مەخموور: دەوڵەتی تورکیاش دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات

ژنانی کامپی پەنابەرانی مەخموور تا کۆتایی پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و ڕایانگەیاند: دەوڵەتی تورکیاش دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

مەخموور

 

شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" دوای سێیەمین دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوبات بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش کرد،  ڕێبەری گەلی کورد بە بانگەوازە مێژووییەکەی بۆ 'کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئاشتیخواز' دەستپێشخەری هەنگاوێکی نوێی کرد.

 

ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم کودی "مەخموور" کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی سیاسەتە جینۆسایدییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئاوارە بوون، ڕایانگەیاند کە ئەوانیش وەک گەلی کورد تا کۆتایی قسەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیڕەو دەکەن و داوای بەهێزکردنی خەبات دەکەن.

 

"بانگەوازی ڕێبەربانگەوازێکە بۆ ئاشتی و دیموکراسی"

فادیلە پیرانی سەرەتای قسەکانی بە دەربڕینی هەستی خۆی لەگەڵ بینینی وێنەی ڕێبەر دەستپێکرد و وتی: پێش هەموو شتێک سڵاو و هەستەکانم بۆ ڕێبەر دەنێرم، ڕێبەر داوای ئاشتی و دیموکراسی کرد، دەوڵەتی تورکیاش دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات، هەموو گەلی کورد و وڵاتانی دیکە پشتیوانی بانگەوازی ڕێبەریان کرد کە بانگەوازێکی مێژووییە بۆ هەموو گەلان، ئەرکەکانی گەلی کوردستان پتەوکردنی یەکڕیزی و زیادکردنی خەبات و تێکۆشانییە.

 

"ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە گرنگترە لە نان و ئاو"

فادیلە پیرانی جەختی لە چارەسەری لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوەو وتی: هیچ کەسێک لە ڕێگەی شەڕەوە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە و لە کۆتاییدا هەموو شتێک لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت، هەروەها ڕێبەر دەیەوێت چارەسەرەکان بەرەوپێش ببات و هەوڵدەدات ڕێگری لە خوێنڕشتن بکات، پێویستە گەلی کورد و تورکیا پشتیوانی ئەم پرۆسەیە بکەن، کە بۆ ئێمە گرنگترە لە نان و ئاو.

 

"ئێمە تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت تێدەکۆشین"

فادیلە پیرانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەبێت هەموو گەلەکەمان لە تەنیشت ڕێبەر بوەستێت، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت، تێدەکۆشین.

 

"ڕێبەر و گەلی کورد ئامادەن بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتی"

روخۆش عەفرین ڕایگەیاند، بە ڕێز و کەرامەتەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن و وتی: دەوڵەتی تورکیاش پێویستی بە هەنگاونان هەیە، ڕێبەر ئاپۆ لە ڕابردوودا بانگەوازی هاوشێوەی بۆ وەستاندنی شەڕەکە کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەمیشە بەردەوام بووە لە هێرشەکانی، هەروەها دەمانەوێت ئاشتی بەدیبهێنرێت، چونکە ئێمە وەک گەلی کورد باجێکی زۆرمان داوە. ڕێبەر و گەلی کورد ئامادەن بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتی. پەکەکە پشتگیریی خۆشی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی و تا ئێستا هەرچی ڕێبەر ئاپۆ وتوویەتی، پەکەکە وەک ڕێکخراوەکەی بەبێ دوودڵی جێبەجێی کردووە.

 

"گەلی کورد پێویستە بە باشی لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگات"

ڕوخۆش عەفرین ڕایگەیاند کە تاکە خواستیان ئاشتییە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەم گوێ لە بانگەوازی ڕێبەر بگرن، بەتایبەت وەک گەلی کورد پێویستە ئاگاداری ڕێبەر بین و هێندەی تر لە ڕێبەرەکەمان تێبگەین.