لە تونس ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە چالاکوانانی "فلۆتیلای چەسپاو" و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان بەڕێوەچوو
پایتەختی تونس خۆپیشاندانێکی بەخۆوە بینی کە لەلایەن هەڵمەتی دژ بە سەرکوت و تاوانبارکردنی کاری مەدەنییەوە بانگەوازی بۆ کرابوو، ئەمەش وەک پشتگیرییەک بۆ چالاکوانانی "فلۆتیلای چەسپاو و مافی فەڵەستینی"، تێیدا بەشداربووان دروشمیان بەرزکردەوە.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس ـ بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە تەسککردنەوەی جیهان بەسەر چالاکوانانی "فلۆتیلای چەسپاو" دا بە ئامانجگرتنی کاری مەدەنی و پشتگیریکردنی سیاسەتەکانی ئاساییکردنەوە دەگەیەنێت، جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی فشارەکان کردەوە لە پێناو ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان و پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و تێکۆشان لە پێناو فەڵەستیندا.
کەمپینی "ضد القمع وتجريم العمل المدني" "دژ بە سەرکوت و تاوانبارکردنی کاری مەدەنی" بانگەوازی بۆ بەشدارییەکی فراوان کرد لەو خۆپیشاندانە ئاشتیانەی کە لەلایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ بەرگریکردن لە چالاکوانانی "فلۆتیلای چەسپاو و مافی فەڵەستینی" ئێوارەی ٦ی ئەیلوول لە پایتەختی تونس ڕێکیخستبوو.
ژمارەیەک لە چالاکوانان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد، جەند دروشمێک بەرزکرانەوە کە دیارترینیان بریتی بوون لە: "گەل دوای تاوانبارکردنی ئاساییکردنەوە دەکات"، "ئازادی و دادپەروەری بۆ پاڵەوانانی سەربخۆیی"، "بەرخۆدان... بەرخۆدان، نە ئاشتی، نە سازش"، بەشداربووان داوای تاوانبارکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئازادکردنی زیندانییەکانی فلۆتیلای چەسپاو کرد.
لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکەدا، سامیە حەواشی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و سەندیکایی، ڕایگەیاند، ڕێپێوانی ئەمڕۆ دەربڕینێکە بۆ بەرگریکردن لە ڕاستی فەڵەستین، پشتیوانی لە ئەندامانی فلۆتیلای چەسپاوی کە لە زیندانەکاندان، باوەڕپێنەکراوە کە ئەم خەڵکە دوای ئەوەی شانازی تونس بوون و چوونە سەر خاکەکانی فەڵەستین و لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکران، ئەمڕۆ ببنە دیل لە وڵاتەکانی خۆیاندا.
هەروەها پێی وابوو، کە چیرۆکی "دارای" سەرجەمی هەڵبەستراو و دۆسیەی دروستکراو و لەقاڵبدراون بۆ بێدەنگکردنی تێکۆشەرانی فلۆتیلای چەسپاو بۆ ساردکردنەوەیان لە بەرگریکردن لە دۆسیەی فەڵەستین و لە بەردەوامبوون لە تێکۆشان لە تونس یان وڵاتە عەرەبییەکاندا.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، رندە فەحولە، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وتی: تێکۆشەران ماوەی شەش مانگە لە دەستبەسەربووندان، و "تاوانەکەش بریتییە لە خۆشویستنی فەڵەستین و پشتگیریکردنی گەلی فەڵەستین"، هەروەها تێکۆشەر وائل نەوار، کە بە پشتگیریکردنی دۆسیەی فەڵەستین ناسراوە و لە پێشتردا زیندانی بووە لە لای بن غەفیر، ماوەی ٢٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە لە ناو زینداندا.
جەختی لەوە کردەوە، کە داواکارییەکە ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بۆ لابردنی ستەم لە هەموو دەستبەسەرکراوان چونکە "شوێنی سروشتیان لە نێوان خێزانەکانیان و لە کارەکانیاندا دەبێت"، سەنا مساهلی، چالاکوان هەروەها جەواهر شەنە زیندانییان جێهێشتووە بەڵام ئەوان لە ماڵەوە زیندانیکراون و مافی کارکردن یان بەڕێوەبردنی هیچ کاروبارێکیان لە دەرەوەی ماڵ بە ئازادی نییە، "داوا دەکەین ستەمەکە بە تەواوی لەسەریان لاببرێت چونکە ئەوان زیندانین بەڵام بە شێوازێکی تر".
"بێدەنگ نابین و شار جێناهێڵین"
هندە شناوی، بەشداربووی ڕێپێوانەکە، ئاماژەی بە دەستگیرکردنی چوار لە چالاکوانانی فلۆتیلای چەسپاو کرد، لە ژێر ڕۆشنایی مانگرتن لە خواردن کە لەلایەن وایل نەوار، یەکێک لە چالاکوانان و ڕێکخەری سەرەکی فلۆتیلاکە بەڕێوەدەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دادگاییکردنەکە یان دەستگیرکردنەکە دەچێتە چوارچێوەی دادگاییکردنی سیاسی و تۆڵەسەندنەوە لەو چالاکوانانەی کە خۆیان دەربڕیوە هاودەنگی و شەڕیان کرد بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە.
ڕوونیکردەوە، کە دادگاییکردنەکە ئەگەر ئەنجام بدرێت، دەبێت لە بارودۆخێکی باشتردا ئەنجام بدرێت، دەکرێت دەستبەسەرکراوان دادگایی بکڕێن لە کاتێکدا لە دۆخێکی ئازادیداندان لەبری بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ، وتی: زیندانەکانی تونس تونسییەکان دەکوژن، هەروەها زیاتر لە ٢٠ زیندانی لە بارودۆخێکی کارەساتباردا گیانیان لەدەستداوە.
هندە شناوی پێیوابوو کە ئەم ڕەفتارانە پێشێلکارییەکی سیستماتیکن کە حکومەت بەرامبەر بە منداڵانی گەلی پەراوێزخراو ئەنجامی دەدات، لە زیندانییەکانی ڕای و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەوانی تری دەستبەسەرکراو، وتی: پێویست بووە بوەستین لەسەر دۆخی زیندانەکان و دۆخی کارەساتاوی دەسەڵاتی دادوەری، داوای ئازادی بکەین بۆ وائل نەوار و بۆ هەموو دەستبەسەرکراوانی فلۆتیلایچەسپاو، ئازادیش بۆ فەڵەستین و غەززە، هاوسۆزییان لەگەڵ غەززە بەردەوام دەبێت فشارەکان چەند بن "بێدەنگ نابین و شار جێناهێڵین.