لە هایتی ٥.٧ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی یان ئاستی نائاسایی برسێتی دەبنەوە
لولا کاسترۆ، بەڕێوەبەری ناوچەیی بەرنامەی جیهانی خۆراک بۆ ئەمریکای لاتین و کاریبی، پشتڕاستیکردەوە کە نیوەی دانیشتوانی هایتی کە ٥.٧ ملیۆن کەسە، ڕووبەڕووی برسێتی یان ئاستی نائاسایی برسێتی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ
هایتی ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکان بووەتەوە، برسێتی مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروستکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیستەمی خۆراک و نائاسایشی کە بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکانەوە دروست بووە، بووەتە هۆی پەکخستنی دابینکردن و کەمبوونەوەی سەرچاوە سەرەکییەکان.
لولا کاسترۆ، بەڕێوەبەری ناوچەیی بەرنامەی جیهانی خۆراک بۆ ئەمریکای لاتین و کاریبی ئەمڕۆ ٣ی حوزەیران هۆشداری دا کە نیوەی دانیشتوانی هایتی کە پێنج ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسە، ڕووبەڕووی برسێتی یان ئاستی نائاسایی برسێتی بوونەتەوە، هەروەها پایتەختی پۆرت یان پرینسی پایتەخت بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی جیهان بۆ ژنان و کچان.
ڕایگەیاند، هایتی یەکێکە لەو وڵاتانەی ئاستی برسێتی کارەساتبار بەخۆیەوە دەبینێت، ململانێی وڵاتەکە سیستەمی خۆراک و زنجیرەی دابینکردنی لە پایتەخت و سەرتاسەری هایتی تێکداوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنان و کچان لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، شەش هەزار ژن و کچ ڕایانگەیاندووە کە تووشی جۆرێک لە توندوتیژی ڕەگەزی بوون، دۆخەکەی بە قووڵی کارەساتبار و قبوڵنەکراو پێناسەکردووە.
ئەو بەرپرسە هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەگەری هەیە هاوکارییەکانی بەرنامەی جیهانی خۆراک بۆ منداڵانی خوێندنگە کەمبکرێتەوە ئەگەر سەرچاوەی پێویست وەرنەگرێت، جەختیشی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی کارێک کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان بەردەوام بن لە چوون بۆ خوێندنگە و بتوانن بەردەوام بن لە کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.
لولا کاسترۆ ئاماژەی بەوەشکرد، وەرزی زریانەکانی ئەمساڵ بە ئاستی چۆڵ دەست پێدەکات، "ئێمە پشکی پێویستمان نییە بۆ یارمەتیدانی هیچ کەیسێکی فریاگوزاری، یان پارە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا"، کە پلانی وەڵامدانەوەی هایتی تەنها لە ٨%ی ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ ئەمساڵ وەرگرتووە.
هۆشداریدا لەوەی کە دۆخەکە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زریانەکانی زەریای ئەتڵەسی خراپتر دەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنها یەک زریان دەتوانێت جارێکی دیکە سەدان هەزار کەس لە هایتی بخاتە ناو کارەساتێکی مرۆیی و برسێتیەوە. داوای کرد هاوڵاتیانی هایتی لەبیر نەکرێت و پشتیوانییان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی کارەساتی گەورەتر ڕوونەدات.