لە کۆیە "ماڵی مۆری" بۆ پاراستنی فۆلکلۆرو کولتووری رەسەنی کوردی کرایەوە
لە ئینستیوتی زەینەب خان ، "ماڵی مۆری" ،کرایەوە ئامانج لەکردنەوەی پاراستنی کولتوورو پاراستنی ڕەسەنایەتی جلوبەرگی کوردییە، هەروەها بازاڕێک دەبێت بۆ کڕین و فرۆشتنی سەرجەم جلوبەرگ و کەرەستەی بەکارهێنراوی ڕۆژانە.
شلێر کۆیی
کۆیە-کۆیە لانکەی ڕەسەنایەتی و جوانیی جلی کوردی، کاتێک باس لە جوانی و شکۆی جلی کوردی دەکەین ژنان و کچانی کوردستان تایبەت شاری کۆیە هەمیشە وەک سیمبولی ڕەسەنایەتی دەردەکەون. جلوبەرگی کوردی لە کۆیە تەنیا پارچە قوماشێک نییە بەڵکو چیرۆکی مێژوو هونەر و کولتوورێکی دێرینە کە نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە.
دوینی ١٣ی حوزەیران، لە ئینستیوتی زەینەب خان ، "ماڵی مۆری" کرایەوە ئامانج لەکردنەوەی ئەم ماڵە پاراستنی کەلتورو پاراستنی ڕەسەنایەتی جلوبەرگی کوردییە وە بازاڕێک دەبێت بۆ کڕین و فرۆشتنی سەرجەم جل وبەرگ و کەرەستەی بەکارهێنراوی ڕۆژانەی مرۆڤ لەکۆندا.
لاڤان ئەمیر حاجی ڕەزا، خاوەنی شوێنی مۆری وتی: ماوەی ١٧ساڵە کاری دیزاینی جلی کوردی دەکەم سەرەتا بەکڵاو کردن دەستمپێکرد دوایی وردەوردە پەرەمپێدا تا کردمە کارێکی سەرەکی بۆخۆم، ئەوەش بەهۆی ئەوحەزەی هەمبوو، دوایی پەیجێکم دانا لەوێوە دەستم بە فرۆشتن بەشێوازی ئۆنلاین کرد، دوای بیرم کردەوە شوێنی تایبەت بەخۆمم هەبێت تا خەڵکی ئاشنا بن بەکارەکانم، سوپاس بە ئەوشوێنە کەجێگایان پێدام، زۆر کەلوپەلی کەلەپوریشم هەبوو وتم لێرە کۆیان بکەمەوە، چونکە گرنگی ئەو شوێنە لەوەدایە ئەو شتانە بناسێنین بەنەوەی داهاتوو.
کنێر حاجی ڕەزا، ئامادەی مەراسیمی کردنەوەی شوێنەکە بوو وتی: کارەکانی لاڤە زۆر جوانەو زۆر گرنگە بۆ پاراستنی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و کەلوپەلی کوردەواری و هێشتنەوەو پاراستنی، جلی کوردیان زۆر بێ واتاکردبوو هیچی وەک خۆی نەماوە، ئەوەی لاڤە کردوویەتی لەسەر جلی کوردی زۆرجوانن وەک جلی نەنکەکانمان و دایکمانە کە دەیانپۆشی لەقەدیمدا، بۆیە دەستخۆشی لێدەکەم پێ خۆشحاڵبووم بەو پڕۆژەی، بەتایبەت لەو شوێنە کەلەپوری و شوێنەوارە کە شوێنێکی دڵگیری کۆنە.
شەهێن ئیبراهیم، بەبۆنەی کردنەوەی ئەو شوێنە تایبەتە بە جلوبەرگ و کەلەپورو کولتووری کوردی وتی: پاراستنی ئەو جلوبەرگە ڕەسەنانەو نوێکردنەوەیان زۆر گرنگە بیانپارێزین، بەتایبەت لە ئینیستیوتی زەینەب خان، چونکە زۆر حەڵک لە شارەکانی دیکەوە دێن سەردانی دەکەن، جاری وایە لەوڵاتانیشەوە دێن، بۆیە گەر بۆ فرۆشتنیش بن ئەوشتانە دەبنە هۆی ناساندنی بەهەمو جیهان و پاراستنی کولتوورەکەشە.