"لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە بە کۆنترۆڵکردنی کوشتنی ژنان نادات"

ڕوخۆش غەریب، پسپۆڕ لە بواری پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان، وتی: کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەرەفدا کۆمەڵگە بێدەنگ دەکرێت، بەڵام دیاریکردنی جۆری کوشتن بۆ یاسا و دادگاکان دەگەڕێتەوە نەک بکوژان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ئاژانسی هەواڵی نوژنها لە سەرەتای مانگی ئابدا، تا ٨ی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆکراوەتەوە، زیاتر لە ١٣ ژن بە بیانووی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی کوژراوە، سەرەڕای زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان حکومەت و دادگاکان بە چارەسەرکردنی کێشەکە و بێدەنگی بەرامبەر کوشتنەکانی ژنان ڕێگە خۆشکەرن بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کوشتنەکانی ژنان بە کێشە کۆمەڵایەتی و شەرەفەوە گرێدەدرێت، کە دەبێتە هۆکاری پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە ناوچەکەدا، لەبەر ئەوەی کوشتنی ژن بە کێشەی ژن داناندرێت، دەبێتە هۆکار بۆ تەماشاکردنی پلە دووی ژن، هەروەها بە حیزبیکردنی کەیسەکانی ژنان لە لایەن حکومەت و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانەوە کێشەیەکی دیکەیە بۆ زیادبوونی کوستنەکان، لە قاڵبدانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە لایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە، هۆکاری دیکەیە بۆ زیادبوونی کەیسەکانی کوستنی ژنان.

 

"کوشتن لە جیهاندا بە مۆدێل کراوە "

ڕوخۆش غەریب، پسپۆڕ لە بواری پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و دکتۆرا لە دەروونزانی پیشەیدا ئاماژەی بەوەکرد، کوشتنەکان لە تەواوی جیهاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی خراپی باری ئابووریەوە سەرچاوە دەگرێت، وتی:  کوشتنەکان لە جیهاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە، هەبوونی ئەو بارودۆخە ئابووری و دەروونییەی لە جیهاندا خوڵقێندراوە کوشتنەکانی زیاتر کردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستە کوشتن لە وڵاتانی بیانیدا دەگمەن ڕووی دەدا، بەڵام بەهۆکاری ئەو بارودۆخەی بۆ جیهان دروستکراوە لە ڕێگەی خراپکردنی بارودۆخی ئابووری و دەروونی هاوڵاتیان کوشتنەکان بە شێوازی جۆراوجۆر و چەندین مۆدێلی کوشتن زیادی کردووە، بەڵام مرۆڤەکان هۆشیارنین لە شێوازی مامەڵەکردنیاین لەسەر ئەو بارودۆخەی ڕوبەڕوویان دەبنەوە، هەرووەها پێگەیشتنی جیلێکی نوێ، کە لەسەر پاڵەپەستۆی سیستماتیک بە کوشتنەکانی ژنانەوە گەورەبوون، لە ناوچەکەدا بارودۆخێک خوڵقێندراوە، پەروەردە و یاساکانیش کۆنتڕۆڵی کوشتنەکانی ژنانیان لە دەستداوە، کوشتنەکان و زیادبوونی کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە هۆکارێکە بۆ بێدەسەڵآتبوونی مرۆڤایەتی لە ئاست ژنێکدا، هەروەها جیهان ڕووبەڕووی وەرگرتنی مۆدێل دەبێتەوە، هەر نەتەوەیەک چەندین مۆدێلی جیاواز لە جیهانی دەروەی کولتووری خۆی وەردەگرێت، وەرگرتنی مۆدێلی جلوبەرگ و خواردن و تەنانەت کوشتنەکانیش بە مۆدێلکراوە، بە مۆدێلکردنی کوشتنەکان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵمیدیاکان بەبێ هەبوونی سانسۆرێک جارێکی دیکە هۆکاری بەمۆدێلکردنی کوشتنی ژنانە، هەروەها لێکترازانە کۆمەڵەییەتییەکان جارێکی دیکە هۆکارن بۆ کوشتنەکانی ژنان، شێواندنی بەها کۆمەڵایەتتیەکان بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە لە یەکدی هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئاسانکاری کردن لە کوشتنەکانی ژناندا، نەبوونی پێگە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنە ڕەوشتییەکان و مرۆییەکان لە ماوەی ٣٠ ساڵدا بەشێوازێکی خراپ تەشەنەی کردووە، یان کوشتن یان کوشتن هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکە بەدەستەوە ناهێڵن،  ئەو ئەقڵیەتەی لە ئێستادا ژنانی ڕووبەڕووی کوشتن دەکاتەوە، بۆ وڵاتانی زۆر دواکەوتوتر لە ئێمە دەگەڕێتەوە.

 

" بێدەنگبوونی کۆمەڵگە بەرامبەر کوشتنی ژنان کوشتنێکی دیکەی کۆمەڵگەیە "

ڕوخۆش غەریب وتیشی: شەرمەزارییە لە سەددەی پێشکەوتندا کوشتنەکانی ژنان بۆ کێسەی کۆمەڵایەتی بگەڕێندرێتەوە، وتیشی: کوشتنەکان و بێدەنگبونی کوشتنی ژنان و بەدوادانەچوون کێشەیەکی دیکەیە بۆ زیادبوونی کوشتنەکان، هەروەها لە ژێرناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەرەف ژنان بە دڕندانەترین شێواز دەکوژرێت، چەند ناشرینە دەپرسرێت یان دەنوسرێت لەسەر کێسەی کۆمەڵایەتی ژنێک کوژراوە، لە کۆتایدا مرۆڤێک کوژراوە، کاتێک ژنێک دەکوژرێت دەبێت دادگا و یاسا بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان جۆری کوشتنەکە دیاری بکەن نەک لەژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی بابەتەکان کپبکرێتەوە، لە ئێستادا کوشتنەکان لەسەر کێشەی زۆر بچووک دروست دەبن و ژنێک دەکوژرێت، پاشان بەسەر بکوژدا تێپەڕ دەکات، هەروەها بەدوادانەچوونی کوشتنەکان جارێکی دیکە هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکانن، چۆن کوشتنەکان لە ڕاگەیاندن و دادگاکانەوە دەخرێتە بەردەم هاوڵاتیان، پێویستە دەرئەنجام و چارەسەری و سزادانی تاوانەکانیش جارێکی دیکە بۆ هاوڵاتیان ڕونبکرێتەوە، کپکردنی بابەتی کوشتنی ژنان زیاتر نەبێت و ڕێگە خۆشکەر نەبێت بۆ زیادبوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها لە دەستووردا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییەکان یاسای تۆکمە هەیە، بەڵام لە کاتی جێبەجێ کردندا ناڕوونی تێدەکەوێت، وتی: دەگەڕێتەوە بۆ نادادپەروەری لە وڵاتی ئیمەدا بەرامبەر کوشتنەکان، سەرەڕای ئەوەی حکومەت دەسەڵاتی دەرکردنی یاسا و جێبەجێکردنی یاسای بەدەستە، بەڵام لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە جێبەجێ ناکرێت، ئەگەر ڕووبەڕوویان ببیتەوە بە بەرچاوخستنی چەندین ئەوراق و دەستوور ڕووبەڕووت دەوەستنەوە، بەڵام لە ماوەی چەندساڵی ڕابردودا چەندی کوشتنی سەیر و سەمەرە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، و کار لەسەر بە سزاگەیاندن ناکرێت، سەرەڕای ئەوەی لە یاسادا حەقی گشتی و تایبەت هەیە، بەڵام دادگا بە ئاسانی بەسەر کەیسەکان و مافەکاندا تێدەپەڕێت، تا ڕادەیەکی زۆر ناڕوونی و نا دادی لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا ئەنجام دەدرێت، لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە بە چارەسەرییەکان بۆ کوشتنی ژنان دەگرێت.

 

" کوشتن لەژێر ناوی شەرەفدا نەهێڵدرێت "

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕێگە چارەسەریی وتی: کوشتنەکان و یاساکان  بە شێوازێک تێکەڵ و پێکەڵ بووە، لەیەک هەڵوەشاندنەوەی کێشەکان و جیاکردنەوەی کێشەکان ئەستەم بووە، بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی دەستوور و یاساکانەوە جارێکی دیکە هەوڵ بۆ باشکردنی کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە کوشتنەکانی ژنان بکرێت، لە کەیسی کوشتنەکاندا باس لە کێشەی کۆمەڵایەتی و شەرەف نەکرێت، پاشان بەر بە واستەو واستە کاری بگیرێت، تا بتواندرێت ڕێگری لە کوشتن و کوشتاری ژنان بگرێت، هەروەها کاتێک یاساکان جێبەجێ دەکرێت، بەبێ هەبوونی واستە و واستەکار ئەوا سیتم بە شێوەیەکی هەڕەمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بڵاو دەبێتەوە و جێبەجێ دەکرێت.