ناوی " ژینا ئەمینی" لە پەرلەمانی تورکیا سانسۆر کرا

گوڵدەرەن ڤارلی، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان "دەم پارتی" کە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان قسەی کرد و ناوی ژینا ئەمینی هێنا کە لە ئێران کوژرا، مایکەکەی لێ کوژانێندرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵدەرەن ڤارلی، پەرلەمانتاری وانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان قسەی کرد، ناوی ژینا ئەمینی  هێنا کە لە ئێران کوژرا و مایکەکەی لە ترسی قسەکردن بە زمانی کوردی کوژایەوە. "ژن، ژیان، ئازادی" لە خولەکی پەرلەماندا تۆمار نەکرا.

 

'هەرگیز ڕێپێوان و هاوارکردن بۆ ژن، ژیان، ئازادی ڕاناگرین'

گولدەرەن ڤارلی لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند، بە سەردەمی مێژووییدا تێدەپەڕن، وتی: مێژوو ئەوەمانی بۆ دەرخستووە کە ئەوانەی خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن درەنگ یان زوو سەردەکەون؛ ئەمڕۆش ژنان و خەڵک و ئایینەکان و هەموو گروپە چەوساوەکان خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار، ژنان بە ڕەنگ و دروشمەکانیان بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن بۆ ئاشتی؛ دەنگی ئاشتی لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوەی ژنانەوە بەرز دەبێتەوە و دەنگ دەداتەوە، ئێمە نەک تەنها ڕۆژێک بەڵکو هەموو ڕۆژێک دەنگمان بەرز دەکەینەوە دژی توندوتیژی و سووکایەتی و ستەمکاری دەوەستینەوە، لە ئامەدەوە تا هیندستان، لە ئەستەنبوڵەوە تا ئێران، بەرخۆدانی ژنان هیچ سنوورێک ناناسێت. هەرگیز ڕێپێوان و هاوارکردن بۆ ژن، ژیان، ئازادی ڕاناگرین.

 

داواکاری گەل بۆ ئاشتی و دیموکراسی سنوورەکانی وڵاتی بەزاندووە

وەک دەزانرێت ژنان و کرێکاران و گەنجان لەم وڵاتەدا پێویستیان بە بەرنامەی کۆنکرێتی ئاشتی و چارەسەری هەیە. لەم واقیعەدا پێویستە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چارەسەرێکی دیموکراسی دابین بکرێت و زیاتر جەخت لەسەر ئاشتی بکرێتەوە، داواکاری گەل بۆ ئاشتی و دیموکراسی سنوورە نەتەوەییەکانی تێپەڕاندووە و کاتێک هەموو جیهان باسی ئاشتی دەکات، پێویستە پشتیوانی ئەو کەسانە بکەن کە ئاشتی بونیاد دەنێن، با ئایندەیەکی پڕ لە ئومێد بۆ منداڵ و گەنجان و ژنان بەجێبهێڵین، ئاشتی و دیموکراسی تەنیا بۆ کورد نییە، بۆ گەلی تورکیا و مرۆڤایەتی بەنرخ و گرنگە.