لە ماوەی دوو ساڵدا ١٢٩٤ حاڵەتی توندوتیژی سێکسی لە سودان بەڵگەدار کراوە
تۆڕی ژنانی قەڕن ئەفریقی ''هاوار''، ١٢٩٤ حاڵەتی توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی لە ١٤ ویلایەتی سودان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ بەڵگەدار کردووە.
سودان
بەپێی ئاماری تۆڕی ژنانی قەڕن ئەفریقی"هاوار"، ٢٢٥ حاڵەتی منداڵان هەیە کە زۆربەیان کچن و تەمەنیان لە نێوان ٤ بۆ ١٧ ساڵدایە، کە تووشی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێ بوون، کە دەکاتە ١٨٪ی کۆی حاڵەتە بەڵگەدارەکان.
تۆڕی ژنانی قەڕن ئەفریقی''هاوار'' لە بەیاننامەیەکدا کە ١١ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە، ''هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەرپرسیارن لە زۆرینەی ڕەهای ئەم پێشێلکاریانە، چونکە ٨٧٪ی ئەو حاڵەتانەی کە ئەنجامدەرانی دەستنیشانکراون بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە''.
لە بەیاننامەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ٧٧٪ی ئەو حاڵەتانەی کە زانیاری وردیان بۆ بەردەستە، تاوانی دەستدرێژی بوونە، هەروەها ''سوپای سودان دەستگیرکردنی زیاتر لە ٨٤٠ ژنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بەڵگە کردووە، وەک وەد مەدنی لە ویلایەتی جەزیرە، قەزارف بەندەری سودان لە ویلایەتی دەریای سوور''.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، کە "توندوتیژی سێکسی لەم شەڕەدا سیستماتیکە و تەنها زیانی بەدیلگرتن نییە، بەو پێیەی کە پەیڕەو لە جموجۆڵەکانی ململانێکان دەکات و ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی کۆنترۆڵکردنی خاکە".
لە بەیاننامەکەدا تیشک خراوەتە سەر بەئامانجگرتنی نەتەوەیی، "کە ژنان و ژنانی گەنجی هۆزەکانی دارفور ڕاستەوخۆ کرانە ئامانج، لەنێویانداش هۆزەکانی مەسالیت، بێرتی، فەور و زەغاوە، هەروەها ژنانی چیای نوبە کە نیشتەجێی خەرتوم بوون، کراونەتە ئامانج و سووکایەتییان پێکراوە و تووشی ڕەگەزپەرستی کراون".
لە بەیاننامەکەدا باس لە زنجیرەیەکی سیستماتیکی توندوتیژی کراوە، کە لە سێ قۆناغی پەرەسەندندا پەرەی سەندووە لەگەڵ پێشڕەوی هێزەکان، کە بە شەپۆلێکی دەستبەسەرداگرتن دەستیپێکردووە، کە بە داگیرکردنی ماڵ و تاڵانکردن و دەستدرێژیکردن تایبەتمەندە، لەگەڵ چەسپاندنی کۆنترۆڵی سەربازی، پێشێلکارییەکان گۆڕان بۆ شەپۆلی دووەم، کە ژنان بە ئاشکرا لە شەقام و جیهانی گشتیدا کرانە ئامانج.
ڕوونیشیکردووەتەوە، "قۆناغی سێیەم توندترینە، بەو پێیەی دەستبەسەرکردنی ژنان بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو ماڵەکان یان ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی جۆرەها ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی بەکۆمەڵ و هاوسەرگیری زۆرەملێ ببنەوە".
جەختیشی لەوە کردەوە، کە "زیادبوونی حاڵەتەکانی هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری زۆرەملێ میکانیزمی نەرێنی ڕووبەڕووبوونەوەن یان لە ژێر هەڕەشەی ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرادا ئەنجام دەدرێن".