"لەسەر هێڵی جیهان و نازم دەڕۆین"
ژنانی ڕۆژنامەنووسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئامانجکردنی هاوکارەکانیان جیهان بیلگین و نازم داشتان نیشان دا و پەیامی "ئێمە بە شوێنپێی ئەوان دەڕۆین بۆ گەیشتن بە ئازادی گەلەکەمان"یان دا.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ- ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سیرین لە کاتێکدا کە بەدواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرد، بەفڕۆکەی بێفرۆکەون کرانە ئامانج، ژنانی ڕۆژنامەنووست باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئامانجکردنی هاوکارەکانیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەوان هەمیشە دەنگی ڕاستییەکان دەبن.
"دەوڵەتی داگیرکەر بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج"
لیلاڤ حەسەن، ڕۆژنامەنووسی ستار ئێف ئێم باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کرد بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: ئەمە یەکەمجار نییە هێرشی لەو شێوەیە بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبدات، ئەم هێرشانە بەردەوامن، دەوڵەتی تورک هەمیشە بەردەوامە لە هێرشەکانی لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئامانجی داگیرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا و لەناوبردنی ئەو ڕاستییەی کە لەسەر ئەم خاکە ڕوویدا، دەوڵەتی داگیرکەر بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی، ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، هەموومان دەزانین کە کۆبانێ قەڵای بەرخۆدانەو هەنگاوی یەکەمی شکستی داعش بوو، بۆیە ئێستاش کۆبانێ لەژێر هەڕەشەی دەوڵەتی تورکیادایەو هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ، لێرەدا دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورکیا تۆڵەی داعش دەکاتەوە، چونکە لە کۆبانێ بەدەستی شەڕڤانان تێکشکاو دەوڵەتی تورک دەستبەجێ هێرش دەکات.
"دەبین بە دەنگی ڕاستی"
لیلاڤ حەسەن سەرنجی بۆ ئەو هێرشانە ڕاکێشا کە بۆ سەر مەنبج و تل ڕەفعەت و شەهبا ڕوویداو ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی تورکیا ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕاستیی ئەو هێرشانە ئاشکرا نەکات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەبینین کە لەم دواییانەدا دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر مەنبج و تل ڕەفعەت و شەهبا، هەزاران خێزان کە لە عەفرینەوە کۆچیان کردبوو لە تل ڕەفعەت و شەهبا نیشتەجێ بوون، جارێکی تر بە هێرشەکانیان خێزانەکانیان ئاوارە کرد، تاوانی جەنگیان بەرامبەر ئەنجامدرا، دەستدرێژییان کرایە سەر و ڕفێندران و سەربڕان، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوانە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت، هاوڕێ ڕۆژنامەوانەکانمان لەو بوارەدا هەوڵیاندا بە هەموو تواناکانیانەوە ڕاستییەکان دەربهێنن.
"ڕاستیەکانیان ڕادەگەیاند"
هەروەها لیلاڤ حەسەن باسی لەوەشکرد، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هاوڕێمان جیهان و نازم چالاک بوون و ڕاستییەکانیان پێ ڕاگەیاندین، ئەو دۆستانەی ئێمە هێرشیان کرایە سەر، چونکە ڕاستیەکانیان لەسەر دەوڵەتی تورک دەوت، لە کەسایەتی ئەو دوو هاوڕێیەماندا هەموو شەهیدەکان بەبیردەهێنینەوە، ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج، پێش ئەم ڕووداوە ئۆتۆمبێلی ژن تیڤی و ڕۆژنامەنووس عیسام لە دێرک و ڕۆژنامەنووس گوڵستان و هیرۆ و چەندین هاوڕێی دیکە گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە، ئامانج لە هێرشەکان ڕێگریکردنە لەوەی ڕاستیەکان بڵاونەکرێنەوە، بەڵام ئەم ئامانجە دەبێتە خەونێک بۆ دەوڵەتی تورکیا، هەمیشە ڕاستییەکان دەگێڕدرێنەوە، ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن بۆ جیهان دەگوازرێنەوە و ئێمەی ڕۆژنامەنووسان دەنگی ڕاستییەکان دەبین.
"بە هێرش، ناتوانن کاری ڕۆژنامەنووسان ڕابگرن"
ئەڤین ئیبراهیم، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان و ئازاد باسی لە بەئامانجکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کرد ئاماژەی بەوەکرد، ڕووداوە پیسەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ هەموو جیهان ڕادەگەیەنن و دەنگی ڕاستییەکان دەبن و لە کۆتاییدا وتی: ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەدوای بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخدا بوون، هاوڕێ نازم و جیهان کە دەیانویست بەدواداچوون بۆ هەندێک ڕاستی بکەن و ئەو ڕاستیانە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرانە ئامانج و شەهید کران، بێگومان کاتێک ئەم هەواڵەمان بیست دڵتەنگ بووین، بەو پێیەی دوو هاوڕێی زۆر دێرین بوون لە بواری چاپەمەنی ئازاددا، کارێکی گەورە و بەنرخیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.
ئێمە بە شوێنپێی هاوڕێکانمان بەڵێنەکەمان نوێ دەکەینەوە، لەسەر هێڵی ئەوان بەردەوام دەبین، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان کراونەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، بەڵام ئێمە بۆ یەک ڕۆژ کارەکانمان ڕانەگرتووە، دەتوانین بڵێین ئیرادەمان زیاتر دەبێت و هەرگیز دەستبەرداری کامێرا و پێنووسی شەهیدەکانمان نابین، هاوڕێ نازم و جیهان لە دڵماندا دەژین، بە شوێنپێی ئەواندا دەڕۆین بۆ گەیشتن بە ئازادی گەلەکەمان.