شارا عەبدولکەریم: گەشبین نین لەو حکومەتەی ژنان تێیدا بەشدار نین

لە حکومەتی نوێی عێراقدا ژنان بەشداری پێ نەکراون و تەنها یەک ژن پۆستی وەزیری وەرگرتووە کە وەزیری ژینگەیە، بەشدار نەبوونی ژنان دەرخەری ئەو رادستییەیە کە حکومەتەکان هەمیشە بەدەست پیاوانەوەن.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ بە فەرمی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا و وەک هەمیشە کە پیاوێک سەرۆک وەزیرانە "عەلی فالح زەیدی" وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستبەکاربوو، لە کاتێکدا کابینەی پێسووی حکومەت سێ وەزیری ژنی لەخۆگرتبوو، کابینەی نوێ پێکهێنراو ئەم ژمارەیەی کەمکردەوە.

 

شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دەرخەری ئەوەیە کە پۆستە باڵاکان و بڕیاردەرەکان هەمیشە بەپیاوان دەدرێن، عەقڵییەتی سیاسیی باڵادەست دەیەوێت پێگەی ژنان سنووردار بکات، ئەم عەقڵیەتە لەمێژە بەردەوامی هەیەو سەرەڕای داواکاری و دەنگی ژنان هێشتا گوێ بۆ ژنان ناگیرێت، بەپێی سیستمی کۆتا کە لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ کەمترین بە ڕێژەی ٢٥٪ نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا فەرمان دەکات، پارتە سیاسییە گەورەکان زۆرجار ئەم کەمترین ئاستە وەک زۆرترین مامەڵەی لەگەڵ دەکەن نەک وەک هێڵی بنەڕەتی. لە ئەنجامدا ژنان بە دەگمەن لە پۆستی سەرکردایەتیدا لە ناو لیژنەکانی پەرلەمان یان کابینەدا دادەنرێت، لەکاتێکدا سیستمی کۆتا لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا تاکە مسۆگەرە بۆ پاراستنی مافی ژنان، چونکە بەبێ ئەو سیستمە، حزبەکان پۆستەکان وەک "خێر و سەدەقە" بە ژنان دەدەن، هێشتا نۆرمەکانی پیاوسالاری ڕەگداکوتاوی قووڵ، نەریتە خێڵەکییەکان و کولتوورێکی سیاسی کە پیاوان زاڵن، بە توندی ژنان لە دەستەبەرکردنی ڕۆڵی باڵای جێبەجێکردن و بڕیاردان سنووردار دەکەن.

 

شارا عەبدولکەریم، چالاکوان سەبارەت بە پرسی دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستەکانی حکومەتی نوێی عێراق قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا ئێمەی ژنان نیگەرانی زۆرمان بۆ دروست بووە لەبەرئەوە ژنان لە پەراوێزەوە بۆ زیاتر پەراوێز خستن هەنگاو دەنێت، لە حکومەتی نوێی عێراقدا کەمترین ژن هەیەو تاکە ژن کە هەیەو کوردە، ئەمەش وادەکات گەشبین نین بەو حکومەتەی ژن تیایدا بەشدار نییە، هەروەها ژن رۆلی لە حکومەتدا نییە، سیستەمی کۆتا لەمڕۆی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستییەکی بەرچاوە، بەبێ کۆتا هیچ حزبێکی سیایسی نایانەوێت ژن بەپیی تواناو لێهاتووی خۆی پۆستەکان وەربگرێت.

 

"پێویستە سیستمی کۆتا  جێبەجێ بکرێت"

شارا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەو بۆ سیستمی  کۆتا تا کە مسۆگەری دانانی ژنانە، بۆیە گرنگە بە سیستمی کۆتا بەشداری لەحکومەت بکەن، ئەگینا بوونی ژن لە کابینەکان بەرەو دواوە دەچێت، نەبوون و بۆشایی ژن لە کایەی دیموکراتی وادەکات ژنان بەرەو دواوە بچن و کاری لەسەر نەکرێت، بۆیە پێیوستە کۆدەنگی ژنان لە عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لە ئێستادا، تا ئێستا وەکو سەدەقە بە ژنان دەکرێت تەنها بۆ لە بەرچاوی میدیا ڕێژەیەک لە ژنان بەشداری پێدەکرێت، ئەگینا وەک توانا و لێهاتوویی خۆیان بەشدار نەکراون، دەبێت فشاری جدی هەبیت بۆ ئەوەی حزبە سیایسەکان ناچار بکرین، هەروەها پێویستە بتوانن ئەو جێیە پڕ بکەنەوەو ڕۆلی دروست بگێڕن لە ناوەندەکانی بڕیار نەوەک خێریان پێبکرێت.