ڕاپۆرت: یەک لە ههر پێنج منداڵێک تووشی شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی دەبێتەوە
یونسێف لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەیەکی فراوانی بەکارهێنان و دەستدرێژیی سێکسیی ئاسانکراو بە تەکنەلۆژیا، ئاشکرای کرد کە یەک لە هەر پێنج منداڵ تووشی شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی دەبێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
شێوازەکانی بەکارهێنان و دەستدرێژیی سێکسیی ئاسانکراو بە تەکنەلۆژیا پەرەیان سەندووە و بوونەتە هەڕەشەیەکی گەشەسەندوو بۆ سەر منداڵان، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی زیانبەخش و فریودانی دیجیاتڵی، کە ئەمەش پێویستیی بە بەهێزکردن و توندکردنی پاراستنی دیجیاتڵی و یاسا سزادەرەکان هەیە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشیان.
ڕێکخراوی یونسێف ٢ی ئەیلوول، لە ڕاپۆرتێکدا کە ناونیشانی "لە ڕوانگەی منداڵانەوە: چۆن تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان ڕێگە بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان دەدەن" هەڵگرتبوو، ڕایگەیاند، کە نزیکەی ٢٠ ملیۆن منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ١٧ ساڵدایە، واتە هاوتاوەی یەک منداڵ لە هەر ٥ منداڵ، لە ماوەی یەک ساڵدا لە ٢١ وڵاتدا تووشی لانیکەم یەک شێواز لە شێوازەکانی بەکارهێنان و دەستدرێژیی سێکسیی ئاسانکراو بە تەکنەلۆژیا بوونەتەوه.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا، ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ١٥ ملیۆن منداڵ تووشی ناوەڕۆکی سێکسیی نەخوازراو بوون، ٩ ملیۆن منداڵ داوایان لێ کراوە بەشداری لە گفتوگۆی سێکسیدا بکەن یان بە ناچاری وێنەی سێکسی بڵاو بکەنەوە، هەروەها وێنەی سێکسیی ٤ ملیۆن منداڵ بە بێ ڕەزامەندیی خۆیان بڵاو کراوەتەوە.
کاترین ڕاسل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونسێف، ڕایگەیاند، کە ڕاپۆرتەکە "ڕاستییەکی بەئازار" ئاشکرا دەکات، ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم ئەزموونانە دەبنە هۆی ئازارێکی قووڵی سۆزداری و دەروونی، چونکە زۆرێک لە منداڵان بە بێدەنگی دەناڵێنن و نازانن بۆ وەرگرتنی یارمەتی ڕوو لە کوێ بکەن، ناتوانین چاوپۆشی لەمە بکەین.
بە پێی ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی لە ٦٠٪ی حاڵەتەکان لە سەر پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان داوە، لەوانەش "فەیسبووک"، "ئینستاگرام"، "سناپچات"، "تیکتۆک" و "واتسئاپ"، لە کاتێکدا، لە ١٤٪ی حاڵەتەکان لە یارییە ئۆنلاینییەکاندا ڕوویان داوە، کە تێیدا تایبەتمەندییەکانی پلاتفۆرمەکان، کارکرد و دیزاینەکانیان بۆ بەکارهێنای متمانە بەکار هاتوون.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنان و توندوتیژیی سێکسی کە بە هاوکاریی تەکنەلۆژیا ئەنجام دراوە دەبێتە خاوەن کاریگەرییەکی قووڵ لە سەر پارێزراوی سۆزداریی منداڵان، هەستکردنیان بە ئاسایش و متمانەیان بە کەسانی تر.
جەختی لەوە کردەوە، کە زۆربەی کات ئەو ئەزموونانەی کە منداڵان لە کاتی چاوپێکەوتنە لێکۆڵینەوەییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەدا باسیان کردوون، لە دەوری هەستەکانی ترس، شەرمەزاری، سەرلێشێواوی و گۆشەگیری سووڕاونەتەوە، بە جۆرێک کە زۆرێکیان سەختییان هەبووە لە تێگەیشتن لەوەی چی ڕووی داوە یان لە زانینی ئەو لایەنەی کە دەتوانن داوای یارمەتی لێ بکەن.
ڕاپۆرتەکە ئەوەی دەرخست کە ئەو منداڵانەی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە تووشی بەکارهێنان بوون، چوار هێندە زیاتر مەترسیی ئەوەیان لەسەر بووە کە بیرۆکە یان ڕفتاری خۆکوشتی یان خۆبریندارکردن ڕابگەیەنن، هەروەها ئاستێکی زۆر بەرزتریان لە دڵەڕاوکێ ڕاگەیاندووە، هەروەها زیاتر لە ٤٠٪ی حاڵەتەکانی توندوتیژیی کە بە یارمەتیی تەکنەلۆژیا ئەنجام دراون، بە هیچ کەسێک نەوتراون، لە کاتێکدا کەمتر لە ١٪یان بە دەسەڵاتداران ڕاگەیەندراون.
ڕاپۆرتەکە داوای کرد بۆ گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە بە مەبەستی بەهێزکردنی پاراستنی منداڵان لە کەشی دیجیتاڵیدا، کە دیارترینیان بریتییە لە: پەرەپێدانی پلاتفۆرمی پارێزراوتر لە دیزاینەکەیاندا و دابینکردنی مسۆگەریی بەهێزتر بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی بەکارهێنەرە بچووکەکان، لەگەڵ توندکردنی یاساکان و میکانیزمەکانی لێپرسینەوە بە شێوازێک کە ڕێگە بە حکومەتەکان بدات خاوەنی ئامرازی کاریگەر بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازە نوێیەکانی توندوتیژی لە ئۆنلایندا، دروستکردنی سیستەمێکی ڕاگەیاندن و پشتگیری کە جێگەی متمانەی منداڵان بێت، لەگەڵ گواستنەوەی باری بەرپرسیارێتیی پاراستنی منداڵان.
هەروەها داوای دڵنیابوون لە وەڵامدانەوەی خێزان، قوتابخانە و کۆمەڵگەکان کرد بۆ حاڵەتەکانی ئاشکراکردنی توندوتیژییەکە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پشتگیری و کەمکردنەوەی لاوازییە ئابوورییەکان کە لەلایەن تاوانبارانەوە دەقۆزرێنەوە، جگە لە چارەسەرکردنی ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتی و ڕەگەزییانەی کە سێکیسکردنی منداڵانی کچ ئاسایی دەکەنەوە، لەگەڵ ئەو چەواشەکاریەی بە ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسییەوە دەچەسپێت.