لەگەڵ بەردەوامی جینۆساید ئاماری کوژراوان لە غەززە بەرزدەبێتەوە

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی جینۆساید و شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە بۆ ٧٢ هەزار و ٩٣٨ کەس بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانەکان و بڵاوبوونەوەی وێرانکارییەکان لە چەند گەڕەکێکی کەرتی غەززە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی دەیان هاوڵاتی مەدەنی زیاد دەکات کە چەند ڕۆژێکە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.

 

بەهۆی داڕمانی بەرفراوان و داخستنی ڕێگاکان، تیمەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبنەوە بۆ گەیشتن بە شوێنە ئامانجدارەکان.

 

سەرەڕای ئاگربەست، هێرش و توندوتیژی بێ جیاوازی لە سەرانسەری کەرتی غەززە بەردەوامەو لە چەند کاتژمێری ڕابردووشدا قوربانیانی نوێ بەردەوامن لە گەیشتن بە نەخۆشخانەکان.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی کوژراوان و ژمارەی برینداران بەشێوەیەکی بەردەوام بەرز دەبێتەوە، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا نەخۆشخانەکانی غەززە حەوت کوژراو و ٢٥ برینداریان وەرگرتووە، تا ئێستا ژمارەیەک قوربانی لە ژێر داروپەردوو و لە شەقامەکاندان، بەو پێیەی تیمەکانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی ناتوانن پێیان بگەن.

 

بەپێی ئامارە نوێکراوەکان، ژمارەی کوژراوان لە دوای ئاگربەستەکەی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە، بۆ ٩٢٩ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە دوو هەزار و ٨١١ کەس، ئەمە جگە لەوەی ٧٨١ حاڵەت چاکبوونەتەوە. سەبارەت بە کۆی ژمارەی کوژراوەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆمەڵکوژیی سەر غەززە، گەیشتووەتە ٧٢ هەزار و ٩٣٨ کوژراو و ١٧٢ هەزار و ٩١٩ بریندار.