چەند ساتێکی سەفەربەری لە کۆبانی: ئیرادەی ئێمە لە پۆڵا دروستکراوە

ژنانی کانتۆنی کۆبانێ لە وەڵامی ئەو سەفەربەرییەوە کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەرییەوە ڕاگەیەندرا، ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، بە ئامادەکردنی خواردن پاڵپشتی شەڕڤانان دەکەن دەڵێن: کەس ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە بەرەکانی شەڕدا، بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاغ و ناوچە گوندنشینەکانی کانتۆنی کۆبانی، کە لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، بەرخۆدانییەکی بێوێنە بەڕێوەدەبەن. شەڕڤانان لە ڕێگەی بەرخۆدان تێکۆشانەکانیانەوە مێژوو و ئەفسانە دەنووسن، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەفەربەری لە دژی ئەم هێرشانە ڕاگەیاند، لە کۆبانێ کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، لە هەموو شەقام و گەڕەک و گۆڕەپانێکدا ڕەنگی سەفەربەری دەبینرێتەوە. هەمووان ئەوەی لە توانایاندایە بۆ سەفەربەری دەیکەن، خەڵکی کۆبانێ و پێکهاتەکەی بە هەڵگرتنی چەکەوە تا بەرگریکردن لە ناوچەکە، هەمووان بەشداری سەفەربەری بوون.

 

ژنانی کۆبانێ لەو کاتەوەی هێرشەکان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بوون و خواردن بۆ شەڕڤانەکانیان ئامادە دەکەن، ژنانی کۆبانێ سەبارەت بە ئامادەکردنی ژەمەکان و پاڵپشتیکردنی دایکان لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ دەزگاکەمان قسەیان کرد.

 

''لە بەرەکانی شەڕدا ئەفسانەی مێژوویی دەنووسرێن"

فاتمە ئیسماعیل، خەڵکی گوندی تەرمیک سەبارەت بە بەرخۆدانی هێزەکانی قەسەدە و یەپەژە، کە تێکۆشانێکی مێژوویی لە بەرەکانی شەڕدا دەنووسنەوە، وتی: ئێمە پاڵپشتی شەڕڤانان و منداڵەکانمان دەکەین، هەر لەو ڕۆژەوە کە هێرشەکە دەستیپێکرد، باوەڕمان وابوو کە منداڵەکانمان بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان هەڵدەستن و هەرگیز ڕێگە نادەن زەویەکانمان داگیربکرێن، هەروەها دایکانی کۆبانێ لە ماڵەوە دانەنیشتبوون و هەمیشە ئامادە بوون بۆ بژێوی منداڵەکانیان، بەشێک لە ژنان خواردن ئامادە دەکەن و دەیگەیەننە شەڕڤانان، هەندێکیشیان چەکیان هەڵگرتووە و بەرپرسیارن لە پاراستنی گەڕەکەکانیان، بەرخۆدان و پاراستنی نیشتمان ئەرکی گەلە، ئێمە لە پشت منداڵەکانمانەوە وەستاوین و هەرگیز هەنگاوێک بۆ دواوە نانێین، چونکە ئەوان تێکۆشەرانی ئازادی و کەرامەتن، شەڕڤانان مێژووی بەرخۆدان بە خوێنی خۆیان لە بەرەکانی شەڕدا دەنووسن.

 

''ئێمە پشتگیری شەڕڤانەکانمان دەکەین''

هێڤین ئیسماعیل پاڵپشتی خۆی بۆ شەڕڤانان دەربڕی و وتی: خەریکی ئامادەکردنی خواردنین بۆ شەڕڤانان و منداڵەکانمانین، ئێمە ئامادەین هەرچی داوامان لێبکرێت بیکەین بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لە داگیرکاری و بەم شێوەیە پشتیوانی بەرخۆدانی کۆبانێ دەکەین، ئامادەکردنی خۆراک بۆ بەرخۆدان و خەباتی شەڕڤانان لە بەرەکانی پێشەوە شتێکی گەورە نییە، بەڵام هەمیشە ئامادەین پشتیوانیان بکەین، لەو ڕۆژەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاغ و ناوچە گوندنشینەکانی کۆبانێ، ژنان لە سەفەربەری و لە پشت منداڵەکانیانەوە بوون.

 

''پێویستی بە هاودەنگی هەیە لە دژی هێرشە جینۆسایدییەکان"

لە کۆتایی قسەکانیدا، هێڤین ئیسماعیل ڕوونیکردەوە، هەروەک چۆن داعش  لە کۆبانێ شکستیهێنا، پلانەکانی داگیرکاریش تێکدەشکێت و وتی: بەرخۆدانی ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبانێ ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە، لەو کاتەدا هەمووان لە پشت هێزەکانیانەوە بوون، خواردنیان بۆ ئامادە کردن و چارەسەری بریندارانیان کرد و ورەی شەڕڤانانیان بەرزدەکردەوە، ئێستاش گەل و شەڕڤانان بەم مۆڕاڵ و بەرخۆدانەوە دژی هێرشەکان دەوەستنەوە، داعش لە بەرخۆدانی کۆبانێ بە ڕۆحی تێکۆشان شکستی هێنا، ئەمڕۆش بەهەمان ڕۆحەوە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان وەستاوین، ئەو پڕۆسەیەی کە ئێستا گەلی کورد پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە هاودەنگی هەیە، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکاری زۆر پێویستە، یەکگرتوویی گەلان پلانەکانی داگیرکاری پووچەڵ دەکاتەوە، هەڵوێستی شەڕڤانان و گەل لەو هێرشانەدا ڕوونە، کەس ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت.