دەم پارتی: دیموکراتیک بوون بە هەنگاوی سیاسی بوێرانە دەبێت
دەم پارتی لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیدا ڕایگەیاند، دیموکراتیک بوون بە هەنگاوی سیاسی بوێرانە دەبێت و نابێت"یاسای چوارچێوە" بەرتەسک و سنوورداربێت، دەبێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و بەشداریی سیاسەتی دیموکراتیک لەخۆ بگرێت.
ناوەندی هەواڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجومەنی پارتەکەی بڵاوکردەوە کە ڕۆژانی ١١-١٢ی تەمووز لە ئەنقەرە ئەنجام درا.
لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ڕێگەی ئاشتی هەمیشەیی لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی تورکیاوە دێتەدی کە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی ڕوون و سیاسی بوێرانە هەیە، دوای بڕیارەکەی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری و کۆتایهێنان بە کاروچالاکییەکانی کە لەژێر ناویدا دەکران، مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان کە لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥دا لەلایەن گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە بەڕێوەچوو، بوو بە نیشاندانێکی سیمبولیی بەهێز بۆ قبوڵکردنی سیاسەتی دیموکراتیک، ئەم هەنگاوە لە ناو توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگەدا، وەک یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی وەرچەرخانی سیاسی لە مێژووی ئەم دواییەی تورکیادا، هیوایەکی بەهێزی بۆ ئاشتی خوڵقاند.
هەروەها ئەوەش هاتووە: بونیادنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی نەک تەنها بە ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی دیموکراتیک مومکینە، هەرچەندە ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیاوە ئامادەکراوە، پێویستیی بە ڕێساکردنی یاسایی بە شێوازێکی بەرفراوان دەستنیشان کردووە، بەڵام چەندین مانگ بەسەر ئەوەدا تێپەڕی و هیچ یاسایەکی چوارچێوەیی ئامادە نەکرا، یان ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەکان جێبەجێ نەکران.
لە ئەنجامنامەکەدا جەخت لەسەر ڕەخساندنی هەلومەرجی کارکردنی ئازادانەی ڕێبەر ئاپۆ کراوەتەوە، هەروەها باس لەوەکراوە، دەبێت یاسای چوارچێوە ئەم پرسە لەخۆ بگرێت، دەبێت ئەو یاسا چوارچێوەییەی کە ئامادە دەکرێت، دووربێت لە ڕێسای تەسک و سنووردار، ئەم یاسایەی کە شانەی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێکدەهێنێت، دەبێت بەرفراوان و گشتگیر بێت، پڕۆسەی چەکدانان، گەڕانەوەی ئارام و بەکەرامەت، بەشداریی سیاسیی دیموکراتیک و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە هەمان چوارچێوەدا چارەسەر بکات، بێ ئەوەی جیاکاریی پۆلێنکاری دروست بکات، ڕێوشوێنێکی لەم شێوەیە نەک تەنها چارەسەری بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ دەدۆزێتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی بەهێزکردنی ژیانی هاوبەش لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان، دەرگای تورکیایەکی دیموکراتیکی داهاتووش دەکاتەوە.
لە ئەنجامنامەکەدا ڕآگەیاندراوە، لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە پێش بکەوێت، زۆر گرنگە کە بارودۆخی کارکردن و ژیانی ئازاد دەستبەجێ بخوڵقێنرێت بۆ ئەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، تا بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر وەک دانووستانکاری سەرەکی کار بکات و دانوستان بکات، ئەو گۆشەگیرییەی کە نزیکەی پەنجا ڕۆژە بەردەوامە و هاوبەشنەکردنی ڕەشنووسی یاساکە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکاندا، بە تەواوی لە دژی پێویستییەکانی پرۆسەکەیە.
لە کۆتایی ئەنجامناکەدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کراوە و هاتووە، کۆبوونەوەی ناتۆ کە لە ٧-٨ـی تەمووزدا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، جارێکی تر نیشانی دایەوە کە سیستەمی نێونەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەسەر هێڵە سەربازییەکان لە نوێوە دادەڕێژرێتەوە و ئەو تێڕوانینەی کە چارەسەری کێشە نێونەتەوەییەکان لە ڕێبازە سەربازییەکاندا دەبینێت، بەهێزتر دەبێت.