لە هەلومەرجی جیاوازدا لە یەک ڕۆژدا ١٠ کەس لە سووریا کوژران
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، گیان لەدەستدانی ١٠ کەسی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی سووریادا بەڵگە کردووە، کە ژنێک و منداڵێکیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ
ڕووداوەکانی کوشتن و لەسێدارەدان کە لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا ڕوودەدەن، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی گرژییە ئاسایشیەکانە لەو ناوچانەی کە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە کۆنترۆڵکراون، ئەمە دیارنەبوونی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا بپارێزێت.
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ١١ی ئایار بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٠
کەس کوژراون، لە ڕووداوەکانی تیرۆرکردنەوە تا لەسێدارەدانی مەیدانی و کوشتنی بەڕێکەوت.
ڕوانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، چوار کەس لە نزیک لیوای زاما لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژراون کە منداڵێکیان لە پێکهاتەی عەلەوییەکان بووە. لە باشووری شاری دارا، ژنێک گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی کوڕەکەی بە هەڵە تەقەی لێکرد. لە عەین جەماجمە، لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، سەرۆکی هاوکاریەک لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
ئەو ڕوانگەیە بڵاویکردەوە، دوو گەنجی درووز لە گوندەکانی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا لەسێدارەدراون، ئەمە چەند ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنیان. لە گوندەکانی ڕۆژئاوای حومس، تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئەندامانی حکومەتی کاتی سووریاوە دەستبەسەرکرا، لە مەیدانەکەدا تەقەی لێکراوە و لەسێدارەدرا. لە شاری حەما، کەسێک کە بە ماتۆڕسکیل بووە، لەلایەن دەستدرێژکارە نەناسراوەکانەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە، کە تۆمەتبارە بە هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سووریا.
کوشتن و لەسێدارەدان، کە لە سووریا ڕوودەدات، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی بەرچاوی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتی سووریادا ڕوودەدەن، لە نێوان بەردەوامی نائاسایشی و زۆری هێزی ئامادەبوون.