لێدان و تووندوتیژی بەرامبەریان، هەروەها بردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانییان، كارێكی تاوانكارییە.

ناوەندی هەواڵ
شەوی رابردوو ٢٤ی شوبات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیانکردە سەر چادری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی کە لەسەر ڕێگای عەربەت-سلێمانی داندرابوو بەمەبستی ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی تانکەرە نەوتی قاچاخ بۆ مەرزەکان و داواکردنی مافەکانیان کە سەرەتاییترینی موچەیە.
لە کاتی ڕووماڵی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازیدا لەسەر ڕێگای سلێمانی- عەربەت، هێزە ئەمنییەکان هێرش و پەلاماری توندیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدا و ئازاری بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانیاندا و کەلوپەلەکانیانیان لێسەندن و کەرەستەی میدیایی بەشێک لە میدیاکانیشیان شکاند.
لە درێژەی کاردانەوەکاندا نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس لە نووسینێکیدا هاتووە: هێرشی دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆسەر ڕۆژنامەنووسان و بەكارهێنانی لێدان و تووندوتیژی بەرامبەریان، هەروەها بردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانییان، كارێكی تاوانكارییە و ترسە لە گواستنەوەی ئەو ڕووداوە تووندووتیژانەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سەر رێگای عەربەت ئەنجام دەدرێت، لێدان و تووندوتیژی بەرامبەر بە چاوەڕوان مەحمود پەیامنێری دەزگای میدیایی شارپرێس، كە دوای هێرشكردنەسەری كەرستە رۆژنامەوانییەكانیشی دەستی بەسەردا گیراوە، دەرخەری ئاست نزمی و تاوانكاری ئەو هێزە ئەمنیانەیە كە بە فەرمانی سەرووی خۆیان گڵۆپی سەوزیان بۆ پێكراوە تا هێرشەكانیان بۆ سەر رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیامنێرەكەی شارپرێس بەهۆی ئەو لێدان و ئەشكەنجانەی رووبەڕووی بۆتەوە ئێستا لە نەخۆشخانەیە، بە ئومێدم لە رێگای راپۆرتی پزیشكی و ئەو بەڵگەنامانەی دیكە كە لە ژێردەستتان، ئەو تاوانانەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی بە بەڵگەنامەیی بكەن، بۆئەوەی وەكو تاوانەكانی "دێگەڵەی پارتی" لەناو مێژووی رەش و تاریكیان بگێڕدرێتەوە و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و شەرمەزاری ببنەوە بەهۆیەوە.
نیاز عەبدوڵا ئەوەشیخستەروو، ناردنی خەڵكی سەر بە دەزگا ئەمنییەكان بە جلی مەدەنییەوە بۆ ناو خۆپیشاندانی مامۆستایان، لەو پێناویە رێڕەوی خۆپیشاندانی مەدەنیانەی فەرمانبەران بشێوێنن و لە دروستكردنی ئەو وێنە شێوێندراوەدا یەكێتی بیانوویەكی دەست بكەوێت بۆ كۆتاییهێنان بەو ناڕەزایەتیانە، ئەمەش سیناریۆیەكی دووبارەیە و راستییەكانی پێ ناشاردرێتەوە، یەكێتی لەبری ئەوەی ئازادكردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوكری زەینەدین بكات بە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكان و بەسەر پارتی دا بیسەپێنێت بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، بەڵام پێدەچێت پارتی مەرجی تێكدانی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی بەسەر یەكێتی سەپاندبێت بۆ بەشداری پێكردنی لە حكومەت.
لە کۆتایی نیووسینەکەیدا وتی: بەهیوای تەندروستی باش بۆ چاوەڕوان مەحمود و رۆژنامەنووسان لەگەڵ تەواوی ئەو مامۆستا و خۆپیشاندەرانەی هێرشیان كراوەتەسەر، ئازادی بۆ مامۆستایانی دەستگیركراو.