لە هەولێر ژنێک لەلایەن باوک و براو خاڵییەوە کوژرا

ئەو ژنەی لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر لەلایەن دوو کوڕەوە فڕێدرایە خوارەوە، ئەمڕۆ لەلایەن باوک، براو خاڵ و پورزاو خاڵۆزاکانییەوە کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ ١٧ی نیسان، لە شارەدێی دارەتووی شاری هەولێر، ژنێکی گەنج بە گولـلە کوژرا.

 

بەپێی وتەی دایکی ژنە گەنجەکە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیارییەکانی ئاشکرا کرد، ئاماژەی بەوەکرد، کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی ئەمرۆ کچەکەی لەکاتی خەودا بە ٧ گولـلە لە لایەن باوکی، برا و خاڵ و خاڵۆزاو پورزاییەوە کوژراوە.

 

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە لێدوانیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووداوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

 

هەر بەپێی وتەی دایکی ئەو ژنە گەنجە کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی پێدا، کچەکەی پێشتر لەلایەن دوو کوڕەوە لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان فڕێدراوەتە خوارەوە.

 

لەم مانگەدا ئەمە سێیەم ڕووداوی کوشتنی ژنانە لە هەرێم، کە ڕۆژی ٣ی نیسان لە هەولێر ژنێک بە دەستڕێژی گوللـە لەلایەن هاوژینی پێشووییەوە کوژرا، هەروەها ڕۆژی ٧ی نیسانیش ژنێکی دیکە بە شێوەیەکی گوماناویی کۆتایی بە ژیانی هات.