لێبوردنی نێودەوڵەتی: لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕ سەرکوتی ناوخۆیی لە ئێران بێ وەستان بەردەوامە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی قوڵی خۆی لە شەپۆلی سەرکوتکاری ئەم دواییە دەربڕیوە، لەوانەش لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی سەدان هاوڵاتی دوای ١٢ ڕۆژ هێرشی یەک لە دوایەک لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای ئاگربەستی نێوان ئێران و هێزەکانی ئیسرائیل، ترسی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدان و دەستگیرکردن لەناو ئێران پەرەی سەندووە، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و جێگیرکردنی هێزێکی بەرفراوان دەستیپێکردووە، لەگەڵ لەسێدارەدانی دەستگیرکراوانی سیاسی و ئەوانەی تۆمەتبارن بە سیخوڕی.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی قووڵی لە شەپۆلی سەرکوتکاری ئەم دواییە دەربڕی، لەوانەش لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی سەدان هاوڵاتی دوای زیاتر لە دە ڕۆژ هێرشی یەک لەدوای یەک لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ١٣ی حوزەیرانەوە ئاژانسە ئاسایشییەکانی ئێران سەدان کەسیان بە تۆمەتی "هاوکاری یان سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" دەستگیرکردووە، ڕایگەیاندووە کە لە ١٦ی حوزەیرانەوە لانیکەم شەش کەس بە تۆمەتی هاوشێوە لە ئێران لەسێدارە دراون.

 

دیانا تەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند، بانگەوازی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ خێرا دادگاییکردن و لەسێدارەدانی ئەو دەستگیرکراوانەی تۆمەتبارن بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، ئەوە نیشان دەدات کە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی کۆنترۆڵ و چاندنی ترس لە نێو دانیشتوواندا بەکاردەهێنن.

 

نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و هێزەکانی ئیسرائیل، سەرکوتکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەر هاوڵاتییان، چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان پەرەی سەندووە.

 

ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامی لەم دواییانەدا ڕەشنووسی یاسایەکی توندی پەسەند کرد، کە شارەزایانی یاسایی وتیان: لێکدانەوەیەکی زۆر فراوان بۆ سیخوڕی دەدات و تەنانەت وێنەگرتنی سادەی ناوچە مەدەنییەکان دەتوانرێت بەپێی یاساکە وەک سیخوڕی لێکبدرێتەوە، هاوکات ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕژێم ڕۆژانە ڕاپۆرتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە کە وتیان "سیخوڕی ئیسرائیلین" لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران.

 

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سروشتی کاردانەوە و سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەرامبەر قەیرانە دەرەکییەکان ئاشکرا دەکات، تەنانەت لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕەکەدا، سەرکوتی ناوخۆیی بێ وەستان بەردەوامە  لەسێدارەدانی پوختەی لانیکەم شەش کەس لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، دەستگیرکردنی سەدان کەس بەشێکە لەم سووڕە خراپەی توندوتیژی سیستماتیکی.

 

ئاماژەی بەوەدا کە پێدەچێت دەسەڵاتدارانی ئێران لە جیاتی جیاکردنەوەی هەڕەشەی ئاسایشیی ڕاستەقینە و ناڕازیبوونی مەدەنی، دەستەواژەی "سیخوڕی" وەک ئامرازێک بۆ خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکان سود وەربگرن، دەرکردنی پڕۆژە و یاساکان بە پێناسەی ناڕوون بۆ سیخوڕی بازنەی تاوانبارکردنی چالاکییەکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی فراوانتر دەکەن.

 

لەم کەشوهەوای تاریکەدا، بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی تا دێت ناجێگیرتر بووە، هۆشدارییەکانی ڕێکخراوەکانی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور دەریدەخەن کە سەرکوتکردن تەنیا بۆ ئەو کەسانە سنووردار نییە کە تۆمەتبارن بە چالاکییە ئاسایشییەکان، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە ئازادی بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

 

پەیامنێرانی بێ سنوور پێشتر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی، هۆشدارییان دابوو کە ڕۆژنامەنووسان لە ئێران ئێستا لە دۆخێکی لاوازتر لە جاراندان.