"لە سووریا شوێنە پیرۆزەکان لەلایەن چەتەکانەوە وێران دەکرێن"
سەباح شابۆ، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژنانی سووریا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی لە وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکانی سووریا لە لایەن چەتەکانی تەحریر شام کردەوە و ئەم کارەی ئیدانە کرد.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- لە لایەن چەتەکانی تەحریر شام شوێنە پیرۆزەکان لەناو دەبرێن، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم کردەوانە زیاتر لەو گوندو شارۆچکانەیە کە لە دەرەوەی ئایینی ئیسلامیدان ڕوودەدەن، زۆر وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت چەتەکانی تەحریر شام چۆن کڵێسا و شوێنە پیرۆزەکان لەناو دەبەن، لە هەمانکاتدا تاوانی کوشتن و ڕفاندن و لێدان و ئەشکەنجەدان لە ژێر ناوی "کردەوەی کەسی" ئەنجام دەدرێت.
سەباح شابۆ، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژنانی سووریا و لە هەمانکاتدا نوێنەری ژنانی سووریا لە ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بەو پرسە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"کارەکتەری حکومەتی کاتی ئیسلامی سەلەفییە"
سەباح شابۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پێشهات و ڕووداوانەی لەم دواییانەدا لە سووریا ڕوویانداوە زۆر خێرا بوون و وتی: حکومەتی ڕزگاری بۆ ماوەی سێ مانگ وەک حکومەتی کاتی سووریا دەستنیشانکرا، بەداخەوە سروشتی ڕواڵەتی حکومەتی کاتی، وەک ئەوەی بۆ ڕای گشتی دەرکەوت، کاراکتەری ''سەلەفی ئیسلامی''یە، بەپێچەوانەوە حکومەت ڕایدەگەیەنێت کە کار بۆ پاراستنی مافی سەرجەم ئایین و پێکهاتەکانی سووریا دەکات، فەرماندەیی گشتی سەربازی بۆ پاراستنی ئازادی کەمینەکان و ئایینەکان زۆر ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە، بەڵام لە جێبەجێکردنیدا لاوازی هەیە، بەشێک لە مۆڵەتەکانی حکومەت دژی ئەو شتەیە کە وتوویەتی و ساختەکارییە.
"سیمبولە ئاینییەکان لەناو دەبن"
سەباح شابۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووداوەکان زۆرن، لە زۆر شوێنی جیاوازی سووریا، چەتەکانی تەحریر شام کردەوەی وێرانکارییان ئەنجامداوە، چەتەکان هێرشیان کردە سەر شوێنە پیرۆزەکان و ناوچەکانی پێکهاتەی کرستیانەکان، خاچ و هێمای کرستیانەکان و پەیکەری مریەم زەهرایان شکاند، هەروەها هێرش کرایە سەر زۆر ماڵ و خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، ئەم کارانە کردەوەی توندوتیژی و تیرۆرن.
"نوێنەری ژنان هەڵوێستێکی دژی ژنانی هەیە"
سەباح شابۆ ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکان سەبارەت بە ژنان بە شێوەیەکی قبوڵنەکراو دەدرێت و وتی: لەسەر شەقامەکان بە زۆری دەڵێن دەبێت حیجابتان هەبێت، تەنانەت ئەو ژنەی کە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کاروباری ژنان لە سووریا دەستنیشان کراوە، بۆچوونی دژی ئازادی ژنان و یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز هەیە، ئەوان دەیانەوێت ڕۆڵی ژنان لە چوارچێوەیەکی تەسکدا دیاری بکرێت.
"پێویستە ڕێز لە هەموو ئایینەکان بگیرێت"
سەباح شابۆ ئاماژەی بەوەکرد، تاوانە بەڵگەدارەکانی کوشتن لەبەردەم چاوی جیهانە و وتی: پەیوەندیمان بەو کەسانەوە کرد کە لە ناوچەکانی تێکدان و کوشتن دەژین، لەوێ کەسانی چەکدار هەبوون، تەقەیان لە دەرگای کەشیشخانەکان دەکرد، ئەم مۆڵەتانە نابێت تەنها لەسەر کاغەز بێت، ئەم کردارانە نابێت وەک کردەوەی کەسی پۆلێن بکرێن، پێویستە ڕێز لە هەموو ئایینەکان بگیرێت.
منداڵێکی کچ بانگەوازی بۆ حکومەتی ئوسترالیا دەکات
سەباح شابۆ ڕایگەیاند کە نایانەوێت ڕژێمێکی تاکڕەوی تر لە سووریا دامەزرێت و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ڕاگەیاندنەکان سیاسەتی ڕەشکردن لەو گوندانەی کە کەمینەکان تێیدا دەژین بەڕێوەدەبن، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر منداڵێکی کچم بینی پەیوەندی بە دەوڵەتی ئوسترالیاوە دەکات، چونکە باوک و دایکی لە ماڵێکدا لە پارێزگای تارتوسی سووریا لەلایەن چەتەکانی تەحریر شام کرانە ئامانج، گەلی سوریا نادادپەروەری و ستەمێکی گەورەیان لە لایەن ڕژێمی چەپەڵەوە ئەزموون کردووە، ئەوەی ئێستا پێویستیان پێیەتی ئاسایش و ئاشتییە.