نامەیەک لە ئێڤینەوە بۆ ژنی دادپەروەر؛ سێپیدە قولیان 'نا بۆ مردن' هاوارێکە کە داهاتوو دروست دەکات
سێپیدە قولیان،زیندانی سیاسی،لە زیندانی ئێڤینەوە،بە زمانێکی پڕ لە هاوسۆزی و خۆڕاگری،نامەیەکی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ ڕۆناهی حوسێن نەژاد،ژنە گەنجیکی زیندانییەک کە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە،نووسیوە و بەرگری لە مافی ژیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ- لە کاتێکدا حوکمی لەسێدارەدان لە ئێران نیگەرانییەکانی زیاتر بووە، سێپیدە قولیان، زیندانیی سیاسی زیندانیکراوی ئێڤین، نامەیەکی کراوەی بۆ ڕۆناهی حوسێن نەژاد، کچی حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو بڵاو کردەوە، کە تیایدا بەرگری لە مافی ژیان دەکات و بە دڵسۆزانە و بە سۆز و ناڕەزایەتییەوە دژایەتی سزای لەسێدارەدان دەکات.
دەقی تەواوی ئەم نامەیە کە لە فەزای ئەلیکترۆنیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە بەم شێوەیە:
بەناوی مرۆڤایەتی، بەناوی دادپەروەری
ڕۆناهی ئازیزم سڵاو.
بەداخەوەم کە ئەم نامەیە لە هەلومەرجێکی وا تاڵدا دەنووسرێت، بەڵام شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە بەهۆی تۆوە خوشکە بچووکە ئازاکەم، دیسانەوە قووڵتر دەستم لە مانای دادپەروەری و مافی ژیان داوە.
تۆ هاو تەمەنی برازاکانم، تاهۆرا و مێهرای؛ بە هەمان شێوە پڕ لە سۆز بۆ ژیان، بە هەمان شێوە سۆز بۆ جیهانێک کە هەموو مرۆڤەکان مافی ژیانیان هەبێت. بە دەنگە بەهێز و دڵە گەورەکەت، دادپەروەریت بەبیری من و زۆر کەسی تر هێنایەوە. لەم خاکەدا کە حاکمەکانی دژی مافی ژیانمان دەجەنگن،گوێگرتن لە هاوارکردنی تۆ و منداڵانی ئەم خاکە بۆ مافی ژیان، شتێکی جووڵێنەرە؛ کە لەبری ئەوەی منداڵانە بیت، ئاڵای دادپەروەری هەڵدەگریت و بە بوێریەوە دەڵێیت "نا بۆ مردن".
ڕۆناهی ئازیزم، هەموومان یەک زنجیرەین. مافی ژیانمان وەک دۆمینۆ بەیەکەوە گرێدراوە. ئەگەر یەکێک لە ئێمە ئەم مافە لەدەست بدات، وەک ئەوە وایە هەموومان پارچەیەک لە خۆمان لەدەست داوە. بە ڤیدیۆ سۆزداریەکەت، بە فرمێسک و قسەکانت، نیشانت داین کە نابێت دەستبەرداری ئەم مافە سادەیە بین. من و زۆر کەسی تر لەگەڵتداین، بۆ باوکت حەمید حسێن نژاد حەیدەرنلوو و بۆ هەموو ئەوانەی کە مەترسی لە سیدارەدانیان لەسەرە.
زەوتکردنی مافی ژیان، بە هەر فۆرمێک یان پۆشاکێک بێت، جێگەی سەرزەنشتکردنە
مافی ژیان و بەدواداچوون بۆ دادپەروەری بەهایەک نین کە بە ئاسانی پشتگوێی بخەین. کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە کەسانی وەک ئێوە هەیە؛ بۆ ئەوانەی بە ئازایەتی خۆیان بەئاگامان دێننەوە. ڕەنگە ئەمڕۆ تاریک بێت، بەڵام هیوایەکی زۆرم هەیە. سبەینێیەک کە تۆ و کەسانی وەک تۆ بگرێتەوە مانای ئەوەیە کۆمەڵگەیەکمان هەیە کە وریا بێت، کە بە هەموو فۆرم و پۆشاکێکەوە دەڵێت "نا بۆ لەسێدارەدان"، "نا بۆ مردن".
مافی ژیان بناغەی هەموو کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. کاتێک مافی ژیانی کەسێک لێ دەسەندرێتەوە، متمانە و هاودەنگی کۆمەڵایەتی لەناو دەچێت. کۆمەڵگەیەک کە ڕێز لە مافی ژیان بگرێت نەک تاکەکانی بە زیندووی دەهێڵێتەوە، بەڵکو هیوا و مرۆڤایەتی و هەستکردن بە سەربەخۆیی لە دڵی هەمووماندا بەهێز دەکات.
تۆ ڕۆناهی ئازیز، بە هاواری دادپەروەری، بیرت هێناینەوە کە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیە، پێویستە پێکەوە بوەستین و بەرگری لە مافی ژیانی هەموو مرۆڤێک بکەین، وەک باوکت.
هیوا، ڕووناکی ئازیزم، ئەو بڵێسەیە کە لە دڵتدا دەسوتێت؛ باوەڕێکی ڕەگداکوتاو کە تەنانەت لە تاریکترین شەویشدا، لەگەڵ هەر هاوارێک بۆ دادپەروەری، ئەستێرەیەک لە ئاسمانی کۆمەڵگەکەماندا ڕووناک دەبێتەوە.
ڕۆناهی ئازیزم بێ ئەوەی دەنگی تۆ ببیسترێت. بەڵێن دەدەم بە هەر شێوەیەک لە توانامدا بێت چیرۆکی تۆ و باوکت بگێڕمەوە.
تۆ تەنیا نیت. هەموومان لە پشت ئێوە و خێزانەکەتەوەین.
بە دڵەوە هیوای ئازادی و ژیان بۆ ئێوە و باوکتان دەخوازم. دەنگت ڕوونە ئازیزم و سەرت تەندروستە خوشکە بچووکەکەم.
هاوڕێکەت
سێپیدە قولیان
لە زیندانی ئێڤینەوە