نێرگس محەمەدی ئیدانەی "توندوتیژی کوشندە" دەکات دژی ژنانی خۆپیشاندەر

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە نامەیەکدا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی جەستەیی و لێدانی ژنانی زیندانی سیاسی و ئەو خۆپیشاندەرانەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

 

ناوەندی هەواڵ- لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی و پاشان خۆپیشاندانە گشتییەکانەوە، هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ فشار و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان چڕتر بوونەتەوە.

لە نامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤین دەستگیرکراوە، ئاماژەی بە بارودۆخی ئەو ژنانە کردووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ژنان و وتی: لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ئێمە ژنانمان بینیوە کە ڕوخسار و جەستەیان بریندار بوون.

لە نامەکەیدا هاتووە: دەستگیرکراوەکان ڕاپۆرت لەسەر ئەو زیانە جەستەیی و توندوتیژییانە نادەن کە ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی ترسیان لە دادگاییکردن و لێپێچینەوە و هەڕەشەکانە، خێزانەکانیان خۆیان بەدوور دەگرن لە ڕاپۆرتکردنیان و ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

 

"ئەشکەنجەیەکی سیستماتیکیە بۆ دروستکردنی تۆقاندن"

وەک شایەتحاڵێک بۆ توندوتیژیی جەستەیی ترسناک و کوشندەی حکومەت دژی ژنانی خۆپیشاندەر، من ڕایدەگەیەنم کە بەکارهێنانی ئەم ئاستەی توندوتیژی جەستەیی لە شوێنە نایاساییەکانی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ئەشکەنجەیەکی سیستماتیکییە بۆ دروستکردنی دۆخێکی تۆقاندن و کە دەکرێت ببێتە هۆی کارەساتی چارەسەر نەکراو.

لە نامەکەیدا، نێرگس محەمەدی داوای لە هاوڵاتیان و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان و فێمێنیستی و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کرد کە ڕێگری لە توندوتیژییە کوشندەکانی حکومەت بکەن دژی خۆپیشاندەرانی ژنان.

نێرگس محەمەدی لە نامەیەکیدا بۆ ڕژێمی ئێران وتی: چڕبوونەوەی سەرکوتکردن ئیرادەی هاوڵاتیان بۆ جوڵە و ڕزگاربوون لە دەسەڵات لاواز ناکات و هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ ناهێڵێت.