"لەگەڵ هاتنی تاڵیبان پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان زیادی کرد"

ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، لانیکەم ٤٤٧ پێشێلکاری مافی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ڕژێمی تاڵیبان تۆمار کراوە، فشارەکانی ئێستا ئەنجامی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان لە بەیاننامەکەیدا لە ڕۆژی جیهانی کۆتایی هێنان بە کولتووری بێ سزای تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢٠ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندن لە ئەفغانستان بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی ڕوودەدەن، گیانیان لەدەستداوە.

 

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کولتووری بێ سزای تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە زۆر حاڵەتدا ڕێگری لەو کەسانە کردووە کە داوای دادپەروەری دەکەن و لە ئەنجامدا زۆربەی دۆسیەکانی پەیوەست بەو دۆسیانە سەرکەوتوو نەبوون.

 

لانیکەم ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار کە ٢٠یان ژنن کوژراون

ناوەندەکە وتی: لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لانیکەم ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار گیانیان لەدەستداوە کە ٢٠یان ژنن،  لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سنووردارکردن و فشارەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە میدیاییەکان لە ئەفغانستان زیادی کردووە.

 

 لە لێکۆڵینەوەکانی ئەو ناوەندە دەرکەوتووە، ٩٠%ی هۆکارەکانی بێ سزا و پشتگوێخستنی دادپەروەری لەسەر بنەمای هێزە سەربازییەکانە، هەروەها لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ تا ١٥ی ئابی ٢٠٢٤،  ٤٤٧ پێشێلکاری دژی مافی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، سێ کوشتن و دەیان هەڕەشە و توندوتیژی و زیاتر لە ٢٢٠ دەستگیرکردن لەنێو ئەم ڕووداوە تۆمارکراوانەدا ڕوویداوە.

 

"فشارەکانی ئێستا دەرئەنجامی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت"

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان، درێژەدان بە فەرهەنگی بێ سزا بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن، زیادکردنی فشار و ئاستەنگەکان لەسەر ڕاگەیاندنکەان لێکەوتەی خراپی بۆ کۆمەڵگە و گەشەسەندنی ئەفغانستان دەبێت.

 

ناوەندەکە داوای ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن و لابردنی ڕێساکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕاگەیاندن دەکات، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی پرۆسەی حکومەتی پێشوودا هەوڵی کۆتاییهێنان بە کولتووری بێ سزای داوە.