لە بارەی بەزاندنی ئاسمانەکەی عێراق یاداشتێكی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

عێراق لەبارەی بەزاندنی ئاسمان و سەروەریی خاکەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، بەڵام ڕۆژانە دەوڵەتی تورک بۆردومان دەکارت و هەمووان بێدەنگن.

ناوەندی هەواڵ

 

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە پێشكەشكردنی یاداشتنامەیەک بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش وتی: وڵاتەكەمان لەبارەی بەزاندنی ئاسمان و سەروەریی خاکی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاداشتەکەدا ئیدانەی ئەو پێشێلکارییە زەق و ئاشکرایە کراوە کە ئەنجام دەدرێت لە بەزاندنی سنووری ئاسمانی و سەروەریی وڵاتەكە، سەرۆک وەزیرانیش و وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر هێڵن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لەسەر بابەتی ئەم پێشێلکارییە بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنی چواچێوەی ستراتیژیی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریکا.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی سەروەری عێراق و سەربەخۆیی خاکەکەی دووپاتدەکاتەوە، حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێگە نادات ئاسمانی عێراق یان خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێندرێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، دەولەتی تورک ڕۆژانە بۆردومانی باشووری کوردستان دەکات، کە ئاسمانی عێراق دەبەزێنێت و زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بەڵام هەمووان بێدەنگن.