لەسەر گۆڕی ژنانی بێناونیشان لە سلێمانی چالاکییەکانی ٨ی ئادار دەستیپێکرد
ژنانی باشووری کوردستان، بە درووشمی “بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، گۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێن” سەردانی گۆڕی ژنانی بێناونیشانیان کرد لە سلێمانی و لەوێوە چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١ی ئادار، لەسەر گۆڕی ژنانی بێناونیشان لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی، دەستپێکی چالاکییەکانی ٨ی ئادار لەلایەن کەمپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا، لەسەر گۆڕی ژنانی بێناونیشان بە درووشمی "ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، گۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێن" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند و دواتر گوڵیان لەسەر گۆڕی ژنانی بێناونیشان دانا.
بێخاڵ سابر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: نزیک دەبینەوە لە ٨ـی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان جەخت دەکەینەوە، وەک ژنانی کورد تێکۆشانمان دژ بە سیستەمی پیاوسالاری و دەسەڵاتی کاپیتالیست و ناوەندگەرایی بەردەوام دەکەین، ئێستا ژنانی کورد لە دژی داگیرکردنی وڵات و جیاوازیی ڕەگەزیی و زوڵم و ستەمی پیاوسالاری و ژن کوشتن لەناو تێکۆشانێکی فراواندان.
ئەوەش هاتبوو تێیدا، پێشکەوتنی ژنانی کورد لە هەموو بوارەکاندا بە پشتبەستن بە خۆیان ڕێنیشاندەر و یارمەتیدەر و خاوەن ئەزمونی گرنگن لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیاندا، ژن پێگە و شوێنی خۆی هەیە لە ناوکۆمەڵگادا و لە هەمان کاتیشدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خەباتی سیاسیی، سەربازیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە ژنان ڕووبەڕووی تیرۆر و کوشتن و توندوتیژی دەبنەوە لەبەر ژن بوونیان.
دواتر چرۆ شوانی بەرنامەی کار و چالاکییەکانی کەمپەینی ژنانی باشووری بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا خستەڕوو:
١ـ ڕۆژی ١ـی مارس سەردانی گۆڕی ژنانی بێناونیشانمان کرد هەمان ڕۆژ هاشتاگێک بڵاو دەکەینەوە.
٢ـی مارس سەردانی شوێنی شەهیدبوونی پێشەنگی ژنان شەهید سالیحە دەکەین تاجەگوڵینە دادەنێین
٣ـی ئەنجامدانی سیمینارێک لەسەر پرسی ژن
٤ـی مارس سەردانیکردنی بەشی چاکسازی ژنان
٥ـی مارس هەڵمەتی نەمام چاندن ئەنجام دەدرێت
٦ـی مارس لەپێناو یەکڕیزیی ژنان لە کاتژمێر ٢ـی پاش نیوەڕۆ گرووپی ٨ـی مارس چالاکی ئەنجام دەدات و هەمان ڕۆژ ئەنجامدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی ئەو ڕۆژە، بەڕێوەدەچێت.