نێرگز ناسری بە زیندانی کردن سزا درا

ژنێکی مەسیحی دانیشتووی تاران بە ناوی نێرگز ناسری لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای تێهەڵچوونەوە سزای ١٦ ساڵ زیندانیی و ١٥ ساڵ بێبەشکردنی لە مافە کۆمەڵایەتییەکان و سزای دارایی بە بڕی ٣٣٠ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سزادانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە سزادانی ژنێکی کرستیان ڕایگەیاند، ژنێکی کرستیانی دانیشتووی تاران بە ناوی نێرگز ناسری لەلایەن لقی ٣٦ـی دادگای تێهەڵچوونەوە سزای ١٦ ساڵ زیندانیی و ١٥ ساڵ بێبەشکردنی لە مافە کۆمەڵایەتییەکان و سزای دارایی بە بڕی ٣٣٠ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نێرگز ناسری بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندەی پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام لە ڕووی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی کاریگەر و قووڵایی تاوانی بەرفراوان” و “پڕوپاگەندە لە دژی دەوڵەت” سزا دراوە.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی ٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ و لە مانگی یەکەمی دووگیانیدا نێرگز ناسری لە شاری تاران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە دەستگیر کرا و بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە، دواتر لە ڕۆژی ٢ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە تا کاتی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا، هەروەها لە ڕۆژی ١٤ـی شووباتی ٢٠٢٥ لە لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی تاران دانیشتنی دادگایی کردنی لە لقی ٣٦ـی دادگای تێهەڵچوونەوە بەڕێوەچوو.