لە تاران ژنانی شۆفێری تەکسی ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە

نادیا شکۆفا، کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵە لە تاران شۆفێری تەکسییە، ڕایگەیاند کە لەلایەن شۆفێرە پیاوەکانەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڕەشە بووەتەوە.

نەفەس جاویدان

 

تاران-لە ئێران ژنانیش شۆفێری تەکسین، ئەو ژنانە کە چەندین ساڵە هاتوچۆ دەکەن  هەراسان دەکرێن و سووکایەتییان پێدەکرێت، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران؛ لە ئێران چوار هەزارو ٨٣٠ شۆفێری تەکسی هەیە لەو ژمارە دوو هەزار و ٩٠٠ کەسیان لە تارانی پایتەختن، لە شارەکانی تاران و کەرەج، وەستانی تەکسی بۆ هەموو کارمەندە ژنەکان هەیە. ژنانی شۆفێر بە شێوەیەکی گشتی ژنان و خێزانەکان هاتوچۆ پێدەکەن.

 

"ژنانی شۆفێری تەکسی ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە"

نادیا شکوفا، کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە لە تاران شۆفێری تەکسییە، ئاماژەی بەوەکرد، لە پیشەکەیدا بەهۆی شکاندنی فشاری کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوان دەبێتەوە، لەکاتی هاتووچۆ بە شێوەیەکی ئاسایی ڕووبەڕووی قسەی زایەندی دەبێتەوە و وتی: شۆفێرە پیاوەکان زۆر نائاسوودەمان دەکەن، یان ئۆتۆمبێلەکان دەوەستێنن یان ڕێگەمان پێ نادەن بڕۆین و وشەی خراپ بەکاردەهێنن، زۆر دڵگرانین بەو دۆخە، لەکاتێکدا هەوڵ دەدەین نانی حەڵاڵ بدەین بە منداڵەکانمان.

 

بەهۆی سکاڵاکردنەوە هەڕەشەی لێکراوە

نادیا شکوفا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هەراسانکردن و قسەی نەشیاو لەلای یەکێتی شۆفێرانی تەکسی سکاڵای کردووە وتی: یەکێتی داوای بەڵگەنامەیان کردووە لە جیاتی پاراستنی مافەکانم، هەروەها وتم: ئەگەر ژنێک ڕووبەڕووی هەراسانکردنی زارەکی توند نەبێتەوە بۆچی سکاڵا دەکات؟ ئەوان هیچ شتێکیان نەکرد و بەڵێنیان لێوەرگرتن هیچ شتێک نەکەم، هەرچەندە لە تاران دەژیم، کەسێک کە بەرپرسی تەکسییە هەڕەشەی لێکردم و پێی وتم ئەگەر شتێک بڵێم هێڵی تەکسییەکەم دەگوازرێتەوە بۆ کەرەج.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نادیا شکوفا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم جیاکارییە بەرامبەر ژنێک کە بۆ ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکانی بە کار و پارەی حەڵاڵ کاردەکات دەبێتە هۆی دەرکردنی و وتی: پەیوەندییەکانم لەگەڵ سەرنشینەکانم زۆر باشە،  پێکەوە دەردە دڵ دەکەین و پێدەکەنین و گوێ لە یەکتر دەگرین، ئەگەر پارەشیان پێنەبێت لێیان وەرناگرم، ژنانم زیاتر خۆشدەوێت چونکە کۆمەڵگە فشار دەخاتە سەر ژنان و پێم وایە پێویستە زیاتر بیر لە یەکتر بکەینەوە و یەکبگرین.