بەردەوامیی قەیرانی چەمی جەقجەق هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە

سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ بڕینی ئاو و تێکەڵکردنی ئاوی پیس و پاشەڕۆی کیمیایی لەگەڵ ئاوی چەمی جەقجەق هاوسەنگی ژینگەیی ناوچەکە و تەندروستی خەڵکەکە دەخاتە مەترسییەوە، شارەزایان بەپێویستی دەزانن کە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەستوەردان بکەن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- چەمی جەقجەق کە پێشی دەوترێت چەمی هەرماس، لە شارەکانی قامیشلۆ و تربەسپی تێدەپەڕێت و لە دوو سەرچاوەوە لە دەشتی تور عەبدین لە باکووری کوردستان دەردەکەوێت و دەچێتە کانتۆنی جزیرە. لە ناوەڕاستی حەسەکە، دەگاتە ڕووباری خابور و درێژییەکەی ١٢٤ کیلۆمەترە، تا دەمی ڕووباری خابور بەرەو ڕووباری فورات، کە ١٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی سووریاوە دوورە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، یەکێک لەو سیاسەت و شەڕانەی کە دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکرد، شەڕی ئاو بوو، لە کاتێکدا کە ڕووباری جەقجەق ئاوی بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار دۆنم دابین دەکرد، ئێستا بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر تەندروستی و ژینگەی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. سەرەڕای ئەوەش، ڕووباری خابور، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی ژیانی خەڵکی شاری حەسەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڕدراوە، کە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی قەیرانی ئاوی سەخت بووەتەوە.

 

"ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبینەوە و دەمانەوێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت"

سەلیمە ڕەشید ئەحمەد، خەڵکی قامیشلۆ، کە ماڵەکەی لە تەنیشت ڕووباری جەقجەقەوەیە، وتی: ڕووبارەکە بووەتە هۆی بۆنی ناخۆش نەخۆشی، هەموومان بەهۆی چەمی جەقجەقەوە نەخۆش کەوتووین، هەمیشە بۆنی ناخۆش هەیە و لە هەمان کاتدا مێروو و مار و دووپشک لە ڕووبارەکە دێنە دەرەوە، داوا لە شارەوانی دەکەین کە هاوکاری بکەن و چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەم قەیرانە.

 

"سیاسەتی تورکیا بۆ بڕینی ئاو لەسەر ناوچە کوردییەکان"

هێڤین شێخو، پسپۆڕی ژینگەناسی کە لە ئەڵمانیا دەژی و هەروەها خۆبەخشێکە لە کۆمەڵەی کاری سەوزی ژینگەیی، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم چەمە ببووە باشترین بارودۆخی ژینگەیی لە ساڵانی نەوەدەکاند، جەقجەق بارودۆخێکی سروشتی باشی دروستکردبوو و چەندین سوودی هەبوو، کێڵگە و درەختەکان و دارستانەکان ئاودەدران چونکە ئاوی پاک و ڕوون لێوەی دەڕۆیشت، بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی تورکیا بڕیارێکی سیاسی داوە بۆ بڕینی ئاو لەسەر خاکی سووریا بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان، بۆیە دروستکردنی بەنداوەکان دەستیپێکردو ئەم چەمە هەنگاو بە هەنگاو خراپتر بووە و وشک بووە، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا.

 

"مەترسی لەسەر تەندروستی و ژینگەی هەرێم هەیە"

هێڤین شێخۆ تیشکی خستە سەر ئەو زیانانەی بەهۆی بەردەوامی قەیرانی ژینگەیی و تەندروستی چەمی جەقجەقەوە دروست بووە و وتی: ئەم سیاسەت و قەیرانەی ئێستا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی و ژینگە بەگشتی هەیە، ئەمە کاریگەری لەسەر زەوی و ئاو و هەوا هەیە، کاتێک زەوییەکانی دەوروبەری ڕووبارەکە پیس دەبن، پاشماوەی ماددە کیمیاییەکان تێکەڵدەبن، پاشان ئەم پاشەڕۆیە دەگاتە زەوی و کێڵگەکان، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی نەخۆشی درێژخایەن، لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی شێرپەنجە.

 

ئەو هۆکارانەی ڕێگری لە چارەسەر دەکەن

بێریڤان سلۆ، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کانتۆنی جزیرە، ڕایگەیاند چەندین پڕۆژەیان هەیە بۆ چەمەکە بەڵام لەبەر ئەم هۆکارانە نەگەیشتوون بە چارەسەر وەک لە تەنیشت پەڕینەوەی چەمی جەقجەق، دەوڵەتی تورکیا هێڵەکانی ئاوی پیس دەخاتە سەر ئاوی چەمەکەو ئەمەش بەرەو قامیشلۆ دەڕوات، بە تایبەتی لەم دواییانەدا، دەوڵەتی تورکیا ئێستا بە مەبەست پاشماوەی کیمیایی بڵاوکردەوە بۆ ناو ئاوی ڕووبارەکان، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر بەتایبەتی بۆ ژنان و منداڵان، بۆیە هەرچەندە هەوڵ هەیە لەلایەن شارەوانی قامیشلۆوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بەڵام نەگەیشتوون بە چارەسەر، لە ساڵی ڕابردوودا چەندین شیکردنەوە دەستیپێکردووە، بەڵام چەندین نرخ هەیە کە خۆبەڕێوەبەری بەتەنیا ناتوانێت بیدات پێویستە ڕێکخراوە مرۆییەکان پشتیوان بن.

 

"پێویستە ڕێکخراوە مرۆییەکان فشار بخەنە سەر تورکیا"

بێریڤان سلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ڕێکخراوە مرۆییەکان بە زووترین کات دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە سوود لە چەمەکان وەربگرن، پێویستە فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا و بە زووترین کات دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.