پابەندبوون بە حیجابی زۆرەملێ مەرجی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردە

وەزارەتی پەروەردە پابەندبوونی بە حیجابی زۆرەملێ دەکاتە مەرجێک بۆ دامەزراندنی کارمەند، پلەبەرزکردنەوە و بەهرەمەندبوون لە سوودەکانی دامەزراندن.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەروەردە "پابەندبوونی کردەیی بە حیجابی زۆرەملێ " دەکاتە مەرجێک بۆ دامەزراندنی کارمەند، پلەبەرزکردنەوە و هەبوونی سوودەکانی دامەزراندن، هاوکات ئەم پڕۆژە یاسایە ڕەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆمیسیۆنی یاسایی و دادوەری کراوە، بۆ پێداچوونەوەی زیاتر و هێشتا نەگەیشتووەتە "پەسەندکردنی کۆتایی".

 

لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە دانیشتنی کراوەی پەرلەماندا، پڕۆژەیاسای فریاگوزاری "پشتیوانیکردن لە کولتوری پاکیزەیی و حیجاب و پاڵپشتیکردنی تەندروستی کۆمەڵایەتی" پەسەندکرا.

 

پاشان، پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی لیژنەی یاسایی و دادوەری پەرلەمان کرا بۆ پێداچوونەوە، لە کۆتاییدا، دوای پێداچوونەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئەم پڕۆژە یاسایە ١٥ مادەیە گۆڕدرا بۆ پڕۆژە یاسای ٧٠ مادەیی بە ناونیشانی نوێی "پاراستنی خێزان لە ڕێگەی پێشخستنی کولتوری پاکیزەیی و حیجابەوە".

 

لەئێستادا پڕۆژەیاسای "پشتیوانیکردنی خێزان لەڕێگەی بەرەوپێشبردنی کولتوری پاکیزەیی و حیجاب" ئەرکی تایبەتی داوەتە ٢٤ دەستەی کارگێڕی، لەوانەش پەروەردە و ڕاهێنان، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پاکیزەیی و حیجاب.