نەتەوە یەکگرتووەکان: زیادبوونی ئاوارەبوون و نائاسایشی خۆراکی توند لە کۆردۆفان و دارفور

قەیرانی مرۆیی لە سودان بەهۆی بەردەوامیی توندوتیژی و فراوانبوونی ئاوارەبوونەوە قووڵتر بووەوە، بەتایبەت لە کورردفان و دارفۆر، کە تێیدا نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە تێکچوونی خێرای ئاسایشی خۆراک و بەرزبوونەوەی پێویستییە بنەڕەتییەکانی ئاوارەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سودان لێکەوتەکانی قەیرانی مرۆیی لەگەڵ قووڵبوونەوەی توندوتیژی و تێکچوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکاندا فراوانتر دەبن، ئەمەش هاوڵاتیی زیاتر بەرەو ئاوارەبوون دەبات و کەمیی خۆراک و پەناگە قووڵتر دەکاتەوە، لە سایەی کەلێنێکی دارایی کە ڕێگرە لە بەردەم وەڵامدانەوەی پێویستییە بەپەلەکان.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٠ی تەمووز، هۆشداری دا لە بەردەوامیی تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە سودان لەگەڵ سەرهەڵدانی توندوتیژی و فراوانبوونی بازنەی ئاوارەبوون، بەتایبەت لە هەردوو ولایەتی کورردفان و دارفۆر، وتەبێژی ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستییە مرۆییەکان بەهۆی بەردەوامیی جەنگەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکەن.

 

لە باکووری کورردفان، بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاگاداری کردەوە لە تێکچوونێکی خێرا لە شاری ئەبیەز بەهۆی لێشاوی ئاوارەکان بۆ ناو شارەکە، ئاماژەی بەوەدا، کە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە ناوچەکانی شیکان و بارا و ڕۆژئاوای بارا رووبەڕووی ئاستی لەناکاو لە نەبوونی توندی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە.

 

لە پارێزگای دارفۆری ناوەڕاستیش، هەڵسەنگاندنێکی نوێی هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخست کە خۆراک بەپەلەترین پێویستییە بۆ نزیکەی ٢٣٦ هەزار ئاوارە لە پێنج شوێن لە ناوچەی ڕۆژئاوای شاخی مرە، سه‌بارەت بە دارفۆری باشووریش نزیکەی چوار هەزار خێزان بەهۆی توندوتیژیی نێوان کۆمەڵگە خۆجێییەکانەوە ئاوارە بوون، کە پێویستییەکی بەپەلەیان بە پەناگە و کەرەستەی بنەڕەتی هەیە.

 

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکارییەکەی نوێ کردەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و ژێرخانی مەدەنی، ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر پێویستیی دابینکردنی بودجەیەکی خێرا و نەرم بۆ ئەوەی هاوبەشە مرۆییەکان بتوانن پێویستییە پەرەسەندوەکان لە سەرجەم ناوچەکانی سودان پڕبکەنەوە، هەروەها پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی تاوەکو ئێستا تەنها بە ڕێژەی ٣٩٪ پارەی بۆ دابین کراوە، بە جۆرێک کە تەنها ١.١ ملیار دۆلار لە کۆی ٢.٩ ملیار دۆلاری داواکراو کۆکراوەتەوە.