لە قەڵادزی خوێندکارانی قۆناغی ١٢ گردبوونەوە

ئەمڕۆ، خوێندکارانی قۆناغی ١٢ لە شارۆچکەی قەڵادزێ، گردبوونەوە و داوای کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵی خوێندن و درێژکردنەوەی کاتی خوێندنیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بایكۆتی مامۆستایان لە بەشێک لە خوێندنگەکانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە پێنج مانگە بەردەوامە و تائێستا هیچ داواکارییەکیان جێبەجێنەکراوە، ئەو خوێندنگانەشی دەستیان بە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ کردووەتەوە ناتوانن کۆی پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ تەواو بکەن.

 

ئەمڕۆ ١٩ی شوبات، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پشدەر لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی گردبوونەوە و چەند داواکارییەکیان خستەڕوو.

 

خوێندکاران وتیان: بەهۆی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنەوە باجی گەورە و قوڕس دەدین، بەهۆی ئەوەی کاتی یاسایی تێپەڕیوە و بەشێکی زۆری خوێندنمان فەوتاوە بەو ماوە کەمەی، کە ماوە ناتوانیین کۆی پڕگرامی خوێندن تەواو بکەین.

 

خوێندکاران داوایان لە هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان کرد لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ئەو داواکاریانە بکەنە مەرجی سەرەکی و  خۆپیشاندان بکەن.